بەهای خۆراكیی زەیتی خورما

بەهای خۆراكیی زەیتی خورما

زەیتی خورما Palm oil بۆنێكی تایبەت و ڕەنگێكی سووری تاریكی هەیە، بەڵام دەتوانرێت بە پرۆسێسكردن بۆن و ڕەنگەكەی لا ببرێت، كە بە زەیتی سافكراوی خورما Refined ناوزەد دەكرێت و زیاتر لە بازاڕەكاندا بەردەستە و بۆ ئامادەكردنی خۆراك بەكار دێت. زەیتی خورما 100% لە چەوری پێك دێت، كە نیوەی لە چەورییە تێرەكانە و نیوەكەی دیكەی لە چەورییە نا تێرەكانە، بۆیە زەیتەكە لە پلەی گەرمیی ژووردا پەیت دەبێت. یەك كەوچكی گەورە زەیتی خورما 120 كالۆری بە لەش دەدات، ڕێژەیەكی بەرزی ماددە دژەئۆكسانەكان لە جۆری كارۆتینۆیدەكان لەخۆ دەگرێت، لەگەڵ ڕێژەیەكی باشی ڤیتامین E و ڤیتامین A. سوودە تەندروستییەكان: بەهێزكردنی سیستمی بەرگریی لەش، پاراستنی تەندروستیی چاو و ڕێگرتن لە گۆڕانی پەیوەست بە تەمەن، كە لە سەنتەری تۆڕەی چاودا ڕوو دەدات AMD، باشتركردنی تەندروستیی مێشك، باشتركردنی تەندروستیی دڵ بەهۆی ڕێژە بەرزەكەی ڤیتامین E لە زەیتی خورمادا، كە ڕۆڵی هەیە لە خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، كەمكردنەوەی ئەگەری ڕوودانی ئاڵۆزییەكان لەكاتی دووگیانیدا، هاندانی توانای كۆئەندامی هەرس بۆ هەڵمژینی ڤیتامینەكان بەتایبەتی ڤیتامین A، هەروەها خۆپاراستن لە ئەگەری تووشبوون بە چەند جۆرێكی شێرپەنجە. لایەنە خراپەكەی زەیتی خورما بریتییە لەوەی كە ڕێژەیەكی بەرزی چەورییە تێرەكان Saturated لەخۆ دەگرێت، كە بە چەوریی خراپ ناوزەد دەكرێن، چونكە هاندەرن بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی كۆلیستیرۆڵی خراپ LDL و كەمكردنی ئاستی كۆلیستیرۆڵی باش HDL لە خوێندا.

 

Top