پڕۆفیسۆر شاون شافێر بۆ گوڵان:   ژیریی دەستكرد دەبێتە بەشێك لە كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری

پڕۆفیسۆر شاون شافێر بۆ گوڵان:     ژیریی دەستكرد  دەبێتە بەشێك لە كاری  ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری

 

 

شاون شافێر، پڕۆفیسۆری بەشی ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنە لە زانكۆی دەنڤەر لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، پسپۆڕ و شارەزا و وانەبێژی چەند بوارێكی دیاریكراوە، وەك یاسای ڕاگەیاندن، ئەخلاقیاتی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەگەریی ئازاد، ژیریی دەستكرد لە ناوەندە ئەكادیمییەكاندا. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجام دا، كە تەوەرەكانی پەیوەست بوون بە كاریگەریی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بە دیاریكراوی ژیریی دەستكرد و سەرهەڵدانی چەشنە جیاوازەكانی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن لەسەر گەیاندنی هەواڵی دروست و زانیاریی ڕاستەقینە و زەحمەتی جیاكردنەوەیان لە هەواڵی ساختە و تێكەڵبوونی كاری ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی و سۆشیال میدیا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار.

 

* وەك ئاشكرایە كە لە ئێستادا ڕۆژگارێك باڵی كێشاوە بەسەر ژیانی مرۆڤایەتیدا كە جیاوازییەكی بنەڕەتی هەیە لە سەردەم و سەروەختەكانی پێشوو، بەتایبەتی بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و بڵاوبوونەوەی ئاسان و خێرا و بەربڵاوی هەواڵ و زانیارییەكان، بەڵام سەرباری ئەوەش كێشە و ئالنگارییەكەی ئەوەیە كە زانیارییەكان بە چەشنێك تێكەڵ بوون، كە ڕەنگە نەتوانرێت بە ئاسانی هەواڵی ڕاستەقینە لە زانیاریی ناڕاست و ساختە جیا بكرێتەوە، تێڕوانینی ئێوە لەم ڕووەوە چییە؟

- ئەوە ڕاستە، واتە منیش هاوڕام لەگەڵ ئەوەی كە دژوارترین ئالنگاری لەم ڕووەوە بڵاوبوونەوەی ئەو بابەت و پرسانەیە كە ئەگەری ئەوە هەیە وەك هەواڵ لێیان بڕوانرێت. بۆ نموونە من كوڕەكەم نەوجەوانە و خۆی و هاوڕێكانی زۆربەی هەواڵەكان لە ئینستیگرامەوە وەردەگرن و بەدەستی دەهێنن، كەواتە ئەمە خۆی لە خۆیدا ئالنگارییەكی گەورەیە. مەسەلەیەكی دیكە پەیوەستە بەوەی كە چۆن زانیارییەكان بەدەست بهێنن لەسەر ئەدا و كاری كاربەدەستان و بڕیاربەدەستان، بۆ ئەوەی لەبەر ڕۆشنایی ئەو زانیارییانە بیانخەینە بەردەم بەرپرسیارێتییەكانیان، كە ئەمە پێشتریش كارێكی سەخت بووە و لە ئێستاشدا و بە هۆی ئەو بارودۆخەی هاتووەتە ئاراوە، هێندەی دیكە سەخت بووە.

* كەواتە ئەم هەلومەرجەی هاتووەتە ئاراوە بووەتە هۆی ئەوەی كە ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی تەقلیدی تووشی ئاستەنگ ببنەوە. ئێوە ئەم ئاستەنگانە لە چیدا بەدی دەكەن؟ ئایا پێتان وایە ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی توانیویەتی خۆی لەگەڵ ئەم دۆخە نوێیەدا بگونجێنێت؟

- من پێم وایە سەرباری ئەو دژوارییانە، ئەوا دەرفەتیش هەیە بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی خۆی بگونجێنێت، چونكە سەرهەڵدان و هاتنەئارای ژیریی دەستكرد بووەتە هۆی ئەوەی كە بتوانین خۆمان لە هەندێ كاری ڕۆتینی ڕزگار بكەین، و كاری كارامەییانە ئەنجام بدەن، هەروەها بتوانیت ڕاپۆرتی تێروتەسەل ئامادە بكەیت و بچیتە بنچ و بنەوانی بابەتەكان، كە ئەمانەش پرسی گرنگن بەلای منەوە.

* لە وەڵامی پرسیارەكاندا ئاماژەتان بەوە كرد، كە ئێستا هەندێ كەناڵ و ئامرازی دیكە بوونەتە سەرچاوەی هەواڵ، لەم ڕووەوە باستان لە ئیسنستیگرام كرد، كە بە هەمان شێوە فەیسبووك و تۆڕی ئێكس-یش هەن، كە بوونەتە هۆكارێك بۆ بڵاوبوونەوەی هەواڵەكان، ئێوە چۆن لە ڕۆڵی ئەم ئامرازانە دەڕوانن و ئایا دەكرێت بڵێین جێی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی تەقلیدییان گرتووەتەوە، یان تەواوكاری كارەكانیانن؟

- لە ڕاستیدا دەكرێت بڵێین بە دڵنیاییەوە جیاوازن لە ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنی تەقلیدی، ئەویش لەم ڕووەوە كە ئەم ئامرازە نوێیانە بایەخ نادەن بەوەی بە شێوەیەكی بابەتییانە ڕووماڵی پرس و بابەتەكان بكەن، بەڵكو بوونەتە كەناڵێك كە هەموو كەسێك دەتوانێت ڕا و بۆچوونی خۆی لەسەر هەر پرسێك دەرببڕێت، كە قسەی لەبارەوە دەكات. واتە خەم و خولیای ئەم كەسانە ئەوەیە ببنە چالاكی ئەو بوارەی كە كاری تێدا دەكەن، ئەمەش كارێكە كە تەواو جیاوازە لە كاری ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی، هەروەها ئەوان پێیان وایە كاتێك بابەتێك بڵاو دەكەنەوە و ناوی خۆیان لەسەر بابەتەكە دەبێت، ئەوا ئەمە مایەی میسداقییەتە و بۆ ڕاستی و دروستیی ئەو بابەتە لە قەڵەمی دەدەن، ئەمە لەبری ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوەی ئەو زانیاری و هەواڵە بكەن، كە بڵاوی دەكەنەوە، چونكە ئەوەی لەم ڕووەوە گرنگە ئەوەیە كە ئایا سەرچاوەی بابەت و هەواڵەكانت چین، كەچی ئەوان پێت ناڵێن ئەم هەواڵ و زانیارییە لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە.

* بەڵام ئەگەر پرسیارەكە دووبارە بكەینەوە لێرەدا، ئەوا ئێوە باوەڕتان وانییە كە ئەم شێوازانەی دیكەی بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیاری جێی ڕۆژنامەگەری تەقلیدییان گرتبێتەوە؟

- نەخێر، بە هیچ شێوەیەك، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە كە ئامرازەكانی سۆشیال میدیا ڕكاربەری و ململانێی ڕاگەیاندنی تەقلیدی دەكەن لە ڕووی بەدەستهێنان، یان ڕاكێشانی سەرنجی بەكاربەری زانیاری و هەواڵەكان، چونكە ئاشكرایە كە خەڵكی كاتێكی دیاریكراو و سنوورداریان هەیە بۆ ئەنجامدانی چالاكیی ڕۆژانەیان، مەبەستم ئەوەیە كاتێك چەند كاتژمێرێك خۆیان سەرقاڵ دەكەن بە سۆشیال میدیاوە، ئیدی كاتێكی ئەوتۆیان بۆ نامێنێتەوە كە تەرخانی بكەن بۆ بابەتێكی دیكە، چونكە خۆ ناكرێت بڵێین ڕۆژەكە درێژ دەبێتەوە و كاتەكە زیاد دەبێت، كەواتە ئەوەی گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، ئەوەیە كە تۆ چۆن ئەم كاتەی خۆت بەكار دەهێنێت، یان لە چیدا بەكاری دەهێنێت و بە چییەوە تێیدا سەرقاڵ دەبیت.

* كەواتە ئایا دەكرێت لەم ڕووەوە بڵێین كە ئامانجی سەرەكیی سۆشیال میدیا سەرنجڕاكێشانی خەڵك و سەرقاڵكردنیانە، بەڵام كاری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی تەقلیدی پەردەلادانە لەسەر هەندێ كەیس و كاركردنە بۆ خستنەڕووی بنچ و بنەوانی پرسێك، واتە دەستەبەركردنی زانیاری و هەواڵی ڕاست و دروست، مەبەستمان ئەوەیە دەكرێت بڵێین ئەمە جیاوازیی نێوان ئەم دوو جۆرە ڕاگەیاندنەیە؟

- من پێم وایە دەكرێت سۆشیال میدیا پشتیوان و هاریكار بێت بۆ كاری ڕۆژنامەگەریی تەقلیدی، لەگەڵ ئەوەشدا نیگەرانیی گەورەی من ئەوەیە كە ئێمە كاتێكی زۆری خۆمان تەرخان دەكەین بۆ سۆشیال میدیا، ئەویش بە چێژوەرگرتن لە سەرنجدان لە ناونیشانی ورووژێنەر و دانە بە دانەی ڤیدیۆكان سەرنج دەدەین و، دواتر بۆمان دەردەكەوێت كە بابەت و پرسێكی ڕاستەقینە نەخراوەتەڕوو و نەخراوەتە بەردەست، كەواتە ئێمە كاتێكی زۆرمان بەسەر بردووە كە دەكرا بۆ بابەتی دیكەی تەرخان بكەین. هەروەها ئەوەی لەم ڕووەوە جێی سەرنجە ئەوەیە كە هەندێ لەو كەسانەی لە بواری ڕۆژنامەگەری و ڕاگەیاندنی تەقلیدییشدا سەركەوتوو بوون، توانیویانە ئەم سەركەوتنە بگوازنەوە بۆ ناو سۆشیال میدیا، كەواتە دەكرێت بە چەشنێكی جیاواز لە شێوازی ڕابردوو كار بكەیت بۆ زیادكردنی ئەو كەسانەی كە بەدواداچوون دەكەن بۆ كارەكانت لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا.

* پێشتر ئاماژەتان بە ژیریی دەستكرد كرد، ئایا دەكرێت بڵێین كە سەرهەڵدان و بەرەوپێشچوونی ژیریی دەستكرد گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی و بنەڕەتیی هێناوەتە ئاراوە، لە بونیاد و ژینگەی كاری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەریدا؟

- ڕوونە كە هیچ كەس ناتوانێت بە تەواوەتی پێشبینیی ئەوە بكات كە لە ئایندەدا ڕەوتی بەرەوپێشچوون و پەرەسەندنەكان بە چ ئاقار و ئاراستەیەكدا دەڕۆن، بەڵام ئەوەی لە بواری بەكارهێنانی ژیریی دەستكرددا ڕوو دەدات، جێی هەڵوەستە لەسەركردنە، بۆ نموونە ئەگەر لە سایتی بلوم بێرگ بڕوانیت، ئەوا لە سەتا 30 بۆ 40ی ئەوەی لە سایتی بلوم بێرگ بەدی دەكەیت بە تەواوەتی لەلایەن ژیریی دەستكردەوە ئەنجام دراون و ئامادە كراون، كەواتە دەكرێت بڵێین ژیریی دەستكرد چەندین گۆڕانكاری هێناوەتە ئاراوە، واتە گۆڕانكاری لە شێوازی كاركردن و لە چۆنیەتی كاركردندا دروست كردووە و دەكرێت ببێتە مایەی ئاسانكاری بۆ ئەنجامدانی هەندێ كار، بەڵام لە هەندێ كاتدا دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە بكەین، چونكە هەندێ جار ئەو كارەی كە ئەوەی پێی دەگوترێت

(generative artificial intelligence) ئەنجامی دەدات، زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، لەبەر ئەوە بۆی هەیە ئامرازێكی مەترسیدار بێت، كە بەكار بهێنرێت لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەگەری، سەرباری هەموو ئەوانەش ئەوەی من بەدی دەكەم، ئەوەیە كە لە ئایندەدا ژیریی دەستكرد دەبێتە بەشێك لەم ئامراز و كەرەستانەی بەردەست ڕۆژنامەگەر و ڕاگەیاندنكاران بۆ ئەوەی بەكاری بهێنن، بەتایبەتی كە دەكرێت پشتبەستن بە ژیریی دەستكرد ببێتە هۆی ئەوەی بتوانیت كارەكان بە ڕەوتێكی زۆر خێراتر ئەنجام بدەیت، هەرچەندە دەبێت لەم ڕووەوە ئاماژە بەوەش بكەین، كە پرسیارەكە ئەوەیە كە چۆن دەكرێت بە شێوازێكی كارا و كاریگەر ئەم كارە ئەنجام بدرێت.

 

Top