ئاستی كۆلیستیرۆڵ و قژهەڵوەرین

ئاستی كۆلیستیرۆڵ و قژهەڵوەرین

كۆلیستیرۆڵ Cholesterol ماددەیەكی مۆمیی چەورە، لە هەموو خانەكانی لەشدا هەیە، لەش بۆ دروستكردنی چەند هۆرمۆنێك و ڤیتامین D و ماددەی دیكە بەكاری دەهێنێت، هەروەها هاندەرە بۆ كرداری میتابۆلیزمی لەش، واتە گۆڕینی خۆراك بۆ وزە. یەكێك لە فرمانەكانی جگەر بریتییە لە بەرهەمهێنانی كۆلیستیرۆڵ، جگەر نزیكەی 80%ی كۆلیستیرۆڵی لەش دروست دەكات، بەشەكەی دیكەی كۆلیستیرۆڵ لە خۆراكەوە دەگاتە لەش. بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خوێن حاڵەتێكی زۆر مەترسیدارە، چونكە دەبێتە هۆی گیرانی خوێنبەرەكان، هەروەها پەیوەندیی هەیە بە زیادبوونی ئەگەری نۆرەی دڵ و جەڵتەی مێشك. جگە لەمانە، لێكۆڵینەوەكان ئاماژەیان بەوە كردووە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ بەتایبەتی كۆلیستیرۆڵی خراپ LDL هاندەرە بۆ زیاد هەڵوەرینی قژ. توێژەرانی زانكۆی جۆن هۆپكنزی ویلایەتی ماریلاندی ئەمەریكی جەختیان كردووەتەوە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵ هۆكارە بۆ تەنكبوون و سپیبوونی پێشوەختەی قژ، بەتایبەتی لەو كەسانەدا كە خۆراكی دەوڵەمەند بە چەوری و كۆلیستیرۆڵ بە بڕی زیاد دەخۆن. لە لایەكی دیكەدا، لێكۆڵینەوەكانی زانكۆی كیرالا Kerala لە هیندستان ئەمەیان ڕوون كردووەتەوە كە ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵی خوێن كاریگەریی نەرێنی دەكات سەر ڕەنگی قژ لە ڕێگەی كەمبوونەوەی هاتووچۆی خوێن و هاندانی كرداری بەڕیشاڵبوونی Fibrosis ڕەگەكان هاوكات لەگەڵ هەوكردندا. لە توێژینەوەكاندا باسی ئەمەش كراوە كە قژهەڵوەرینی پەیوەست بە ئاستی كۆلیستیرۆڵ لە پیاو و ئافرەتدا جیاوازیی هەیە، بۆنموونە ئاستی بەرزی كۆلیستیرۆڵی خراپ لە ئافرەتدا هاندەرە بۆ تەنكبوونی قژ، كەچی لە پیاودا ئاستی نزمی كۆلیستیرۆڵی باش HDL بەهۆی كاریگەری هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن هاندەرە بۆ تەنكبوونی قژ لە جۆری نێرینەیی Male pattern.

Top