تـــاڤـــگــــە قــــادر: ئـــێــسـتـــا زۆربەی خانمان لە ناو ماڵەكەیان بوونەتە خاوەنكار

تـــاڤـــگــــە قــــادر:  ئـــێــسـتـــا زۆربەی خانمان لە ناو ماڵەكەیان بوونەتە خاوەنكار

 

 

تاڤگە قادر كچە گەنجێكی دەستڕەنگینی شاری سلێمانییە و دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە، بێ ئەوەی چاوەڕێی دامەزراندن لە كەرتی حكوومی بكات، پیشەیەكی جیاواز لەو بەشەی كە تێیدا بڕوانامەی بەدەست هێناوە، بۆ خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەویش بواری بڕین و دروومانە. لەم دیمانەیەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، بەرهەمە دەستكردەكانی بە خوێنەران دەناسێنێت و باس لە ئامانجەكانی دەكات.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

تاڤگە قادر، سەرەڕای ئەوەی دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنە لە سلێمانی، بەڵام كاری دروومان دەكات، ئەویش لە ماڵەوە و بە بێ دووكان، توانیویەتی لە رێگای ئۆنڵاین، بەرهەمانی بە بازاڕ بكات، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «لە ئێستادا بە شێوازی ئۆنڵاین ئێمە كار دەكەین و كارەكەمان لە ماڵەوەیە و دووكانمان نییە. داواكاری وەردەگرین بە شێوەی ئۆنڵاین، جلەكان دروست دەكەین بەپێی قیاساتی كەسەكە و دواتر بۆی دەدوورین و بۆی دەنێرین. سوپاس بۆ خوای گەورەن توانیومانە بە شێوازی ئۆنڵاین پێشەنگی هەموو پەیجەكانی دیكە بین، بەتایبەتی لە جلی نوێژدا، واتە لە دروومانی جلی شەرعی و بەتایبەتی لە جلی نوێژدا یەكێكین لە پەیجە پڕفرۆشەكان لە كوردستاندا و زۆرترین لەچكی نوێژ لە پەیجەكەی ئێمە دروست دەكرێت.

سەبارەت بە بیرۆكەی كاركردنیشی گوتی: «سەرەتای بیرۆكەی كارەكە ئەوە بوو، من خوێندنم تەواو كردبوو لە ماڵەوە بووم، حەزم كرد پیشەیەكم هەبێت بۆ خۆم، سەرەتا دیزاینی قورئانم دەكرد بۆ دووكانەكانی ناو بازاڕ، دواتر بیرم كردەوە كە كارەكەم گەورەتر بكەم، پەیجێكم دانا و دواتر لە پەیجەكەمەوە كارەكەی خۆم ناساند، دەتوانم بڵێم یەكەم ئافرەت بووم لە كوردستاندا كە قورئانم بۆ خەڵك دیزاین كردووە، خۆشبەختانە ئێستا چەند ئافرەتێكی دیكەش ئەم كارە دەكەن، یاخوا لەشیان ساغ بێت. دواتر كە كارەكەم لە ڕێگەی پەیجەكانمەوە ناساند، خەڵك زۆڕ پێیان سەرنجڕاكێش و جوان بوو، قورئانی خۆیان دەهێنا، من بۆیان چاك بكەم. واتە هی وا هەبوو قورئانی زۆر كۆنی داپیری، یان باپیری دەهێنا كە لە ژیان نەمابوون، دەیانوت: تێكچوووە و نامانەوێ بفەوتێ، قورئانەكانم نوێ دەكردنەوە. بە قورئانی دووكان و ئەو قورئانانەی خەڵك هێناویەتی دیزاینم كردوون، هەتا ئێستا نزیكەی هەزار قورئانم دیزاین كردووە. دواتر گرنگیی زیاترم بە كارەكەم دا و بەرە بەرە كارەكەم گەورەتر كرد و هەر لە دیزاینكردنی قورئاندا نەوەستاین، پاشان دەستمان كرد بە دروستكردنی سێتی نوێژ و تەسبیح و بەرماڵ، لە دوای ئەوە بیرم كردەوە كارەكەم گەورەتر بكەم، چونكە لە كاری ئۆنڵاین ڕكابەرت پەیدا دەبن و نابێت كار و بەرهەمەكانت لە یەك ئاست بمێنیتەوە و قەتیس بكرێت، پێویستە بەردەوام نوێگەری بۆ بكەیت. بۆیە بڕیارم دا دەست بكەم بە دروستكردنی عەبا و جلی شەرعی و توانیمان تێیدا سەركەوتوو بین سوپاس بۆ خوا».

دەربارەی ئەوانەش كە لە كارەكەیدا هاوكاری و پاڵپشتییان كردووە، دەڵێت: «كاتێك ئافرەت لە كوردستان دەست دەكات بە كاركردن، دەبێت كەسانێك هەبن، دەستی بگرن و پشتگیریی بكەن، بەتایبەتی خێزانەكەی، هەموو جارێكیش گوتوومە هەر كاتێك كە ئافرەت دەست دەكات بە كاركردن، ئەگەر خێزانەكەی، هاوسەرەكەی، براكانی، یان باوكی پاڵپشتی نەكەن، ناتوانێت بەردەوام بێت، چونكە ئێمە لە كۆمەڵگەیەك دەژین، كە پابەندە بە كەلتوور و دین و بە یاساوە. منیش ئەو كەسەی زۆر پشتگیریی كردووم لە كارەكانم، لە دوای خوای گەورە، خوشكەكانم و بەتایبەتی خوشكە گەورەكەم بووە، كە هەر لەگەڵم كار دەكات لە بازاڕی كردن و دروومانكردن و لە هەموو شتێك یارمەتی داوم، دوای ئەو دایكمە كە قەرزاریم و بەردەوام هاوكارم بووە».

سەبارەت بە ڕەوتی كاركردنی خانمانی كوردیش لە هەلومەرجی ئێستادا گوتی: «لە ئێستادا ڕەوتی كاركردن بۆ خانمان لە كوردستاندا جێگەی خۆشحاڵییە و بەردەوامیش پاڵپشتی ڕەگەزی خۆم دەكەم و هانیان دەدەم بۆ كاركردن. لەخوا بەزیاد بێت، ئێستا ژمارەیەكی زۆری خانمان دەستیان كردووە بە كاركردن لە هەموو بوارەكاندا، بەتایبەتی لە كاری دەستی. ئێستا وای لێهاتووە خەڵك چاوەڕێی ئەوە ناكەن حكومەت دایانبمەزرێنێت، زۆربەی خانمان لە ناو ماڵەكەی بوونەتە خاوەنكار و ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە. من داوا لە هەموو خانمان دەكەم، تكایە پشتی یەك بگرن و هاوكاریی یەكدی بكەن و دژی ڕەگەزی خۆتان مەوەستن، چونكە ئەگەر من خانمێك پشتم بگرێت، زۆر بۆ من سەركەوتووترە، تاوەكو ئەوەی ڕەگەزێكی بەرانبەر پشتم بگرێت، هەموومان پێویستمان بە هاوكاریی خانمانی كورد هەیە. ژمارەیەكی زۆر لە كچان و ژنان هاتوونەتە بواری كاركرنەوە و شتەكە لەوە دەرچووە، كە ئیتر خێزان ڕێگری لە كاركردنیان بكات. زۆربەی باوك و برا و هاوسەرەكانیش هانی ئافرەتی خانەوادەی خۆیان دەدەن، كە بچن كاربكەن و تواناكانیان بۆ كۆمەڵگە بسەلمێنن.

 

Top