بودجەی بۆ دابین بكرێ ئاستی یاریزانانی كورد زۆر باشە
ئەحمەد جەبار یاریزانی پارائۆڵۆمپی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری ئۆڵۆمپیادی پاریس دەكات
بودجەی بۆ دابین بكرێ ئاستی یاریزانانی كورد زۆر باشە
یاری تایكواندۆ هەر چەندە لە ئێستادا لە رێگەی چەند هۆلێكی وەرزشیی لە شارەكانی كوردستان هەوڵی زیندووكردنەوەی ئەم یارییە دەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن كێبڕكێ ووڵاتانی جیهانی بكەن، یانەكان تاكو ئێستا هیچ گرنگییەكی ئەو تۆیان بەم یارییە نەداوە، وەكو یارییە كۆمەڵەكان تیپی بۆ دروست بكەن، بەڵام یاریزانان و ئاشقانی ئەم یارییە بەردەوام لە ئامادەكاریدان و لە چەندین ئیڤێنتی نێودەوڵەتی لەسەر ئەركی خۆیان بەشدار بووینە و ئەنجامی گەورەیان بۆ كوردستان بەدەست هێناوە، یەكێك لە یاریزانە بەتواناكانی ئەم یارییەش كە بەردەوام گرنگی بەتواناكانی خۆی دەدات دەیەوێت لە داهاتوو وەكو ئەستێرەیەكی كوردی بەشداری كێبڕكێیە ئۆڵۆمپیادی پاریس بكات وەكو یاریزانێكی پاڕا ئۆڵۆمپی و سەری كوردستان بەرز بكاتەوە ئەویش یاریزان ئەحمەد جەبار-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 1996 پارێزگای هەولێر، ناوبراو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراقە و بۆ هەریەك لە یانەكانی چۆمان و خەبات و حەشد و زیقار یاری كردوە، ئێمەش لە نزیكەوە چەند پرسیارێكمان لێكرد سەبارەت بەم وەرزشە، ئەویش وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵانی دایەوە.
*ئاستی یاری تایكواندۆ چۆن دەبینی بە شێوەیەكی گشتی لە كوردستان؟
- زۆر باشە ئەگەر پاڵەوانێتی بكرێتەوە و بودجەی بۆ دابین بكرێ ئاستی یاریزانانی كورد زۆر باشە.
*بەرێوەنەچوونی پاڵەوانێتی زۆر تا چەند كاریگەری هەیە لە سەر ئاستان؟
-گرنگترین كار لەم یارییە ئەوەیە كەوا بە بەردەوام پاڵەوانێتی بۆ ئەنجام بدرێت، چونكە بە نەكردنەوەی پاڵەوانێتی یاریزانان خۆشەویستی بۆ ئەم یارییە نامێنێ و سارد دەبێتەوە لەم وەرزشە، بە نەبوونی پاڵەوانێتی ئەم یارییەش بوونی نابێ.
*لە ئێستادا بە بۆچوونی چی بكرێت باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە؟
- سەرەتا پێویستە بەشە بودجەیەكی زۆر باشی بۆ دابین بكرێ، بەشێك لە ڕاهێنەران لەم یارییە دوور بخرێنەوە، چونكە بوونە هۆكار بۆ ئەوەی ئەم یارییە بەرەوپێش نەچێت، ئەگەر ئەم كارانە ئەنجام بدرێت ئاستی یاری تایكواندۆ دەچێتە قۆناغێكی باشتر و بە كردنەوەی پاڵەوانێتی زۆر باشتر دەبێت.
*گرفتی یارییەكانی تایكواندۆ لە چی دەبینی زیاتر؟
- بەڕاستی لەحەسوودی نێوان ڕاهێنەران دەبینمەوە كە چاویان بە یەكتر هەڵناێت، هەر ڕاهێنەرێك یاریزانێكی باش دروست بكەن دژایەتی دەكڕێن، ئەگەر ڕاهێنەران دەست لە ناو دەست بن كاری زۆر باش دەكەن و هەڵبژاردەی عێراقی هەمووی دەبێتە كورد.
*چ هەستێكت هەیە دوو كار لە یەك كاتدا ئەنجام دەدەی، وەرزش و كاركردن؟
- بەڕاستی ناچارییە دوو كار دەكەن وەرزش و كار، چونكە زۆر هیلاك دەبین ئەگەر كار نەكەین ناتوانین وەرزشی تایكواندۆ ئەنجام بدەین.
*بە نیازی چیت بۆ داهاتووی خۆت وەكو یاریزانێكی پاڵەوان؟
- تەنیا ئامادەكاری بۆ ئۆلۆمپیاد دەكەم، هانی هەموو یاریزانانیش دەدەم كەوا لە هەوڵی خۆیان بەردەوام بن بۆ گەیشتن بە هەڵبژاردەكانی عێراقی بۆ پاڵەوانێتیەكانی ئاسیا.
*بڕیارت نەداوە قوتابخانەیەكی گەورە بكەیتەوە لەم یارییە بۆ خاوەن پێداویستی تایبەت و هەموویان كۆبكەیتەوە لە ژێر سێبەری خۆت؟
-بە دڵنیاییەوە ئەگەر حكومەت هاوكاریم بكات هەموو یاریزانە خاوەن پێداویستیەكان دەنێرمە دەرەوە بۆ پاڵەوانێتیەكان ئەوە خەونی منیشە.
*داواكاری و پێشنیارت بۆ لایەنی بەرپرسی وەرزشی؟
- داواكارم لەلایەنی وەرزشی كەوا پشتگیری هەموو وەرزشوانان بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ئاستێكی باش.
*خەونی وەرزشیت چیە وەكو یاریزانێك؟
- تەنیا بەدەست هێنانی مەدڵیایەك ئۆلۆمپیاد بۆ كوردستان بهێنمەوە.
*بەهیوای ئەوە نیت هەڵبژاردەی كوردستان دروست بكرێ و تۆش یەكێك لە یاریزانەكانی بیت؟
- ئەو هەموو هیوایەكی منە، ئەگەر ڕاهێنەرانیش لەگەڵ یەك تەبا نەبن هیچ كات ئەوە ڕوونادات.
*ئامادەكاریت چۆنە بۆ ئۆڵۆمپیادی پاریس؟
- ئامادەكاری زۆر باشم ئەنجامداوە و خوای گەورە پشت و پەنا بێت ئەنجامی زۆر باش بەدەست دەهێنین.
* بەچ یاریزانێكی جیهانی سەرسامیت؟
-بە یاریزانی جیهانی ئەبو هۆش زۆر سەرسامم.
*گرێبەستت پێشكەش نەكراوە لە یانەكان؟
- بەڵێ لە یانەی زیقار گرێبەستم بۆ هاتبوو ئێستا یاریزانی ئەوانم بۆ ماوەی یەك ساڵ.
*ئەگەر شتێكت ماوە لە كۆتایدا؟
- زۆر سوباس بۆ گۆڤاری گوڵان بەهیوای ئەوەم هەموومان یەك بگرین بۆ ئەوەی یاری تایكواندۆ بەرەووپێش بچێت.