شێخ ئیبراهیم ئەلدلێمی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی سیادە: زۆر جار من و سیاسییەكانی دیكەی عێراقیش دەمانگوت پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراق بەشێك لە ئەزموونی هەرێم بۆ بەغدا بگوازینەوە
شێخ ئیبراهیم ئەلدلێمی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی هاوپەیمانیی سیادەیە و وتەبێژی فەرمی هۆزەكانی ئەنبارە و ڕاوێژكاری باڵای ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە و، یەكێكە لە كەسایەتیە سیاسی و دیارەكانی عەرەبی سوننە و ڕۆڵێكی دیاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا هەیە و، بەردەوام لە كەناڵە عەرەبی و عێراقی و كوردستانییەكان قسەی ڕاشكاوی خۆی هەیە. لە گفتوگۆی ئەمجارەدا (مامەڵەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕووداوەكانی عێراق و ناوچەكە) زۆر بە ڕاشكاوانە بیروبۆچوون و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خۆی بەم جۆرە خستەڕوو.
بەناوی خوای بەخشندە و میهرەبان
بەناوی خۆم و شێخەكانی ئەنبار و بە ناوی تەواوی گەلی عێراقەوە سوپاسێكی بێ پایان پێشكەشی سەركردایەتیی حەكیمی هەرێمی كوردستان دەكەم، بۆ بانگهێشتكردنمان بۆ ئەم گفتوگۆ گرنگە و هەروەها بۆ ئەو پێشوازییە ئاستبەرزەی لێیان كردین.
ئەم گفتوگۆیە بۆ ئەوەیە بیروبۆچوونەكانی خۆمان لەسەر ئەو خاڵانەی ناكۆكیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵییە بخەینە ڕوو.
پێش هەموو شت، كەس ناتوانێت نكۆڵی لەوە بكات، كە هەرێمی كوردستان بەشێكی نەك هەر گرنگ، یان ژیاری، بەڵكو بەدیتنی من كۆڵەكەیەكی سەرەكییە بۆ دەوڵەتی عێراق، واتە هەرێمی كوردستان كۆڵەكەیەكی سەرەكییە بۆ سەقامگیری و بڕیار و سەرەوریی عێراق.
بۆ ئەوەی ئەم گفتوگۆیە بەرهەمی باش بێت، ئەوا دەبێت زۆر ڕاشكاوانە قسە بكەین. ئەوەش جێگەی خۆشحاڵییە كە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لێرە ئامادەن. بە بۆچوونی من هۆكاری سەرەكی بۆ كۆی كێشەكان، تاكڕەویی حكومەتەكانی پێشووی عێراق بووە لە بەغدا، كێشەیان لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكان دروست كرد و بە تاكڕەوی بڕیاریان دەركرد.
ئەگەر پیتەكان خاڵبەند بكەین، ئەمڕۆ لە عێراقدا پێكهاتەی شیعە ڕۆڵی براگەورەی لە پرۆسە سیاسییەكەدا هەیە. هەر دوو پێكهاتەی كورد و عەرەبی سوننە هاوبەشی سیاسین لەگەڵ برایانی توركمان و تەواوی پێكهاتەكانی دیكەش.
من سەرنج دەدەم دەبینم بەشێك لە نوێنەرەكان توندڕەون لە بۆچوونەكانیان و ئەوانن كە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسە سیاسییەكە دروست دەكەن. ئێمە وەك پێكهاتەی عەرەبی سوننە، گلەییمان لە نوێنەرانی كورد و هەندێك لە نوێنەرانی شیعەش هەیە، لەبەر ئەوەی ئێمە ماوەی 21 ساڵە زوڵمێكی زۆرمان لێ دەكرێت، كاتێك لە كورد نزیك دەبین، شیعە نیگەران دەبن و بەپێچەوانەشەوە كە لە شیعە نزیك دەبین كورد نیگەران دەبێت، لەسەر ئەم پرسە نموونەیەكی سەردەمی ڕژێمی بەعس دەگێڕمەوە. من لەسەردەمی ڕژێمی بەعس گیرام لەوێ پێیان گوتم «تۆ خائین و تاوانباری». گوتم: وەڵڵا وانییە برادەرایەتی كورد دەكەم، پێم دەڵێن تۆ پێشمەرگەی، برادەرایەتی شیعە دەكەم پێم دەڵێن تۆ ئەندامی حزبی دەعوەی. ئەم پرسە ئێستا بە جۆرێكی دیكە خۆی دووبارە كردووەتەوە.
كێشەی ئێمە كێشەی لێبوردنی گشتییە، كە دیارە ئەم بڕیارە تەنیا عەرەبی سوننە لێی سوودمەند نابێت بە تەنیا، بەڵكو كورد و عەرەبی شیعەش زیندانییان هەیە، بەڵام بەشی زۆری ئەو زوڵمە بەر پێكهاتەی عەرەبی سوننە دەكەوێت، بۆچی ئەو خەڵكانە لە زیندانەكاندا بمێننەوە؟.
من لەم هۆڵەدا بە دەنگی بەرز داكۆكی لە مافەكانی برایانی كورد دەكەم و لە بەردەم سەركردایەتیی كوردستاندا دەڵێم: نابێت پرسی مووچەی فەرمانبەران تێكەڵی سیاسیەت بكرێت و نابێت فەرمانبەرانی هەرێم مووچەكانیان تێكەڵی كێشە سیاسییەكان بكرێن. بۆیە ئێمە هەموو پێكهاتەكانی عێراق داكۆكی لە مافە هاوبەشەكانمان نەكەین، ئەوا دەبێت ئەوە بزانین لایەنی شیعە كە ئێستا لە دەسەڵاتدان و بوونەتە «برا گەورە» ئەوانیش ئامادە نابن گوێ لە خواستەكانمان بگرن، بۆیە ئەم لێكتێگەیشتنە زۆر پێویستە.
خاڵێكی دیكە كە دەمەوێت وەك هۆكاری سەرەكی بۆ كەڵەكەبوونی كێشەكان و نەبوونی چارەسەر بۆیان دەستنیشانی بكەم، هۆكارەكەی دەستووری عێراقی ساڵی 2005 ـە كە زۆر پەلەی تێدا كرا و هەڵەیەكی زۆریشی تێدا تێپەڕی و بەو هەڵانەشەوە دەنگی لەسەر درا، لە دەنگدانەكەش ساختەكاری كرا، لەبەر ئەوەی هەر سێ پارێزگای «ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەدین» دەنگیان پێ نەدا.
دەستووری عێراق لە پرسی نەوت و گاز، هەروەها لە پرسی دەسەڵات و دابەشكردنی داهات هەڵەی گەورەی تێدایە.
لەم پرسەدا پێویستە برایانی كورد زۆر باش بزانن لە پارێزگاكانی عیمارە و ناسریە و بەسرە و پارێزگاكانی دیكەی بەرهەمهێنەری نەوت، بە هەزاران هاووڵاتی پەیوەندی دەكەن و پێمان دەڵێن « بۆچی دەبێت ئێمە هاووڵاتیانی عیمارە و بەسرە و ناسریە و پارێزگاكانی دیكەی بەرهەمهێنەری نەوت، تەنیا دووكەڵ و نەخۆشی و سەرەتانەكەی بۆ ئێمە بێت و پارەكەشی بڕوات بۆ بەغدا و هەرێمی كوردستان؟» سەرنج بدەن بەغداو كوردستان پێكەوە گرێ دەدەنەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە هەڵەكە لە چیدایە وا ئەم دەنگانە دروست دەبن؟ بێگومان هەڵە دیدوتێڕوانینی هاووڵاتیانی ئەو پارێزگایانە نییە، بەڵكو هەڵەكە لە بەرنامەی وەزارەتی كاری حكومەتی عێراقە، كە لاوەكانیان بێكارن و توانای دابینكردنی هەلی كاری نییە. وەزارەتی كار لە پارێزگاكانی باشوور مۆڵەت بە كۆمپانیا بیانییەكان دەدات بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت بە كرێكاری بیانی (هیندی و پاكستانی) بكەن، هەر یەك لەو كرێكارانە مانگانە چەند هەزار دۆلار مووچە وەردەگرن، ڕێگە نادات گەنجەكانی خۆمان لەو كۆمپانییانە كار بكەن كە بە چەند سەد دۆلارێك ڕازی دەبن.
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی و باقی حزبەكانی دیكە لە هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی، من وای دەبینم لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا، نەوەیەكی تازەی سەركردەی سیاسی دەركەوتوون كە وەك نەوەی یەكەم بیر ناكەنەوە و تمووحیان هەیە و پەنا بۆ ڕێگەی جیاواز دەبەن. لەسەردەمی خوالێخۆشبوو مام جەلال لەگەڵ بەڕێز مسعود بارزانی پێكەوە زۆر كێشەیان تێپەڕاند و پێكەوە بەرگرییان لە كوردستان كرد و قوربانییان لە پێناوی دا و بونیادیشیان نایەوە. تەنانەت زۆر جار من و سیاسییەكانی دیكەی عێراقیش دەمانگوت پێویستە بۆ ئاوەدانكردنەوەی عێراقیش بەشێك لە ئەزموونی هەرێم بگوازینەوە بۆ بەغدا.
خاڵێكی دیكە كە گرنگە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، ئەو «وەرەقە سیاسییە» بوو بۆ پێكهێنانی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی، لەم وەرقەیەدا ئێمە و برایانی كوردیش بەردەوام جەختمان لەسەر سێ پرسی گرنگ دەكردەوە «هاوبەشی، هاوسەنگی، پێكەوەسازان»، بەڵام وەك ئێستا دەبینین برامان سوودانی كار بە هەندێك لە بڕگەكانی ئەو وەرەقە سیاسییە ناكات كە ڕێككەوتنمان لەسەر كردووە.
لێرەوە و بە ڕێگەی ئەم كۆنگرەیە بە شێوەیەكی فەرمی داوا لە سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان و لە سەرووی هەموویانەوە بەڕێز مسعود بارزانی دەكەم، كە نوێنەرانی خۆیان لەبەغدا بەو شێوە ئاراستە بكەن كە لەناو پەرلەمانی عێراق گوشار دروست بكەن بۆ هەندێك لە یاساكان هەموار بكرێنەوە، ئەو وەرەقە سیاسییە كارا بكەنەوە كە ئیمزامان لەسەر كردووە. من وەك نوێنەری هاوپەیمانیی «سیادە و عەزم و حەسم» پشتگیری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین لە داوا ڕەواكانی گەلی كوردستان، بەڵام لە بەرانبەردا داوا لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش دەكەم پشتگیری داوا ڕەواكانی عەرەبی سوننە بكەن، پێش ئەوەی بچینە بەغدا لەسەر بیروبۆچوونی هاوبەش ڕێك بكەوین، ئەوجا بچین ئەم بۆچوونە هاوبەشانە پێشكەشی سوودانی بكەین بۆ ئەوەی بتوانین هەندێك لە ئاراستەكانی پرۆسەی سیاسی ڕاست بكەینەوە و كێشەكانمان چارەسەر بكەین.
بێگومان ئەگەر ئێمە هەموومان نەبین بە یەك دەست، ئەوا دەوڵەتی عێراق هەر بە فشۆڵی دەمێنێتەوە و، ئەوجا ئێران بە ئارەزووی خۆی دەستتێوەردان دەكات، توركیاش بە ئارەزووی خۆی چیاكانی كوردستان بۆردومان دەكات و باقی دەوڵەتانی دیكەی دراوسێ دەستتێوەردان دەكەن. با لە خۆمان بپرسین ئەوا ماوەی 21 ساڵە ڕژێمی پێشوو ڕووخاوە، ئایا گەلانی عێراق لە باكوور و باشوور چ سوودێكیان لێ بینیوە؟
گەلی عێراق پاڵەوانە و دەتوانێت ئەم واقیعە بگۆڕێت. مێژوو پێمان دەڵێت، ئایا گەلی كوردستان پاڵەوان نییە كە دەیان ساڵ لەو چیایانە مقاومەی كردووە، ئایا شیعە پاڵەوان نییە كە لەسەردەمی سەدام توانیان هۆزەكان ئازاد بكەن؟ ئایا عەرەبی سوننە پاڵەوان نییە كە ڕژێمی سەدم كەسانی وەك محەمەد مەزڵوومی دەرخواردی سەگەكان دەدا؟
بۆیە ئێستا پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی مەلامستەفای نەمر و ئەو سەردەمەی مام جەلال و كاك مسعود بارزانی سەركردایەتیان دەكرد، ڕاستە ئەو كاتەش كێشە و ناكۆكی هەبوو، بەڵام كێشەكان بە لێكتێگەیشتن چارەسەر دەكران، بەڵام ئەو نەوە نوێیەی ئێستا سەركردایەتی دەكات، توانای لیكتێگەیشتنی كەمە بۆ ئەوەی لە قسەی «برا گەورە»كەی یاخی بێت، پەنا بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئێران و هەندێك لایەن لە بەغدا و نەجەف و كەربەلا دەبات.
لەسەر ئەم پرسە ئاماژە بە سەردانێكی بەڕێز خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادە دەكەم كە منیشی لەگەڵ بووم بۆ لای بەڕێز مسعود بارزانی سەبارەت بە چارەسەركردنی كێشەی هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان، لەو دانیشتنەدا لەگەڵ بەڕێز بارزانی گەیشتینە ئەو چارەسەرەی ئەگەر یەكێك لە پاڵێوراوەكان لە خولی یەكەمی دەنگداندا پێشكەوت، ئەوا لە خولی دووەمی دەنگداندا هەردوو هاوپەیمانیی « سیادە و عەزم»یش دەنگ بەو پاڵێوراوە بدەن بۆ ئەوەی كێشەكە كۆتایی بێت.
من وخەمیس خەنجەر دانیشتبووین سەیری پرۆسەی دەنگدانمان دەكرد و دەنگەكانی شەعلان سەركەوت بۆ 152 دەنگ، لەم كاتەدا بەڕێز بارزانی تەلەفونی بۆ خەمیس خەنجەر كرد و پێی گوت: «بۆ بەڵێنی خۆت بەوەفا بە»، ئەمەش واتا لە خولی دووەم نوێنەرەكانی ئێمەش دەنگ بە شەعلان بدەین، بەڵام بەداخەوە چەند پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی تەقەدوم بە ڕێككەوتن لەگەڵ چەند پەرلەمانتاری كوردی یەكێتی نیشتمانی پرۆسەكەیان تێكدا و نەیانهێشت خولی دووەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت.
خاڵێكی دیكە كەوەك گلەیی ئاراستەی هەرێمی كوردستانی دەكەم، پرسی بازگەكانی كوردستانە، بەڕاستی لەو بازگانە گەنجانێك هەن ئێمەومانان ناناسن، كاتێك دەگەینە بازگەكان و ناسنامەی خۆمان و پیشەی خۆمانیان پێ دەڵێین، ڕەچاوی پلە و پۆستی ئێمە ناكەن و لەگەڵ خەڵكی ئاسایی هیچ جیاوازیمان ناكەن. ئەمە وادەكات زۆر جار ئاستەنگ بۆ كارەكانمان دروست بێت. بۆیە لە ڕێگەی ئەم كۆنگرەیەوە داوا لە وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم كە موڵەتی نشینگە «ئیقامە»مان بۆ دەر بكات، بۆ ئەوەی بتوانین بە فڕۆكە بێین بۆ كوردستان و لەو كێشەیە ڕزگارمان ببێت.
لە دوماهی ئەم گفتوگۆیەدا، داواتان لێ دەكەم زیاتر گفتوگۆ لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكانی ئەم نیشتمانە هەبێت، لەم گفتوگۆیەدا كە برایەكی كوردی ئێزدی لەگەڵمان بەشدار بوو، كۆمەڵێك زانیاریی پێ گوتین من پێشتر نەمبیستبوو، ئەوە یەكەمجارە گوێبیستی ئەوە دەبم كە لە 100 گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان هەتا ئێستا 49 گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵنەدراوەتەوە، ئەم زانیارییانە بۆ ئێمە گرنگە، چونكە خەڵكانی وەك ئێمە بەردەوام لە تەلەفۆنە عەرەبییە نێودەوڵەتەكان كۆی كەناڵەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان قسە دەكەین، ئەم زانیارییانەمان لابێت، ڕای گشتی لەسەر دروست دەكەین.