زەیــنـــەب مــــوراد فـــەیـــلـــی ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە بەلجیكا بۆ گوڵان:   پێویستە بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی كوردی فەیلی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی بكرێت

زەیــنـــەب مــــوراد فـــەیـــلـــی  ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە بەلجیكا بۆ گوڵان:     پێویستە بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی كوردی فەیلی لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی بكرێت

 

 

 

كورد بە هەموو پێكهاتەكانیەوە لە ناو دەوڵەتی عێراقدا هەر لە پادشایەتییەوە تاوەكو كۆماری ڕووبەڕووی سڕینەوەی ناسنامەی بووەتەوە و بەردەوام پەراوێز خراوە و كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی دەرهەق ئەنجام دراوە. كارەساتی جینۆسایدی كوردی فەیلییش وەكو پێكهاتەیەكی ڕەسەنی كورد هەر لەم چوارچێوەیەیەدا هاتووە، بۆ داگیركردنی زەوی و خاكی كوردان و كەمكردنەوەی ڕێژەی كورد لە بەغدا، ڕەگەزنامەیان لێ سەندراوەتەوە و زۆربەیان بە زۆرەملێ ڕاپێچی وڵاتی ئێرانیان كردوون. گۆڤاری گوڵان لە زنجیرە دیدارەكانیدا بۆ هەڵدانەوەی ئەم جینۆسایدە، چەند پرسیاری ئاراستەی زەینەب موراد فەیلی، كەسایەتیی ناسراوی ناو كوردی فەیلی و ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لە بەلجیكا كرد و، بەم جۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

 

* بەو پێیەی لە نەوەدەكانەوە كار لەسەر كەیسی جینۆسایدی كوردی فەیلی دەكەیت، دەكرێت سەرەتای پرسیارەكەمان بەوە دەست پێ بكەین، بۆچی كوردی فەیلی لەناو چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا كەوتوونەتە بەر ئەم شاڵاوەی جینۆساید؟

- كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی دژ بە كوردە فەیلییەكان جینۆسایدێكی مرۆیی و نەتەوەییە و دەچێتە قالبی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە، چونكە ئامانج لێی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی و كەلتووری نەتەوەیەكە، بێ گوێدانە یاسا و عورفی نێودەوڵەتی و مافەكانی مرۆڤ لە عێراقدا، هەر لەبەر ئەوەی كورد لە ڕووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە جیا بوون، بە زۆرەملێ ڕاپێچی ئێرانیان كردن و ماڵ و سامانیان تاڵان كران و گەنجەكانیان ڕاپێچی زیندانەكان كران، لەوێشەوە گەنجە زیندانیكراوەكان ژمارەیەكی زۆریان بێسەروشوێن كران و كوژران. تاوانەكە ئەوەندە قێزەوەن بووە، دەچێتە چوارچێوەی ڕەشبگیری و لەناوبردنی بەكۆمەڵەوە. ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق بەتایبەتی بەعسییەكان نەك تەنیا وەكو هاووڵاتی پلە دوو سەیری كوردی فەیلییان دەكرد، بەڵكو وەكو هاووڵاتییەكی پاشكەوتەی ئێران مامەڵەیان لەگەڵ كردوون، لەكاتێكدا لە ئێرانیش كوردە فەیلییەكان وەكو ئێرانی مامەڵەیان لەگەڵ نەدەكردن، لە ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەریشدا ژمارەیەكی زۆریان بە هۆی خراپیی باری تەندروستی و خراپیی بژێوی ژیانیان كۆچیان كرد. من باوكم ماوەیەكی زۆر لە كوردستان خۆی حەشار دابوو، بەڵام كەسوكار و خزمەكانمان و گەنجەكانیان خستە ناو زیندانەكانەوە. من بە منداڵی لەگەڵ دایكم دەچووم بۆ ئەبوغرێب بۆ سەردانی زیندانەكان، تا ئەو كاتەی گەنجە كوردە فەیلییە زیندانیكراوەكانیان ناردە زیندانی نوگرەسەلمان، لەوێوە زیاتر لە حەوت كاتژمێر ڕێگامان دەكرد بۆ سەردانیكردنیان، بەداخەوە لە ساڵی 1985 پەیوەندی و سۆراخیان بچڕا.

* جگە لە ناو جەرگەی بەغدا، كوردی فەیلی لە ڕۆژهەڵاتی دیجلەش بە درێژایی سنوورێكی فراوان خاوەنی باخ و بێستان و گوندی خۆیان بوون، لەوێش پێش جەنگی ئێران و عێراق و لەكاتی جەنگەكەشدا كەوتنە بەر شاڵاوی دەركردن و ڕاگواستنەوە. ئایا ئەم واقیعە تاڵە تا چەند زیانی لە گۆڕینی تۆپۆگرافیای ناوچەكە داوە؟

- كوردی فەیلی لە بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە خاوەن پێگەیەكی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیی بەهێز بوون و بەشدارییەكی كارایان لە زۆربەی جووڵانەوە ئازادیخوازەكان هەبووە، بەتایبەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد و لەناو حزبە عێراقییەكان و كوردستانییەكانیش ڕۆڵ و پێگەیان لەبەرچاو بووە، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ ژمارەی زۆری كوردی فەیلی لەسەر خاكی ڕەسەنی باوك و باپیرانیان، ئەوان تەنیا لەبەر پێكهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەكەیان كەوتنە بەر ئەم شاڵاوە ڕەگەزپەرستییە و تاكو ئەمڕۆ تۆپۆگرافیای ئەم ناوچانە گۆڕدراون و زۆربەی باغخ و بێستان و گوندەكانیان تەعریب كراون.

* وەكو ئافرەتێكی كوردی فەیلی كە خێزانەكەتان ڕووبەرووی ئەو كارەساتە گەورەیە بوونەوە، بەتایبەتی بۆ ئێوەی ئافرەتان تا چەند بارگرانی و ئازارەكانی جینۆساید و كوشتنی گەنجەكان و زیندانیكردنی پیاوەكان و داگیركردنی ماڵ و حاڵتان تراژیدیایەكی ئەستەم بوو؟

- تاوانی جینۆسایدەكە تەنیا كوشتنی گەنجەكانمان و بزركردنیان و زیندانیكردن و داگیركردنی ماڵ و حاڵ نەبوو، بگرە لەناوبردن و قڕكردنی خێزانە كوردە فەیلییەكان بوو. ژیانی ئاوارەبوون و بەخێوكردنی منداڵ و بەڕێوەبردنی خێزانەكانیان دوور لە پیاوەكانیان، بۆ ئافرەتانی فەیلی ئازارێكی دیكەی جەرگبڕ بوو. ژنانی كوردی فەیلی لە دڵەڕاوكێ و ترس و تۆقانێكی گەورەدا درێژەیان بە ژیان دا. حزبی بەعسی عێراق تەنانەت دەستی بۆ پیرۆزییەكانی خێزانیش برد، كاتێك بە بڕیارێكی مەجلس قیادەی سەورە ئەوەی ئافرەتێكی كوردی فەیلی هێنابوو، لە مێردەكەی جیایان كردەوە، ئەوەشی ڕازی نەبووایە، ڕەگەزنامەیان لەویش وەردەگرتەوە و دەربەدەر دەكرا. لە ناو زیندانەكانیشدا پیاوانی ڕژێمی بەعس وەحشییانە دەستدرێژی و ئەشكەنجەی ئافرەتانی كوردی فەیلییان داوە، ژمارەیەكیشیان لە سێدارە دراون، وەكو لەیلا قاسم و چەندین ئافرەتی دیكەی كوردی فەیلی، هەندێك بنەماڵەی كوردی فەیلی بە تەواوەتی لەناو براون و تاكو ئێستا سۆراغیان نییە.

* تاوانێكی وا قێزەوەن و دڕندانە كە دەرهەق بە كوردی فەیلی لە عێراقدا ئەنجام دراوە، بۆچی نەكرا بە تاوانێكی جینۆسایدی نێودەوڵەتی، تاوەكو جگە لەوەی قەرەبووی ماددەی و مەعنەوی بكرێنەوە، هاوكات جارێكی دیكە پێگە و ماف بۆ خانەوادەی قوربانییەكانیش بگەڕێتەوە؟

- ئەمە تاوانی نێودەوڵەتییە و نەهامەتییەكی گەورەی بەسەر كوردە فەیلییەكان هێناوە و شوێنەوارەكانی تاوەكو ئەمڕۆش لە ڕووی نەتەوەیی و مەزهەبی و كەلتوورییەوە دیار و لەبەر چاوە. لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس دادگای باڵای تاوانەكان لە عێراق و پەرلەمانی عێراق و حكومەتیش ددانیان بەم تاوانەدا ناوە، وەكو كەسایەتی و ڕێكخراوەكانیش كارمان لەسەر ناساندنی ئەم تاوانە و قوربانییەكانی كردووە، بەتایبەتی لەناو پەرلەمانی ئەوروپا و پەرلەمانەكانی وڵاتانی سوید و ئەڵمانیا و بەلجیكا و وڵاتانی دیكە. كاركردن بۆ بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی كوردی فەیلی شانبەشانی جینۆسایدەكانی دیكەی سەرانسەری گەلەكەمان لە هەر چوارپارچەی كوردستان ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتماییە. كیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و جینۆسایدی كوردی ئێزدی و دەیان ڕەشەكوژی و كۆمەڵكوژیی دیكەی گەلەكەمان دەكەوێتە ناو چوارچێوەی هەوڵەكانی قڕكردنی گەلەكەمانەوە. بەداخەوە ئەم هەموو جینۆساید و كۆمەڵكوژییە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بە ئەندازەی ئەو زوڵم و جینۆسایدە ددانی پێدا نەنراوە. ڕاستە لێرە و لەوێ بە شێوەی كەسی و گرووپی جیاجیا و حزب كار لەسەر ناساندنی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە كراوە، بەڵام بە هاوشێوەی كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان و جووەكان ددانی پێدا نەنراوە. ئەگەرچی چەندین جار لە ناو پەرلەمانی ئەوروپا كۆنفڕانسمان ئەنجام داوە، بۆ چارەسەركردن و ڕاگرتنی نەهامەتییەكانی كوردی فەیلی لەناوخۆی عێراقدا كە ئێستا تا ڕاددەیەك گۆڕانكاریی گەورە ڕوویان داوە، كەچی تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆری كوردی فەیلی لەناو كەمپەكانی ئێران ژیان بەڕێ دەكەن. ڕوفاتی زۆری كوردی فەیلی نەدۆزراونەتەوە، لەمەش مەترسیدارتر ئەو نەهامەتی و كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەی دەرهەق بە كوردی فەیلی ئەنجام درا، وردەكارییەكانی ئاشكرا و بڵاو نەكراونەتەوە و تۆمەتبارەكانیش هەموویان بە سزا نەگەیەندراون. واتە ناڕوونی و ناشەفافییەت و شاردنەوەیەك لە جینۆسایدەكە هەیە. بەڵگەنامە و دیكۆمێنتەكان بە شاردراوەیی ماونەتەوە. ئێمەی كوردی فەیلی بۆ ناساندنی جینۆسایدی كوردی فەیلی و بەنێودەوڵەتیكردنی كەیسەكەمان پێویستمان بە لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتیدا هەیە.

* باسی دادگاكان و پەرلەمان و حكومەتی عێراقت كرد، كە ددانیان بەو تاوانەی جینۆسایدی كوردی فەیلیدا ناوە. لە دوای ڕووخانی حزبی بەعس و لە عێراقی نوێدا تا چ ڕاددەیەك توانراوە قەرەبووی كوردی فەیلی بكرێتەوە؟

- ئێمە وامان دەزانی كەوا دداننان بە تاوانەكە دەمانخاتە قۆناغێكی نوێی گەڕانەوەی ڕوفاتی قوربانییەكان و گەڕانەوەی ماڵ و موڵك و پێگەی كوردی فەیلی، چ لە ڕووی مەعنەوییەوە بێت، یان ماددی، بەڵام بەداخەوە زۆر لە كەیسەكان ئاراستەی دادگاكانی «نزاع ملكیة» كراون، ئەم دادگایەش پێویستی بە بەڵگەنامە و دیكۆمێنت هەیە، لە كاتێكدا هاوكات لەگەڵ بەزۆر راپێچكردنی خێزانە كوردە فەیلییەكان، ناسنامە و بەڵگەنامەكانیان لێ سەندبوونەوە، یان قەرەبووكردنەوە بە قیست بووە و ماوەیەكی زۆری دەویست. زۆر لەو قوربانییانەش تەمەنیان گەورە بووە و لە چاوەڕوانیدا كۆچیان كرد. هەر خۆی لە خۆیدا جێبەجێكردنی ئەو بڕیارانە لە عێراقدا لە ڕووی یاسایی و پراكتیكییەوە زۆر زەحمەتە و گونجاو نییە. لەلایەكی دیكەوە ڕەوشی عێراق لە ڕووی یاسایی و سیاسی و ئارامییەوە لەبار نەبوو، لە دوای ڕووخانی رژێمی بەعسیش واتا بەردەوام لەم عێراقەدا كوردی فەیلی لە بەردەم ئیرهابێكی فیكری و هەڕەشەیەكی بەردەوامدا بوون، لە نێوخۆی كوردستانیشدا لە دوای ساڵی 2003 حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش گرنگیی گەورەیان بە كوردە فەیلییەكان نەداوە، بە پێچەوانەوە حزبە مەزهەبییەكان بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆیان و دوورخستنەوەی كوردی فەیلی لە لایەنی نەتەوەیی، گرنگیی زیاتریان بە كوردی فەیلی داوە، لەگەڵ ئەمەشدا كوردی فەیلی لەناو هەر حزب و لایەنێكی سیاسی بێت، هەرگیز ئینتمای نەتەوەیی خۆی لەبیر نەكردووە.

* بۆچی لە دوای پرۆسەی ڕیفراندۆم هێرشێكی شۆڤێنی كرایە سەر زۆر خێزان و گەنجی كوردی فەیلی لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكەی عێراق؟

- لە دوای ڕیفراندۆمی كوردستان بۆ سەربەخۆیی كوردی فەیلی لە بەغدا و ناوچەكانی دیكەی عێراقدا كەوتنە بەر شاڵاوی شۆڤێنی و دووبارە بە زۆر ڕاپێچكردنەوەیان ئەمجارە بەرەو هەرێمی كوردستان. ئێمە وەكو ڕێكخراوێكی تایبەت بە كوردی فەیلی لە بەلجیكا، بە ناوی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان، لە بەیاننامەیەكدا ئیدانەی ئەم شاڵاوە شۆڤێنییەمان كرد. تاكو ئێستا لەعێراقدا ئەو متمانەیە نییە و خەڵكەكەمان نیگەرانە، ڕاستە هەندێك كەس لە ناو سەرۆكایەتیی پەرلەمان و حكومەت و دامەزراوەكان و حزب بوونیان هەیە، بەڵام وەكو كەسایەتی، نە وەكو نوێنەرایەتیی كوردی فەیلی، ئێمەش وەكو هەموو پێكهاتەكانی دیكە پەرش و بڵاوییەكمان تێدایە، پێویستە لە كەیسی جینۆساید و كۆمەڵكوژی بە هەمووان مۆركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێ بدەین و ڕێگا نەدەین ئەم كەیسانە پەرش و بڵاو بكرێن و مۆركێكی حزبی و مەزهەبی جیا لە مۆركی نەتەوەیی پێ بدرێت.

Top