ئەحمەد حەسەن چالاكی سیاسی: ڕۆڵ و پێگەی بەهێزی سەرۆك بارزانی دیار و بەرچاوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان تاوەكو بە هێزەوە ڕووبكەینە بەغدا
یەكێك لە هونەرەكانی سیاسی و سەركەوتنی حوكمڕانی كاروچالاكیی دیپلۆماسی و ڕێككەوتن و گفتوگۆ و دانوستاندنە لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی عێراق بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، ئەمە وێڕای زامنكردنی ماف و شایستە داراییەكانی خەڵكی كوردستان. بۆیە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا دەسەڵاتی سیاسیی كوردستان و هەردوو سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی خۆیان بەگەڕ بخەن، لە پێناو گەیشتن بە ڕێككەوتن و چارەسەركردنی كێشەكانی كورد لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ لە بەغدا، لەمەشدا ڕۆڵ و پێگەی بەهێزی سەرۆك بارزانی دیار و لەبەر چاوە، بۆ كۆكردنەوەی هەمووان و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوخۆ تاوەكو بە هێزەوە ڕووبكەینە بەغدا، هەر ئەمەش چاوەڕوان دەكرێت لە سەرۆك بارزانی كە هەموو تەمەنی خۆی وەكو پێشمەرگەیەكی كوردستان بۆ خزمەتی نەتەوەكەی و سەرجەم نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان تەرخان كردووە، هەر ئەمەش تاكە هیوای گەلی كوردە بۆ ئەوەی هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی كوردستان لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلەكەی كۆبكاتەوە و بە هێزەوە ئاراستەی گفتوگۆ و دانوستانەكانی بكات. ئەوەتا هەموومان دەیبینین سەرۆك بارزانی چۆن لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراق و لەناو هێزەكانی هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی ماف و ئامانجە ڕەواكانی گەلی كورد تێدەكۆشێت.
كورد لەم قۆناغە زۆر پێویستی بە كاری دیپلۆماسی و خەباتی سیاسی هەیە. تا ڕاددەیەكی باش بە هەڵسەنگاندنی دۆخی نێوخۆی عێراق و ناوچەكە سەرۆك بارزانی توانیویەتی ببێتە پارێزەر و بەرگریكاری سەرسەختی دۆزی ڕەوای گەلەكەی. هەمووان ئەو واقیعە دەزانن لەناو ناكۆكی و ناتەبایی نێوان حزبە كوردستانییەكان لەلایەك و نەیاران و دوژمنانی كورد لەناو هەندێك هێز و لایەنە سیاسییەكانی عێراق و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ ئیقلیمییەكان كاری دیپلۆماسی كارێكی ئاسان نییە، بەتایبەتی كە وڵاتانی دراوسێی هەرێمی كوردستان ترس و دڵەڕاوكێیان لە پرسی كورد بەگشتی لە ناوچەكە هەیە و بەهەستیارییەوە دەڕواننە بارودۆخی هەرێمی كوردستان، لەلایەكی دیكەوە عێراق بە درێژایی مێژوو كاتێك لاواز بووە یان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردی نەوێراوە، پەنای بردووەتە بەر گفتوگۆ و دانوستاندن و كاتێكیش بەهێز بووەتەوە، نەك دانوستانەكانی هەڵوەشاندووەتەوە، بەڵكو بڕوای بە دۆزی ڕەوای گەلی كورد و مافە سەرەتاییەكانیشی نەماوە و پێشێلی ماف و دەستكەوتەكانی كردووین.
لایەنێكی دیكە كە دەخوازم ئاماژەی پێ بدەم، ناكۆكی و ناتەبایی و دژایەتیكردنی نێوان حزبە كوردستانییەكان و لایەن سیاسییەكانی نێوخۆی هەرێمە، بە ڕاددەیەك ئەم ناكۆكی و ناتەباییە زیانی گەورەی بە بەهێزی و پێگەی هەرێمی كوردستان گەیاندووە. ئۆپۆزسیۆن بەو واتایە نایەت كە تۆ حكومەت بڕووخێنیت و وەكو هێزێكی لاواز نیشانی بدەیت لەلای حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق. ئێمە لە قۆناغێكی ڕاگوزەرین بۆ قۆناغی ڕزگاریی نیشتمان و بەهێزبوونی قەوارەی هەرێمی كوردستان، بەداخەوە زۆرجار پەیوەندیی حزبی كوردستانی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی عێراق یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دابەزیوەتە خوارەوە و لەسەر حیسابی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان بووە. پێویستە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێنە بنەما بۆ كاری دیپلۆماسی و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا.