سهرۆكی حکوومەت پێشوازی له وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا دەکات

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا كرد، لە دیدارەكەدا سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی ئەڵمانیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد،
ئهمڕۆ چوارشەممە 30/10/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی له شاندێکی ئەڵمانی بە سەرۆکایەتیی پەرلەمانتار سیمتیێ میولەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کرد.
لە کۆبوونەوەدا پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بارودۆخی ئەمنی و سەربازیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانی و هاریکاریی ئەڵمانیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، هەروەها پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.
دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.