ئاگا عەبدوڵڵا:   ئامانجم ئەوەیە فاشن هاوسێكی تایبەت بە كارەكەم هەبێت و خانمانی دیكەش فێر بكەم

ئاگا عەبدوڵڵا:     ئامانجم ئەوەیە فاشن هاوسێكی تایبەت بە كارەكەم هەبێت و خانمانی دیكەش فێر بكەم

 

 

ئاگا عەبدوڵڵا، دانیشتووی شاری سلێمانییە و دەرچووی بەشی ئەندازیاری بیناسازییە و خانمە گەنجێكی بەهرەدارە و بەهرەی لە ڕێكخستن و دیزاینكردنی جلوبەرگ هەیە. لە ئێستادا (كۆرسێت)ی خانمان دروست دەكات و یەكەم كۆلێكشنی كۆرسێتی لە ساڵی بڵاو (2022) كردووەتەوە. لە دیدارێكیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باسی ئەزموونی كارەكەی بۆ خوێنەران دەكات.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

ئاگا عەبدوڵڵا، سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە چۆن و بە چ هۆكارێك تێكەڵ بە بازاڕی كار بووە و هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «هەر لە كاتی زانكۆوە بیرم لەوە دەكردەوە كە دوای زانكۆ ئیشێك بكەم كە بە دڵی خۆم بێت و شتێك بێت كە هەموو ڕۆژێكیش ئەنجامی بدەم و لێی بێزار نەبم. ماوەیەكی زۆر بیرم لە توانا و حەزەكانی خۆم دەكردەوە، هەمیشە حەزم لە وێنەكێشان بووە و لەگەڵ ئەوەش حەزم لە ڕێكخستن و دیزاینكردنی جلوبەرگ بووە. دواتر هەستم كرد ئەگەر هەوڵ بدەم و فێری دیزاینكردنی جل ببم، دەتوانم تیایدا سەركەوتوو بم، بۆیە هەوڵم بۆی دا و لە ساڵی ٢٠٢٠ پەیجێكم دانا و سەرەتا تەنیا دیزاینەكانم لە پەیجەكەم پۆست دەكرد، دواتر هەوڵم دا، دیزاینەكان بكەم بە جلوبەرگی ڕاستی، وردە وردە هەر جارەو شتێكم دروست دەكرد، تاكو ڕۆژێك بیرۆكەی ئەوەم بۆهات كە كۆرسێت دروست بكەم و سەیرم كرد، خۆشحاڵانە بینەرەكان زۆر حەزیان لێ بوو و خواستی لەسەر بوو. بۆیە یەكەم كۆلێكشنی كۆرسێتم لە ساڵی (٢٠٢٢) بڵاو كردەوە. كە دەستیشم پێكرد، هەر چەند مانگێكی نەبرد، كۆرۆنا دەستی پێكرد و ئەوە یەكێك بوو لە ئاستەنگەكان، چونكە هاتوچۆ نەبوو و چوونە دەرەوە نەبوو، بۆیە كڕیاریش زۆر كەم بوو، بەڵام دواتر وردە وردە ژیان ئاسایی بۆیەوە و خواستێكی زۆری لەسەر بوو».

ئاگا عەبدوڵڵا، سەبارەت بەو ئاستەنگانەی دێنە بەردەم كاركردنی ئافرەتان بە شێوەیەكی گشتی، دەڵێت: «ئاستەنگەكان هەمیشە بەردەوامن، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە هەوڵدان نەوەستین و ڕێگایەك بدۆزینەوە كە بەسەریدا زاڵ بین.» گوتیشی: «بە ڕای من بەڕێوەبردنی كار و بزنێسی خۆت كارێكی ئاسان نییە، بەڵام ئەگەر حەزت لە بواری كارەكەت هەبێت، ئاستەنگەكان سەخت نابن و دەتوانیت بە سەریدا زاڵ بیت و كاری زۆر گەورەتر بكەیت. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا زۆر گرنگە كە چواردەورەكەت پاڵپشتت بن. من زۆر جار هەبووە كە ویستوومە واز بێنم، بەڵام خێزان و هاوڕێی باشم بەردەوام هانیان داوم كە لە كارەكەم بەردەوام بم، چونكە هەموو ئاستەنگە قورسەكان كۆتاییان دێت، لەگەڵ ئەوەش بینەرەكانی پەیجەكەم زۆر پاڵپشتمن و ورەم پێ دەبەخشن. واتە ئەوانیش بەشێكی زۆر گرنگی ئەم كارەی منن و سوپاسی هەموویان دەكەم. دیارە كارەكەم دیزاینی جلوبەرگە، بەڵام لە ئێستادا كاری دروومانەكەشی خۆم دەیكەم، چونكە بزنێسەكەم بچووكە، جارێ كارمەندم نییە، لە كاتی ئامادەكردن بۆ ئیڤێنتی بزنێسە خۆماڵییەكان (local business events) دایكم و خوشكەكانم یارمەتیم دەدەن لە ئامادەكردنی جلەكان، بە خۆشحاڵییەوە خێزانەكەم هەموویان سەپۆرتی كارەكەم دەكەن و هانم دەدەن كە بەردەوام بم».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە چ پەیامێكت بۆ خانمان هەیە بۆ ئەوەی تێكەڵ بە بازاڕی كار ببن و خاوەن داهاتی خۆیان بن؟ گوتی: «ئەگەر هەر كەسێك ئامانجێكی هەیە و پڕ بەدڵ حەز دەكات، لە بوارێكدا كار بكات، پێویستە هەر ئێستا دەستی پێ بكات و چاوەڕێی كەس نەكات. دەستپێكردن و بەردەوامبوون دەتگەیەنێت بەوەی كە دەتەوێت، بێگومان دەبێت هەوڵی بەردەوامی فێربوون بدەن لەو بوارانەی كە سوودی دەبێت بۆ ئامانجەكەیان. خۆیشم بۆ داهاتوو ئامانجەكەم ئەوەیە كە فاشن هاوسێكی تایبەت بە كارەكەم هەبێت و بەرهەمەكانم بناسرێتەوە بە جیاوازییەكەی، هەروەها كۆرس بەردەست بكەم، كە ئەو شتانەی دەیزانم فێری كەسانی دیكەشی بكەم و سوودمەند بن».

Top