مـەسرور بارزانی: گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە

مـەسرور بارزانی: گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونەتە قۆناخی کۆتایی چارەسەرکردنی کێشەی مووچە. دەشڵێت "خۆڕاگریی مووچەخۆران رێگر بووە لە پیلانی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان، ویستیان هەرێمی کوردستان لاواز بکەن."
 
ئەمڕۆ (یەکشەممە، 09-06-2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی کردنەوەی سەنتەری ئیگڵ پۆست تایبەت بە گواستنەوە و گەیاندن لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەم کۆمپانیا و سەنتەرە دەبێتە هۆی زیاتر بەیەکەوە بەستنەوەی شار و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها [بەستنەوەیان] بە ناوچەکانی دیکەی عێراق و جیهان.''
 
کۆمپانیاکە دامەزراوەیەکی هاوبەشی کەرتی تایبەت و  وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەمەبەستی پەرەپێدانی خزمەتگوزاریی پۆستە پێکهێنراوە. مەسرور بارزانی گوتی ''ئەمە، بەشێکە لە پلان و بەرنامەکانی حکومەت، بۆ بەسەردەمیکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و بەدیجیتاڵکردنیان، هەروەها کەمکردنەوەی بیرۆکراسی.''
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ''لەو سەردەمەدا پۆستە و گەیاندن دامەزراوەیەکی زۆر گرنگ و چالاکە و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیێنێت و ئاسانکاریی زۆر بۆ راییکردنی ژیان و کاروباری رۆژانەی هاووڵاتییان دروست دەکات.''
 
مەسرور بارزانی پێیوایە دابینکردنی ئەم خزمەتگوزارییە بە شێوەیەکی پێشکەوتوو، دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ''قەرەباڵخی و بارگرانی'' لەسەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کەرتی تایبەت. هەروەها هۆکارێک دەبێت بۆ بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئەلیکترۆنی لە نێوان هەرێمی کوردستان و دەرەوەی وڵات
 
مەسرور بارزانی باسی لە سیستمی ناونیشان و ئادەرسیش کرد و گوتی: ''پێویستە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی گونجاو و سەردەمیانە رێکبخرێتەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ لە زووترین کاتدا لەسەر ئەم بابەتە کار بکەن.''
 
بابەتی مووچە
 
دوای گەیشتنی بڕی 107 ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵەوە بۆ سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایاری خانەنشینانی مەدەنی، کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کرا.
 
مەسرور بارزانی گوتی ''مووچەخۆران پاڵپشت، پشتیوان، پشوودرێژ بوون و خۆڕاگر بوون؛ ئەو پیلانەی کە هەندێک کەس و لایەن بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاریانهێنا و ویستیان قەبارەی هەرێمی کوردستان بە دابەشکردنی مووچە و بودجە بەسەر پارێزگاکاندا لاواز بکەن، خۆڕاگریی ئەوان [مووچەخۆران] وایکرد سەرنەگرێت.''
 
سەرۆکی حکومەت گوتیشی ''بەردەوام لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵی لە پەیوەندیدا بووین و گەیشتووینەتە قۆناخی کۆتایی، هیوادارم کە ئێمە بتوانین لە خزمەتی ئێوەی خۆشەویستدا کارێک بکەین کە بابەتی بودجە و مووچە بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت.''
 
دوای ناردنی 107 ملیار دینارەکە، وەزارەتی دارایی عێراق، هیچ ئاماژەیەکی بە خەرجکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان نەکردووە، لەکاتێکدا هێشتا مووچەی مانگی چواریشیان وەرنەگرتووە. مەسرور بارزانی گوتی ''هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکی بەر لە جەژن، تەواوی مووچەی مانگی چواری هێزە ئەمنییەکان و مانگی پێنجیش بۆ هەموو مووچەخۆران دابین بکرێت.''
 
بۆ ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی ناوەکانیان دەکات و دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کۆد ناوەکانی ناردوون.
 
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی فەرمی داوای لە هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە کە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و شایستە داراییەکانی مووچەی هێزە سەربازییەکان، لیستی مووچەی مانگی ئایار بەپێی لیستی فەرمی ئامادە بکەن.
 
شاندێکی چاودێریی دارایی عێراقیش لە هەولێرە. بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجێکی سەرەکیی شاندەکەی بەغدا وردبینی و زانیارییە لە لیستی ناوی هێزە ئەمنییەکان.
 
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی ''هیوادارم چیدیکە بابەتی مووچە نەبێتە هەواڵی میدیاکان و ئێمە بتوانین پەیوەندییەکانی خۆمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بخەینە سەر ئاستێکی دروست و بەرەو پەیوەندیی باشتریش هەنگاو بنێین''.
 

Top