ســـه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی: داهاتووى وڵات، به بوونى سيستمێكى په‌روه‌رده‌يى و فێركردنى پێشكه‌وتووه‌وه به‌نده
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 2/6/2024، به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، به‌شداری له خولی شه‌شه‌می ده‌رچووانی زانكۆی ئه‌مه‌ریكیی کوردستاندا له دهۆك كرد كه هه‌ریه‌ك له به‌رێزان د. له‌تیف ڕه‌شید سه‌رۆكی كۆماری عێراق، موحسن مه‌نده‌لاوی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، مه‌سروور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و مامۆستایانی زانكۆ و ئه‌كادیمی و كه‌سوكاری قوتابیان ئاماده‌ی بوون.
له ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد، ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پێش ئه‌وه‌ی ده‌ست به قسه‌كانم بكه‌م، ده‌مه‌وێ به‌خێرهاتنێكی تایبه‌تیی به‌رێز سه‌رۆك كۆمار بكه‌م كه ئه‌مڕۆ له‌م مه‌ڕاسیمه‌دا له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شداره، هه‌روه‌ها به‌خێرهاتنی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان كاك موحسن مه‌نده‌لاوی ده‌كه‌ین كه ئه‌میش به‌م بۆنه‌یه‌وه له به‌غداده‌وه ته‌شریفی هێناوه بۆ به‌شداری، هه‌موو لایه‌كتان به‌خێربێن سه‌رچاو.
ده‌رچووانى خۆشه‌ويست،
ئاماده‌بووانى به‌ڕێز،
ئێواره‌ی هه‌موولایه‌كتان باش..
به خۆشحاڵييه‌وه ئه‌م ئێواره‌يه پێكه‌وه له ڕێوڕه‌سمى شه‌شه‌مين خولى ده‌رچوونى زانكۆى ئه‌مه‌ريكيى كوردستاندا به‌شدارين.
به گه‌رمى پيرۆزبايى له ده‌رچووانى ئازيز ده‌كه‌م. پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له دايكوباوك و خانه‌واده و مامۆستايانى به‌ڕێز ده‌كه‌م، كه ئه‌وانيش به‌شێكى گرنگى سه‌ركه‌وتنی ئه‌مڕۆی ئێوه‌ن. هيواى سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونى به‌رده‌وامتان بۆ ده‌خوازم. پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له هه‌موو ده‌رچووانى ئه‌مساڵى زانكۆ و په‌يمانگه‌كانى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م.
ده‌رچوون له زانكۆ بۆ هه‌ر قوتابييه‌ك ڕۆژێكى پڕ له كامه‌رانييه كه ساڵانێك چاوه‌ڕێى بووه، به‌ڵام بێگومان كۆتاييى فێربوون و پێگه‌يشتن نييه. ته‌واوكردنى زانكۆ، بڕينى قۆناغێكى گرنگى ژيان و بنياتنانى كه‌سايه‌تييه، به‌ڵام سه‌ره‌تاى ڕێگه‌یه و قۆناغێكى نوێيه كه پڕه له ئه‌رك و به‌رپرسياريه‌تى. دڵنيام ئه‌م گه‌نجه ئازيزانه له‌و ئاسته‌دان و ده‌توانن جياوازى دروست بكه‌ن.
كاتێك ده‌ست به كار ده‌كه‌ن، يان له خوێندنى باڵا به‌رده‌وام ده‌بن، ئه‌و زانسته‌ى وه‌رتانگرتووه، به ئه‌زموون و كردار، فراوانتر و ده‌وڵه‌مه‌ندتر ده‌بێت. ڕوانگه و كه‌سايه‌تيتان به‌هێزتر ده‌كات تا بتوانن خزمه‌تێكى باشترى وڵاته‌كه‌تان بكه‌ن.
به‌ڕێزان..
چاره‌نووس و داهاتووى وڵات، به بوونى سيستمێكى په‌روه‌رده‌يى و فێركردنى پێشكه‌وتووه‌وه به‌نده. كوردستانێكى به‌هێز، نه‌وه‌يه‌كى زيره‌ك و شاره‌زا و لێهاتووى ده‌وێت كه له هه‌موو بواره‌كاندا به زانست و زانين پڕچه‌ك كرابێت.
بۆيه گرنگه و پێويسته قوتابيان به‌رده‌وام ئه‌وپه‌ڕى بايه‌خ به خۆپه‌روه‌رده‌كردن و خۆپێگه‌ياندنێكی باشتر بده‌ن، قوتابخانه و زانكۆش هه‌ميشه له‌گه‌ڵ تازه‌ترين پێشكه‌وتنه زانستييه‌كاندا، خۆيان نوێ بكه‌نه‌وه.
ئه‌ركى زانكۆيه ده‌رچووانێك پێشكه‌ش به كۆمه‌ڵگه بكات كه له هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى پێدوايستييه‌كانى كار و بازاڕ، پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندنى ئابوورى و ئێستا و داهاتووى وڵات بن و بتوانن بيگه‌يه‌ننه كاروانى جيهانى پێشكه‌وتوو.
تا سه‌رمايه‌گوزارى له په‌روه‌رده و فێركردندا بكه‌ين، هێشتا هه‌ر كه‌مه. سيستمى په‌روه‌رده و زانكۆكانمان، ده‌بێ بايه‌خ و گرنگيى تايبه‌ت به لايه‌نى زانسته مرۆيييه‌كان و بيناكردنى مرۆڤ و به‌ره‌وپێشبردنى توانا و سه‌رچاوه مرۆيييه‌كان بده‌ن.
پرۆگرامى خوێندن و په‌روه‌رده‌مان ده‌بێ نه‌وه‌يه‌ك دروست بكات، بيركه‌ره‌وه، ده‌سپێشخه‌ر و داهێنه‌ر بێت. بتوانێت كۆمه‌ڵگه‌يه‌ك بنيات بنێت، به‌هێز و يه‌كگرتوو بێت. كولتوورى فره‌ڕه‌نگيمان بپارێزێت. وڵاتى خۆى خۆش بوێت و شانازى پێوه بكات. نيشتمانيانه بير بكاته‌وه، نيشتمانيانه ڕه‌فتار بكات و نيشتمان له‌سه‌رووى هه‌موو شتێكييه‌وه بێت.
بير‌ى توندڕه‌وى و توندوتيژى و ڕه‌گه‌زپه‌ستى ڕه‌ت بكاته‌وه و به هێز و بڕواوه به‌رامبه‌رى بوه‌ستێته‌وه. بره‌و به ديالۆگ و لێكتێگه‌يشتن و هاريكاريى هاوبه‌ش و چاره‌سه‌رى ئاشتيانه بدات و به‌رگرى له ژيان و ڕێز و شكۆى مرۆڤ بكات.
گۆڕ‌انى ئاووهه‌وا، ده‌رفه‌ت و مه‌ترسييه‌كانى زيره‌كيى ده‌ستكرد و دڵنيابوون له‌وه‌ى بۆ چاكه‌ى مرۆڤايه‌تى به‌كار دێت، زيادبوونى ڕێژه‌ى دانيشتوان، پاراستنى ئاسايشى ئاو و خۆراك و چه‌ندانى ديكه، هه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئێستا و داهاتووى جيهان ده‌كه‌ن. ده‌بێ به ته‌واوه‌تی ئێمه‌ش له كوردستان و عێراق خۆمان بۆی ئاماده بكه‌ين.
ده‌رچووانى زانكۆ پێويسته توانا و به‌شدارييه‌كى ته‌واويان هه‌بێت و يارمه‌تيده‌ر بن له دۆزينه‌وه‌ى چاره‌سه‌ر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئه‌و قه‌يران و مه‌ترسييانه‌دا. مرۆڤايه‌تى ته‌نيا به زانست و به هاوكارى و پلان و ستراتيژى هاوبه‌ش، ده‌توانێ به‌ره‌نگاريان ببێته‌وه.
به‌ڕێزان..
من بڕواى ته‌واوم به زيره‌كى و تواناى گه‌نجانمان هه‌یه، هه‌روه‌ها به خه‌مخۆريى مامۆستايانى دڵسۆز هه‌يه، بۆيه به گه‌شبينی و ئومێده‌وه كه سبه‌ى له ئه‌مڕۆ بێگومان باشتر ده‌بێت. ئه‌مڕۆ كه ده‌بينم ئه‌م گه‌نجانه زانكۆ ته‌واو ده‌كه‌ن، داهاتووى كوردستان گه‌شتر و ڕووناكتر دێته به‌رچاوم.
ئه‌وه‌ى زياتريش له‌م مه‌راسیمه‌دا ئێمه دڵخۆش ده‌كات و وا ده‌كات هه‌موومان به ئومێدێكی زياتره‌وه له داهاتوو بڕوانين، نموونه‌ى يه‌كێك له‌و (60) ده‌رچووانه‌يه كه ئه‌مڕۆ بڕوانامه له‌م زانكۆيه پێشكه‌وتووه وه‌رده‌گرێت.
ئه‌وه كچێكى زيره‌ك و لێهاتووى ئێزدييه. ڕزگاربووى ده‌ستى داعشه. وێڕاى هه‌موو نه‌هامه‌تييه‌كان، كۆڵى نه‌داوه و موكوڕ بووه كه هه‌ر ده‌بێ زانكۆ ته‌واو بكات. بوێرى و خۆڕ‌اگرى و به‌رده‌واميى ئه‌و تا ته‌واوكردنى زانكۆ، چيرۆكى سه‌ركه‌وتنه.
ئيلهامبه‌خشه و چرايه‌كى هيوايه بۆ هه‌موو قوربانيانى ديكه‌ى ده‌ستى داعش له هه‌موو پێكهاته‌كان. لێره‌وه، به ناوى خۆم و به ناوى هه‌مووتانه‌وه به گه‌رمى پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى لێده‌كه‌م. پێموایه ئه‌ویش له‌ناو قوتابییه‌كانه، چه‌پڵه‌یه‌كی بۆ لێده‌ن و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ ده‌خوازین له ژیان بۆ خۆی و هه‌موو ئه‌وانی تر.
به‌ڕێزان..
وه‌ك ئاگادارن، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵ و لايه‌نه سياسييه‌كانى عێراق لێكتێگه‌يشتنێك هه‌يه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ئه‌مه‌ش خۆشبه‌ختانه سه‌قامگيريی سياسى دروست ده‌كات.
ئێمه له هه‌رێمى كوردستان به په‌رۆشه‌وه له سه‌ركه‌وتنى هه‌وڵه‌كان بۆ ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنى بنه‌ڕه‌تيى كێشه‌كان ده‌ڕوانين، به‌تايبه‌تى ئه‌وانه‌ى په‌يوه‌ندييان به ژيان و گوزه‌رانى مووچه‌خۆران و خه‌ڵكه‌وه هه‌يه.
سوپاسى ڕۆڵى سه‌رۆك وه‌زيرانى فيدراڵی عێراق به‌ڕێز سوودانى و سه‌ركرده و لايه‌نه عێراقييه‌كان ده‌كه‌ين كه له‌مباره‌يه‌وه هاوكارن.
هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشى له سه‌رۆك وه‌زيران به‌ڕێز مه‌سروور بارزانى و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌م بۆ لێكتێگه‌يشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا و هه‌موو هاوكارى و پشتگيرييه‌كیش بۆ هه‌وڵه‌كانيان له‌لایه‌ن ئێمه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئێمه چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه.
خۆشحاڵم به به‌ره‌وپێشچوونى په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا. هيواى به‌رده‌وامى و چاره‌سه‌ركردنى يه‌كجاره‌كی هه‌موو كێشه‌كان ده‌خوازم. هه‌ر ئه‌وه‌ش خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌نديى ته‌واوى عێراق به هه‌رێمى كوردستانه‌وه ده‌كات.
ئێمه پێكه‌وه ده‌توانين وڵاتێكى سه‌قامگير و به‌هێز بنيات بنێين كه پێگه‌ى شايسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له جيهاندا هه‌بێت. بتوانێت ده‌وڵه‌مه‌ندييه‌كه‌ى بۆ پێشخستن و گه‌شه‌سه‌ندن و خزمه‌تى باشتر بقۆزێته‌وه.
له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش، په‌يوه‌ندييه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه، به‌ره‌وپێش ده‌چن و هاوبه‌شييه‌كانمان زۆرنترن له ناكۆكییه‌كانمان. هه‌ر لێره‌وه دووپاتى ده‌كه‌ينه‌وه كه هه‌رێمى كوردستان بۆ هه‌ميشه به فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى و پاراستنى ئاشتى له ناوچه‌كه‌دا ده‌مێنێته‌وه.
دووباره پيرۆزبايى و ده‌ستخۆشى له ده‌رچووانى ئازيز ده‌كه‌م. پێيان ده‌ڵێم: داهاتووى وڵات له‌سه‌ر شانى ئێوه‌يه. ئێوه سبه‌ى ئه‌م وڵاته به‌ڕێوه ده‌به‌ن و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو شێتك بۆ نه‌وه‌كانى داهاتوو باشتر بكه‌ن. ئومێدمان به ئێوه‌يه.
سه‌ركه‌وتن و پيرۆزبايى و پشتگيرى له دامه‌زراندنى دەستەی متمانەبەخشین به پرۆگرام و دامەزراوەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له به‌رنامه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رێز مه‌سروور ده‌كه‌م بۆ پێشخستنى سيستمى په‌روه‌رده و فێركردن و خوێندنى باڵا له هه‌رێمی كوردستاندا.
هيواى كاتێكى خۆش بۆ هه‌مووتان ده‌خوازم و جارێكی تر هه‌موولایه‌كتان به‌خێربێن به‌سه‌رچاو و زۆر سوپاس.
زۆر سوپاس..