*سکرتێرى گشتیى YNDK سەردانى قەزاى خەلیفان دەكات* غەفوور مەخموورى: پێویستە هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوکارو پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بن
هەڵگورد شێخ نەجیب: بەرنامەمان هەیە زیاتر خزمەتى دەڤەرى سۆران بکەین و کۆمەڵێ پڕۆژەى ستراتیژى گرنگ لە دەڤەرەکەدا ئەنجامبدەین
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ 1 / 08 / 2024، سکرتێرى گشتیى YNDK سەردانی قەزاى خەلیفان-یان كردو، لەدیدارێكدا لەگەڵ سەرپەرشتیارى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و قایمقامى خەلیفان باسیان لە رەوشی دەڤەرەکەو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى کوردستان لە دەڤەرەکەدا كرد.
پێشنیوەڕۆى ئەمڕۆ پێنجشەممە، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK بەیاوەرى هەڤاڵان (د. شاخەوان خالید کارگێڕى مەکتەبى سیاسى و پاڵە گەردى و قەهار مەخموورى و شاکر هاشم ئەندامانى مەکتەبى سیاسى و مەعروف وسو ئەندامى یەدەگى کۆمیتەى سەرکردایەتى و بەرپرسى هەرێمى سۆران و عوسمان باڵابەرز و مەهدى رواندزى کارگێڕانى هەرێمى سۆرانى YNDK) سەردانی قەزاى خەلیفان-یان كردو، لە دیوانى قایمقامییەتى قەزاى خەلیفان بەگەرمی لەلایەن بەڕێزان (هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و مەغدید عەریف ئەحمەد گرتکى قایمقامى قەزاى خەلیفان)ەوە پێشوازیكران، لە دیدارێکى برایانەدا، رەوشی دەڤەرەکەو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى کوردستان لە دەڤەرەکەدا کرا و، سكرتێری گشتیى YNDK وێڕاى دەستخۆشى لە بەڕێزان بۆ کارکردنیان بە دڵسۆزى بۆ خزمەتکردنى دەڤەرەکە، کۆمەڵێ سەرنج و پێشنیارى خستەڕوو بۆ ئەنجامدانى پڕۆژەى ستراتیژى لە دەڤەرەکە و، ئاماژەى بەوەدا کەوا دەڤەرى بارزان و سۆران و باڵەکایەتى و خەلیفان و ناحیە و گوندەکانى ئەو دەڤەرە بە درێژایى مێژوو لانەى شۆڕش و راپەڕینەکانى کوردستان بوونە و، بەردەوام حکومەتە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق زولمیان لەو دەڤەرە کردووە، بۆیە لە ئێستادا پێویستە بە هەموو لایەکمان خزمەتى ئەو دەڤەرە بکەین، هەروەها غەفوور مەخموورى جەختیکردەوە سەر ئەوەى کەوا پێویستە هێزو لایەنە سیاسییەکانى کوردستان هاوکارو پشتیوانى حکومەتى هەرێمى کوردستان بن لەپێناو زیاتر خزمەتکردنى گەلى کوردستان.
هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، پوختەیەکى سەبارەت بە ئەنجامدانى پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە دەڤەرەکە خستەڕوو و، ئاماژەى بەوەدا کەوا بەرنامەیان هەیە زیاتر خزمەتى دەڤەرەکە بکەن و کۆمەڵێ پڕۆژەى ستراتیژى گرنگ لە دەڤەرەکەدا ئەنجامبدەن، هەر لە دیدارەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، سوپاس و پێزانینی خۆیانى بە سكرتێری گشتی و سەركردایەتیی YNDK بەرامبەر ئەو سەردانەو هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی YNDK سەبارەت بەپرسە نەتەوەیى و نیشتمانییەكان راگەیاند.