ئیبراهیم ئەلسمێدعی ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گوڵان: بارزانی پێگە و قورساییەكی گەورەی لە گۆڕەپانی نێوخۆیی و دەرەكیدا هەیە و سەرۆكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و خەباتی مێژوویی نەتەوەی كوردە
ئیبراهیم ئەلسمێدعی، ڕاوێژكاری محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و سیاسەتمەدار و پارێزەرە، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق مستەفا كازمی و سەلیم ئەلجبوری سەرۆكی پێشووی پەرلەمانیش بووە. ئەلسمێدعی سیاسەتمەدار و لێكۆڵەری سیاسییە، بە هۆی ڕاوبۆچوونەكانییەوە لە سەردەمی حكومەتەكەی كازمی كە پۆستی ڕاوێژكاری هەبووە، خراوەتە زیندانەوە. ناوبراو پاڵپشتیی گفتوگۆی سیاسی دەكات بۆ چارەسەری سەرجەم كێشە سیاسییەكان لەژێر سەقفی دەستوور و یاسادا. هەرچەندە سمێدعی لەگەڵ ئەزموونی ڕاپرسی بۆ چارەنووسی گەلی كوردستان نەبوو، بەڵام بە یەكێك لە بەرگریكارانی ماف و تایبەتمەندییەكانی كورد و ئەزموونی فیدڕاڵی و بەدەستهێنانی تەواوی مافەكانی گەلی كورد دادەنرێت لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئەم كەسایەتییەدا سازدا.
* سەرۆك بارزانی لە دواسەردانیدا بۆ بەغدا، زنجیرەیەك دیداری لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و سەركردە عێراقییەكان ئەنجام دا. وەكو شارەزا و توێژەرێكی ناسراوی عێراقی خوێندنەوەت بۆ ئەم سەردانە و ئەو گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوە چییە؟
- سەردانەكەی بەڕێز مسعود بارزانی بۆ بەغدا بە سەردانێكی گرنگ و مێژوویی دادەنرێت، بارزانی جگە لەوەی پێگە و قورساییەكی گەورەی لە گۆڕەپانی نێوخۆیی و دەرەكیدا بە هەر دوو دیوی عەرەبی و نێودەوڵەتییەوە هەیە، سەرۆكی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و خەباتی مێژوویی نەتەوەی كوردیشە. بەڕێز مسعود بارزانی لە گرنگترین سەركردەكانی دامەزرێنەری عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسییەكەی بووە و ڕۆڵی لە ڕاگرتنی سەلامەتیی پرۆسە سیاسییەكە و گەیشتن بە بونیادنانی دەوڵەتێكی پتەوی دیموكراتی هەیە، لە كاتی ناكۆكییە سیاسییەكاندا پشت و پەنا بە بارزانی دەبەسترێت، هەر كاتێكیش لە پرۆسەی سیاسی و دامەزراندنی حكومەت و ناكۆكییە سیاسییەكاندا هەوڵەكان بێهودە دەبوون و كێشەكان ئاڵۆزییان تێ دەكەوت و چارەسەرەكان شكستیان دەهێنا، ئا لێرەدا ڕۆڵ و پێگەی بارزانی دەردەكەوێت، هەروەكو چۆن لە دوای ساڵی 2003 توانی كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی و ئاڵۆزییەكانی ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق بكات و سیستمێكی نوێی سیاسی لە عێراقدا بونیاد بنێت.
* بەرنامەی سەردانەكەی سەرۆك بارزانی هەمە لایەن بوو. كۆبوونەوەی لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كرد، بە شیعە و سوننەوە، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە نییەتێك هەیە بۆ ڕاستكردنەوەی كۆی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا؟
- هەمووان لە بەغدا باوەڕی تەواویان بە كەسایەتیی ئەم سەركردە گەورەیە و هەڵوێستە جوانەكان و ڕاستگۆییەكانی هەیە، تەنانەت ئامادەیی سازشی تێدایە لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و هەڵوێستی نیشتمانی و ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسیدا، بۆیە ڕای زۆربەی سیاسییەكانی عێراق لەسەر سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا باش بوو، بەڕێز سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانەكەی بەڕێز بارزانی بە سەردانێكی گرنگ دادەنێت، بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم و هێوركردنەوەی دۆخەكە لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییە نوێ و كۆنەكان. بە خۆشحاڵییەوە سەردانەكەی بارزانی لە كاتێكدا هات كە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران لە هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان و نزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتنی نێوان هێزە سیاسییەكان بوو، تاوەكو زەمانەتی سەقامگیری بۆ دەوڵەتی عێراق و پرۆسەی سیاسی بكات، لە ماوەكانی ڕابردووشدا نییەتێكی باشی پێشكەش كرد بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان. لەمەش گرنگتر سەرۆك وەزیرانی عێراق زۆر بە جددییەتەوە كاری بۆ كەمكردنەوەی گرژییەكان و ململانێكان كردووە، كە چەند هێز و لایەنی سیاسی دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامیان داوە. لە كاتێكدا تەنانەت هەرێم ئەو هەنگاوە بوێرانەی نەناوە بۆ كەمكردنەوەی ئەو بارگرژییانە. ئێمە ڕێز لە هەرێم و ئەزموونەكەی دەگرین و بە ئەركی سەرشانی خۆمانی دەزانین پارێزگاری لەم ئەزموونە دەستووری و شەرعییە بكەین، هەر ناكۆكی و كێشەیەكیش لە نێوان هەرێم و ناوەند هەبێت، لە ڕێگەی دەستوور و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتنی هاوبەشەوە چارەسەر دەكرێت نەك بە بارگرژی و توندوتیژی و دەمارگیریی نەتەوەیی نێوان پێكهاتەكانی عێراق، دواجار پلان و بەرنامە وەزارییەكەی سەرۆك محەمەد شیاع سوودانی بۆ خزمەتكردنی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقە بە جیاوازیی ڕەگەزنامە و ئایین و بیروبۆچوون و مەزهەبەكانیانەوە، بە بێ جیاوازی بە شیعە و سوننە و كوردەوە، لەم ڕوانگەیەوە پێم وایە ئەمڕۆ هەلێكی زێڕین لە نێوان هەموو لایەنە سیاسییەكاندا هەیە، تاوەكو لە ڕێگەی گفتوگۆوە زیاتر لێك نزیك ببنەوە.
* كۆبوونەوەی سەرۆك بارزانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت قسە و باسێكی زۆری لەسەر كرا. وەكو ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەم كۆبوونەوەیە لەگەڵ ئەو هاوپەیمانێتیەدا تاچەند بە گرنگ دەزانیت؟
- سەردانەكەی بارزانی بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی گرنگ بوو، لەمەش گرنگتر پەیامێك بوو بۆ هاووڵاتیانی هەرێم و عێراقی فیدڕاڵ، سەبارەت بە پرسیارەكەشتان بێگومان دیدارەكان و كۆبوونەوەی بارزانی لەگەڵ سەركردە باڵاكانی دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسی و سەركردە نوێیەكانی ناو ئەم پرۆسەیە بایەخی تایبەتی خۆی هەیە. هەندێك لەم سەركردە نوێیانە دابڕانیان لەگەڵ هەرێم و سەركردایەتییەكەی هەبووە، بەم سەردانەش بارزانی سەلماندی كە سیاسەتكردن و سەركردایەتیكردن تەنیا هونەری ئەگەرەكان نییە، بەڵكو هونەری بەرپرسیارێتیشە، لەلایەكی دیكەوە ئەم سەردانە متمانەیەكی گرنگی بەخشییە هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت وەكو هاوپەیمانێتییەكی فەرمی بۆ بەڕێوەبردنی حكومەتی خزمەتگوزاریی نیشتمانی و كۆتاییهاتنی پێكدادان و بارگرژی و دابڕانەكان و بەكارهێنانی زمانی هەڵچوون و بارگرژییەكان، بەو ئومێدەی هێز و توانایەكیشی دابێتە پێكهاتەی سوننە بۆ یەكلاكردنەوەی بەربژێرەكەیان بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان.
* بەڵام لەم كاتەدا حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، ئەویش خراپبوونی دۆخی كارەبا و خزمەتگوزارییەكان و دەركەوتنی خۆپیشاندانەكانە لێرە و لەوێ. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا تاچەند ئەم حكومەتە توانای هەیە بەسەر ئالنگارییەكاندا زاڵ ببێت بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی ناو هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەتیش شانازی بەم پاڵپشتیكردن و سەركەوتنەوە بكەن و جیاوازیش بن لەحكومەتەكانی پێشوو؟
- ئێمە هەموو دەستكەوت و ئالنگارییەكانی حكومەتەكانی پێش خۆمان ئینكار ناكەین، حكومەتەكانی پێشوو ڕووبەڕووی تیرۆر و ناسەقامگیری بوونەوە و لە بارودۆخێكی نزیك شەڕی ناوخۆدا بوون، هەروەها سەرقاڵی شەڕی ئازادكردنی ناوچەكانی عێراق بوون لە دژی داعش، وێڕای هەموو بارودۆخە ئاڵۆزەكان توانرا هێزە ئەمنییەكانی سوپا و حەشد و پێشمەرگە لە گۆڕەپانی شەڕدا یەك بخەن. هەموو حكومەتەكان بە حكومەتەكەی سوودانییشەوە فشاری سیاسیی نێوخۆ و دەرەكیی توند و سەختیان لەسەر بووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت جیاواز بین لەوانی دیكە و كۆنتڕۆڵی بارگرژی و ناكۆكییەكان بكەین و بانگەشە بۆ گفتوگۆ و بەشداریی هەمووان لە بڕیارە نیشتمانییەكاندا بكەین و، كاریگەرییەكانی دەرەكی و دەستتێوەردان لە دژی بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان نەهێڵین. من لەگەڵ زۆر لە حكومەتەكاندا كارم كردووە و بەرپرسیارێتیم هەبووە، لە هەمووی شەرەفمەندی سیاسیی زیاتر هەڵبژاردنم بوو لەلایەن بەڕێز سەرۆك وەزیرانەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ تیمە سیاسی و حوكمڕانییەكەیدا كار بكەم، لە نزیكەوە نییەت و كاری جددیی سەرۆك وەزیرانم بینی، كە چۆن بۆ خزمەتكردنی عێراقییەكان بێ جیاوازی بە شەو و ڕۆژ كاری بۆ دەكات. بەڕێز سوودانی پلان و خواستی گەورەی بۆ بونیاتنانی ژێرخانی وڵات هەیە، گەورەترین پلانی بۆ دروستكردنی ڕێگەوبان و پردەكان جێبەجێ كرد، لە سەردەمی ئەو دا گەورەترین نەخۆشخانەكان لە مێژووی عێراقدا دروست كران و زیاتر لە 3000 پڕۆژەی ستراتیژی دەست بە جێبەجێكردنەوەی كرا، كە پێشتر لە نێوان دوو سێ حكومەتدا جێبەجێ نەكرابوون. ئەوەی ئاماژەت پێ كرد لە بواری كارەبادا تەنیا كاتی پێویستە، ئەوەتا حكومەتەكەی سوودانی سەرقاڵی جێبەجێكردنی شۆڕشێكە لە بواری چارەسەركردنی كێشەی كارەبا و زیادكردنی بەرهەم و چارەسەری بارزۆریی گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبا و بەستنەوەی تۆڕی كارەبای نیشتمانی بە وڵاتانی دراوسێوە، لە مێژووی عێراقدا ژینگەیەكی وا بۆ پەرەپێدانی وەبەرهێنان دابین نەكراوە. پڕۆژەی ستراتیژیی میترۆ لە بەغدا دەست پێ دەكات و فڕۆكەخانە و ڕێگەی شەمەندەفەڕ و گواستنەوە پێش دەخەین، دەستمان كردووە بە هەنگاونان بەرەو هاوبەشیكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئێمە و هەرێمی كوردستان وەكو نەتەوەیەكی عێراقیی بەشدار واین و چارەنووس و قەدەرمان یەكە و جیاوازیی پێكهاتە و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی ناو عێراق سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندیمانە.
من باش دەزانم لە واقیعێكی پڕ لە كێشە و ناكۆكیی نێوان پێكهاتە و حزبە سیاسییەكان و میلیشیاتە چەكدارەكاندا دەژین. ناكۆكیی نێوان كورد و كورد و سوننە و سوننە و شیعە و شیعە بوونی هەیە، ئاستەنگی گەورە لە بەردەم چارەسەری گەندەڵی و دیاردەی چەكداریدا هەیە، لەگەڵ ئەمانەشدا حكومەتەكەی سوودانی توانی پارێزگاری لە هاوسەنگی و بێلایەنی بكات و بارودۆخەكەی هێور كردەوە بە هەنگاوە زیرەك و زانستییەكانی، كاریش زۆر كراوە و پێویستیمان بە كات نییە تاوەكو دەرئەنجامەكەی ببینین. ئێمە ناكۆكی و كێشەمان لەگەڵ كورد لەسەر دەسەڵاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و دەسەڵاتەكانی هەرێم هەیە، بەڵام هەوڵەكانیشمان بەردەوامە بۆ چارەسەری سەرجەم كێشەكان، كێشەمان لەگەڵ كورد هەیە ئەوەتا بانگهێشتی بارزانی دەكەین و بە گفتوگۆ و بە ڕەچاوكردنی بەرژەوەندیی هەموو عێراقییەكان چارەسەری دەكەین، ڕانەوەستاوین و كاری باش بۆ هاووڵاتیان و دەوڵەتی دامەزراوەیی دەكەین و وەزیفەی حكومەت وەزیفەی دەوڵەتە، تەنانەت دیراسەی ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش دەكەین. ئەوەتا لە نێوان هەردوو حزبی دەسەڵاتدا بۆ ئیدارەكردنی هەرێم ناكۆكی هەیە، بەڵام حكومەتێكی هاوبەش بە شێوەی تەكنۆكرات و بێلایەن كارەكانی خۆی دەكات و ڕانەوەستاوە. ئێمە بڕوامان وایە بە نزیكبوونەوە لەگەڵ یەكتر و بە تێپەڕبوونی كات هەموو برینەكان سارێژ دەبن و دیمەنی بەرژەوەندیی هاوبەش و سوودی بۆ هەموو عێراقییەكان جوانتر دەردەكەوێت و خەڵكی خۆیان ڕاوبۆچوونی توندوتیژ و دژایەتی و خۆڵكردنەچاوی خەڵك ڕەت دەكەنەوە. ئەو كات هێزە سیاسییەكانیش ناچار دەبن، زیاتر سازش بۆ یەكتر بكەن، چونكە متمانە زیاتر دەبێت و خەڵكی ڕوو لەو لایەن و هێزانە دەكات كە وتە و قسەكانی بەڵێن و كردارن و لە ئەرزی واقیعدا كاری گەورە و گرنگ دەكەن، نەوەكو ئەوانەی بیروبۆچوونی توندوتیژی و ڕەتكردنەوەی بەرانبەریان هەیە. عێراق لە 20 ساڵدا شەش حكومەتی بەخۆیەوە بینی، ئێستا بۆ یەكەمینجار دەرفەت و هەلی زێڕین هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی بی بێ گرژی و شەڕ و ئاژاوە حكومەتی خزمەتگوزاری كاری خۆی بكات.
* پێت وانییە حكومەتی عێراقی بەرانبەر دەستتێوەردانی دەرەكی بۆسەر سیادەی عێراقی كەمتەرخەمە، بەتایبەت سەبارەت بەو شەڕەی كە لە نێوان سوپای توركیا و پەكەكەدا دەگوزەرێت؟
- زیاتر لە 40 ساڵە بارگرژی و تەواجودی پەكەكە لە قەندیل و شریتی سنووریی نێوان توركیا و ئێران هەیە، ململانێی نێوان توركیا و ئێران لە ناو خاكی سووریا و لە عێراقیشدا ڕەنگدانەوەی بەسەر ئەم واقیعە تاڵەوە هەیە، هەریەكە هەوڵی پاڵپشتیی چەكداری هێزەكانی تایبەت بە خۆیان داوە و هاووڵاتیانی سووریا باجێكی زۆر ناخۆش و ئازاربەخشیان داوە، ئێمەش نامانەوێت بە هەمان ئەزموونی ئەواندا تێپەڕ بین. هەمووان دەزانن پەكەكە بە سوودوەرگرتن لەم واقیع و ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە، وردە وردە لە كۆمەڵێك چەكداریی هەڵهاتووی قەندیلەوە بوونەتە ڕێكخراوێكی تیرۆریستیی گەورە و مەترسیدار، ئەوان تەنیا هەڕەشە نین لەسەر تێكدانی پەیوەندیی نێوان توركیا و عێراق، بەڵكو بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی شنگال و مووسڵ و كەركووك و بەغداش، دەبێ بە عەقڵانی و بێ سۆز و نەزانین كار بكەین، لە بەرژەوەندیی ئێمەی عێراق و هەرێمی كوردستاندا نییە، بچینە ڕووبەڕووبوونەوەیەك لەگەڵ دراوسێكەماندا لەبەر خاتری چاوی پەكەكە، هەروەكو چۆن لە بەرژەوەندیی ئێمەدا نییە كە سەربازەكانمان ڕەوانەی شەڕی نێوان جەندرمە و پەكەكە لە سەختترین و ئاڵۆزترین ناوچەدا بكەین. ئێمە دژی دەستتێوەردانی سوپای توركیاین بۆ ناو سنوورەكانمان، ئامادەشین حزبی كرێكارانی وەكو پەناهەندە و ئاشتیخواز لەخۆ بگرین و بیانپارێزین، بەڵام دواجار ئەمە لە نێوان حكومەتی توركیا و حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بە هەماهەنگی و گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن چارەسەر دەبێت. لە ئێستادا دیراسەی ڕێگەچارەكان لە نێوان بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە دەكرێت بۆ دوورخستنەوەی ئەم مەترسییە و پاراستنی گیانی چەكدارەكانمان و ڕێزگرتن لە سیادەی سنوور و تەنانەت پاراستنی پەكەكە، ئەگەر ئارەزوویان لێبوو وەكو پەناهەندە لەخۆیان بگرین، بێ ئەوەی خاك و سنووری ئێمە بەكار بهێنێن بۆ هێرشكردنە سەر دراوسێكانمان.