ئایا ناوكی سێو ژەهراوییە

ئایا ناوكی سێو ژەهراوییە

سێو بەهایەكی خۆراكیی بەرزی هەیە، بەڵام پێویستە كە دەنكەكان یان تۆوەكانی هەرگیز نەخورێن. تۆوەكانی سێو Apple seeds ژەهراوین تەنیا ئەگەر پاش هاڕین یان وردكردنیان ئینجا بە بری زۆر بخورێن، چونكە تۆوەكانی سێو هاوشێوەی دەنكەكانی قەیسی، هەرمێ، گێلاس ئاوێتەی ئەمیگدالین Amygdalin لەخۆدەگرن، كە پێكهاتووە لە ئاوێتەی سایاناید Cyanide و شەكر. لە لایەنی كیمیاییەوە ئاوێتەی ئەمیگدالین لە كۆئەندامی هەرسدا شی دەبێتەوە بۆ سایانایدی هایدرۆجین HCN كە زۆر ژەهراوییە و هەندێك جار ژیان دەخاتە مەترسییەوە. نیشانەكانی ژەهراویبوون بە سایاناید: سەرئێشە، سەرسووڕان، زیادبوونی لێدانەكانی دڵ، هەناسەتەنگی، ڕشانەوە و پاشان پەركەم، كەمبوونەوەی لێدانەكانی دڵ، دابەزینی پەستانی خوێن ئینجا لەهۆشچوون. ئەمە سەلمێنراوە كە قووتدانی دەنكی ساغی سێو هیچ مەترسییەكی نییە ئەگەر نەجوورێت، چونكە هەرس نابێت و شی نابێتەوە پاشان فڕی دەدرێتە دەرەوەی لەش، هەروەها جووینی چەند دانەیەك تۆوی سێو هێشتا بێ زیانە، چونكە لە گەدەدا ڕێژەیەكی كەمی لە ئاوێتەی سایاناید لێ دەردەچێت، كە مەترسیی بۆ تەندروستی نییە، لەوكاتەی كە ڕێژەی مەترسیداری سایاناید لە نێوان 59-300 ملگم دایە، واتە پاش خواردنی 80-500 دانە تۆوی هاڕاوی سێو.

Top