نمایشی یارییە ئاگرینەکان لە پەرستگایەک لە هیندستان کارەساتی لێکەوتەوە
لە ئەنجامی ئاگرەکەدا زیاتر لە ١٥٠ کەس بریندار بوون
لە کاتی نمایشکردنی یارییە ئاگرینەکان لە فستیڤاڵێك لە یەکێک لە پەرستگاکانی ویلایەتی کیرالا لە باشووری هیندستان بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە ١٥٠ کەس بریندار بوون.
ڕۆژنامەی "ئیندیا تودەی" بە ئاماژەدان بە بەرپرسانی پۆلیسی هیندستان نووسیویەتی لە ئەنجامی ئەو ئاگرکەوتنەوەیەی کە لە کاتی نمایشەکەدا ڕوویدا، زیاتر لە ١٥٠ کەس برینداربوون، کە هەشت کەسیان باری تەندروستییان ناجێگیرە.
وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە ئەم ڕووداوە لە كۆگایەكی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان ڕوویداوە، بەرپرسان ڕایانگەیاند: کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە هۆکاری ئەم ئاگرکەوتنەوەیە دەستیپێکردووە.
بە وتەی هەمان بەرپرسان، بەرپرسانی پەرستگاکە ڕێكارەكانی ئەمنییان پەیڕەو نەكردووە و پابەند نەبوون بە پرۆتۆکۆڵی ئەمنی و مۆڵەتی پێویستیان بۆ نمایشکردنی تەقەمەنی و یارییە ئاگرینەکان وەرنەگرتووە.
گوڵان: سەردار خەلیل