غەفوور مەخموورى بۆ رادیۆى (نون)ى ئوردەنى : لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئێمە بەغدا بە بەرپرس دەزانین

غەفوور مەخموورى بۆ رادیۆى (نون)ى ئوردەنى : لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئێمە بەغدا بە بەرپرس دەزانین

 


غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى YNDK لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رادیۆى (نون)ى ئوردەنى باسى لە رەوشى سیاسیى کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد و، وتى کوردستان بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە کەوا پەیوەندییەکى هاوسەنگ و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان و گەلانى ناوچەکە بنیات بنێت.
ئێوارەى ڕۆژى دووشەممە رێکەوتى 08 / 07 / 2024، غەفوور مەخموورى سکرتێرى گشتیى یەکێتى نەتەوەیى دیموکراتى کوردستان YNDK لەلایەن راگەیاندنکارى ناسراوى ئوردەن بەڕێز (سەمیر ئەلحەیارى بەڕێوەبەرى گشتیى ئاژانسى هەواڵى عەمون) بۆ بەرنامەى (المسافة صفر)ى رادیۆى (نون)ى ئوردەنى میواندارى کرا و، لە گفتوگۆیەکى فراوان سەبارەت بە رەوشى کوردستان و عێراق و ناوچەکە تیشکى خستە سەر دوا گۆڕانکارى و پێشهاتە سیاسییەکان و، سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان بەغداو هەولێر وتى: (هەوڵى زۆر هەیە بۆ خاوکردنەوەى گرژییەکان و چارەسەرکردنى کیشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا ، سەرۆک مەسعود بارزانى رێبەرى گەلى کوردستان لە چەند رۆژى رابردوودا سەردانى بەغداى کردو لەگەڵ بەڕێز سەرۆک وەزیرانى عێراق و ئەنجوومەنى نوێنەران زۆربەى لایەنە سیاسییەکانى عێراق کۆبۆوەو، وەک هەمیشە ئامادەیی خۆى نیشاندا ئەوەی لەتوانایدا بێت هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی کێشەکان چارەسەربکرێن و دۆخی سیاسیی کوردستان و عێراق باشتر بکرێت، بێگومان زۆر جار کیشە لە نێوان هەولێرو بەغدا هەبووەو گەمارۆى سیاسى و دیپلۆماسى خراوەتە سەر کوردستان، بەڵام بە هەوڵ و تێکۆشان و سیاسەتى حەکیمانەى سەرۆک مەسعود بارزانى کێشەکان چارەسەر کراون و گەمارۆ سیاسى و دیپلۆماسییەکانى سەر کوردستان تێکشێنراون.).
مەخموورى سەبارەت بە دۆسیە کێشە لەسەرەکانى نێوان هەولێرو بەغدا بۆ رادیۆى (نون) وتى : (گرنگترین دۆسیەى کێشە چارەسەرنەکراوەنى نێوان هەولێرو بەغدا بریتین لە جێبەجێنەککردنى ماددەى ١٤٠ ى دەستتورى عێراق کە تایبەتە بە ئاساییکردنەوەى رەوشى کەرکوک و مەخموورو ناوچە دابڕێنراوەکانى دیکەى کوردستان ونەناردنى بەشە بودجەى کوردستان لە بودجەى گشتیى عێراق و بڕینى شایستە داراییەکانى کوردستان لە لایەن حکومەتى عێراقەوە لە ساڵى ٢٠١٤ ەوە تا ئێستا، هەروەها چارەسەرنەکردنى پرسى نەوت و غازو هاوکارینەکردنى هێزەکانى پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەکانى کوردستان، ئەمانە دۆسیەى سەرەکى کێشەکانمانن لەگەڵ بەغدا، لە چارەسەرنەکردن و یەکلانەکردنەوەى ئەو کێشانە ئێمە بەغدا بە کەمتەرخەم و بەرپرس دەزانین، حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەوڵەکانیدا بەردەوام بووە بۆ ئاساییکردنەوەى پەیوەندییەکانى هەولێر و بەغدا، ئەمەش خواستى حکومەتى کوردستان بووەو لەم رووەوە هەموو ئیلتیزاماتێکى خۆى بەرامبەر حکومەتى فیدرالى عێراق بەجێهێناوەو لەم پێناوەشدا جەنابى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان چەند جارێک سەردانى بەغداى کردووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتى عێراق بەڵێنەکانى خۆى بەجێنەگەیاندووەو تا ئێستاش جدى نیە لە چارەسەرکردنى کێشەکان.).
مەخموورى سەبارەت بە شێوازى بەڕێوەبردنى هەرێمى کوردستان بۆ رادیۆى (نون) دواو وتى: (جەنابى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى کوردستان دیدگایەکى نوێى هەیە بۆ بەڕێوەبردنى کوردستان، لە سەرەتاى دەستبەکاربوونیەوە هەوڵى زۆرى داوە بۆ بە دامەزراوەییکردنى دەزگاو دامەزراوەکانى کوردستان و لەم رووەوە کارى گرنگى ئەنجامداوە، سەرەڕاى ئەو کێشەو گرفتانەى کەوا رووبەڕووى کوردستان دەکرێنەوە لە لایەن عێراق و وڵاتانى دەوروبەر، حکومەتى کوردستان توانیویەتى خۆڕاگرانە رووبەڕووى ئاستنەگ و کێشەکان ببێتەوەو، بەرەو پێشەوە هەنگاوبنێت.).
لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى، تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەو جیهان و، وتى : (لە رووى دیپلۆماسییەوە کوردستان پەیوەندى دۆستانەى لەگەڵ وڵاتانى ناوچەکەو زۆربەى وڵاتانى عەرەبى و بەشێکى زۆرى وڵاتانى جیهان هەیە و، کوردستان بەردەوام لە هەوڵى ئەوەدایە کەوا پەیوەندییەکى هاوسەنگ و دۆستانە لەگەڵ وڵاتان و گەلانى ناوچەکە و جیهان بنیات بنێت).
لە درێژەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى تیشکى خستە سەر پەیوەندییەکانى ئوردەن و کوردستان و، سەبارەت بە پەیوەندییەکانى نێوان ئوردەن و کوردستان وتى : (گەلى کوردستان هەمیشە بە چاوى رێزەوە دەڕوانێتە گەلى ئوردەن و، هەڵوێستى خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵاى دووەم و حکومەتى ئوردەن بەرامبەر گەلى کوردستان جێگەى رێزن، دەتوانین بڵێین پەیوەندییەکانى ئوردەن و کوردستان نموونەیین، پەیوەندییەکانى نێوان ئوردەن و کوردستان مێژوویین و لە باڵاترین ئاستدان، کوردستان خوازیارە ئەو پەیوەندییانە زیاتر بەرەو پێشەوە بچن.).
لە تەوەرێکى دیکەى چاوپێکەوتنەکەدا مەخموورى تیشکى خستە سەر رەوشى ئاسایش و ئارامى کوردستان و وتى: : (هێزەکانى ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگەى کوردستان لەماوەى رابردوودا و تا ئێستاش سەرکەوتووانە پارێزگارییان لە هێمنى و ئاسایشى کوردستان کردووە، ئەو ئارامییەى لە کوردستان هەیە وایکردووە کەوا پارێزگاکانى دیکەى عێراق خۆزگەى پێ بخوازن، ئەمەش وایکردووە هەولێر و کوردستان ببنە وارگەیەکى ئارام بۆ کوردستانییان و تەواوى عێراقییەکان.).
هەر لە چاوپێکەوتنەکەدا غەفوور مەخموورى سەبارەت بە پێکەوەژیانى پێهاتەکانى کوردستان وتى: (کوردستان مێرگى ئاشتى و برایەتى و تەبایى و پێکەوەژیانە، ئەگەر سەیر بکەین ئەو پێکەوەژیانەى لەنێوان پێکهاتەکانى کوردستاندا هەیە، بۆتە نموونەیەکى زیندوو لە ناوچەکەدا، ئەمەش وایکردووە کەوا کوردستان ببێتە ئارامترین ناوچە، ئێمە شانازى بەو پێکەوەژیانەى کوردستان دەکەین و هەوڵدەدەین کەوا کوردستان وەک هەمیشە بە مێرگى پێکەوەژیان بمێنێتەوە.)، هەروەها وتى: (لەسەر هەموو لایەکمان پێویستە لەسەر هەموو ئاستەکاندا کاربکەین بۆ بڵاوکردنەوەى رۆشنبیرى یەکترقبوڵکردن و قوڵکردنەوەى زیاترى گیانى برایەتى و تەبایى و پێکەوەژیان.).
شایانى باسە چاوپێکەوتنەکە یەک کاتژمێرى خایاند و مەخموورى سەبارەت بە چەندین و پرس و بابەتى دیکەى پەیوەست بە رەوشى کوردستان و عێراق روانینى خۆى خستەڕوو.

 

میدیا - عەمان :

غەفوور مەخموورى بۆ رادیۆى (نون)ى ئوردەنى : لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئێمە بەغدا بە بەرپرس دەزانین
غەفوور مەخموورى بۆ رادیۆى (نون)ى ئوردەنى : لە چارەسەرنەکردنى کێشەکانى نێوان هەولێرو بەغدا ئێمە بەغدا بە بەرپرس دەزانین
Top