حوسێن عەلی ئاغا فەیلی  لە ڕێكخراوی ماڵی فەیلی بۆ گوڵان:   پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان مەلا مستەفا بارزانی و كوردانی فەیلی هەبوو، هەر ئەمەش بوو وای لێكردن هاوكاریی شۆڕشی ئەیلوول بكەین

حوسێن عەلی ئاغا فەیلی   لە ڕێكخراوی ماڵی فەیلی بۆ گوڵان:     پەیوەندییەكی بەهێز لە نێوان  مەلا مستەفا بارزانی و كوردانی فەیلی هەبوو، هەر ئەمەش بوو وای لێكردن هاوكاریی شۆڕشی ئەیلوول بكەین

 

 

جینۆسایدی كوردانی فەیلی بەهۆی كوردبوون و پاڵپشتیان بووە لە شۆڕشی ئەیلوول، كەچی نەیارانی كورد دەیانەوێت تەنیا مۆركێكی فەیلی و مەزهەبی بەم جینۆسایدەی كوردانی فەیلییەوە بدەن، لەكاتێكدا عەرەبی شیعە لە عێراقدا زۆر بوو، كەچی تەنیا لەبەر كوردبوونی فەیلییەكان و نزیكییان لە مەلا مستەفا بارزانی-یەوە هۆكاری بەزۆر ڕاپێچكردن و كۆمەڵكوژیی كوردانی فەیلی بوو، گۆڤاری گوڵان لە میانەی زنجیرە دیدارەكانی لەسەر جینۆسایدەكە، چەند پرسیارێكی ئاراستەی حوسێن عەلی ئاغا فەیلی لە ڕێكخراوی ماڵی فەیلی كرد، كە خانەوادەكەی قوربانیی زۆریان لە شاڵاوی جینۆسایدەكەدا هەبووە و خۆیشی كەسایەتییەكی ناسراوی ناو كوردانی فەیلی-یە.

 

* بەو پێیەی بەڕێوەبەری ئیداری ڕێكخراوی ماڵی فەیلی و، پێشتریش ئەندامی كۆمەڵەی ڕۆشنبیریی كۆمەڵایەتیی كوردی فەیلی بوویت، با سەرەتای پرسیارمان لەوەوە دەست پێ بكەین، ئایا ئەم جینۆسایدەی لە عێراقدا دژی كوردانی فەیلی لە سەرەتای هەشتاكاندا ئەنجام درا، تاچ ڕادەیەك دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدی نێودەوڵەتییەوە؟

- جینۆسایدی كوردانی فەیلی لەسەر دەستی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق ئەنجام دراوە، بەتایبەتی ڕژێمی بەعس، كە لە سەرەتای ساڵانی 1980 – 1990 لەو پەڕی دڕندایەتی و بەهێزیدا ئەم كۆمەڵكوژی و جینۆسایدەی ئەنجام داوە، ئەمەش هەمووی لەبەر كوردبوون و پاڵپشتیمان بوو بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەتایبەتی لە شۆڕشی ئەیلوولدا، ئەو سەردەمە كوردانی فەیلی پەیوەندییەكی بەهێزیان لەگەڵ باوكی ڕۆحی كورد مەلا مستەفا بارزانی هەبوو، بۆیە پشتگیری و پاڵپشتیی بەهێزی شۆڕشی ئەیلوولیان دەكرد، ڕژێمی بەعس بەتایبەتی پیاوانی موخابەرات نەیاندەویست خەڵكێكی وا شۆڕشگێڕ و كوردپەروەر و بەتوانا كە لەناو جەرگەی بەغدا و ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلە بوون، پاڵپشتی شۆڕشەكەی مەلا مستەفا بارزانی بكەن، ئەوان لە سەرەتای هەشتاكان و لە سەروبەندی خۆئامادەكردن بوون بۆ شەڕێكی سەخت لەگەڵ ئێراندا، بۆیە سەرەتا بە بازرگان و دەوڵەمەندەكانی كوردی فەیلی لەناو جەرگەی بەغدا دەستیان پێكرد و، دواتریش لە قۆناغێكی دیكەی شاڵاوی جینۆسایدەكەدا ڕوویان لە ناوچەكانمان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی دیجلە كرد، ئێمە لەو سەردەمەدا لە خانەقین كەسوكار و خانەوادەكەمان هەموو كەوتنە بەر پرۆسەی شاڵاوی بەزۆر ڕاپێچكردنیان بۆ ئێران و، دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا و گەنجەكانیان دەستگیركران و زۆریان تاكو ئێستاش ڕوفاتەكانیان دیار نییە، ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ دواوە ئەوا وردەكاریی ئەم شاڵاوانەمان بۆ دەردەكەوێت، كە بەشێوازی جۆراوجۆر لە سەردەمی ڕەشید عەلی گەیلانی لە ساڵی 1948 ـەوە دەستی پێكردووە و، لە ساڵەكانی 1972 و 1974 و 1975 درێژەی هەبوو، كە بە شاڵاوی ڕاپێچكردنی زۆرەملێی یەكەم و دووەم ناو دەبرێت، بەڵام لە ساڵی 1980 لە ڕاپێچكردنی زۆرەملێی سێیەم بارودۆخەكە زۆر ئاڵۆز و ڕەشبگیرییەكە دڕندانە تر بوو، بەم شێوەیە لە مانگی نیسانی ساڵی 1980 لە شاڵاوێكی گەورەی ڕژێمی ئەو كاتی عێراقدا زیاتر لە 600 هەزار كوردی فەیلی ڕاپێچی زۆرەملێی ئێران كران و 22 هەزار گەنج بێسەروشوێن كران و دەست بەسەر ماڵ و حاڵیاندا گیرا، بە پاساوی (( التبعیة الایرانیة)) و تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییە، ئەم تەبەعییەی هەندێك لە خێزان و خانەوادەكانی كوردانی فەیلی تەنیا بۆ ئەوە بوو لە سەربازیی زۆرەملێی عوسمانییەكان خۆمان بدزینەوە، تاوەكو بۆ شەڕكردنی عوسمانییەكان گەنجەكانمان نەنێردرێتە ناوەڕاستی ئەوروپا و شوێنبزر بن، كە سۆراغیان نەدەما و هەر نەدەگەڕانەوە، من باپیرم ڕەگەزنامەی عوسمانیی دەرنەدەكرد تاوەكو بەو تەبەعییەی ئێرانییە هەم ڕاپێچی بەزۆرەملێی خزمەتی سەربازی نەكرێت، هەمیش سەرقاڵی كاری بازرگانی و كاسبیی خۆی بێت لەودیو سنووری ئێران، لە تەقینەوەكەی زانكۆی موستەنسرییەش كە پیاوانی ڕژێم و موخابەرات تۆمەتەكەیان خستەباڵ سەمیر غوڵام و گەنجەكانی كوردی فەیلی، ئێمە ئەو كات ئەو قوتابییە و هاوڕێكانمان دەناسی، كە بە هیچ شێوەیەك پەیوەندییان بەو تەقینەوەوە نەبوو، ئەمە تەمسیلییەكی پیلان بۆ داڕێژراو و بە مەرام بوو، لە پێناو تۆمەتباركردنی كوردانی فەیلی و دەستپێكردنی ڕەشبگیری لەناو خێزانە كوردەكان لە بەغدا، ئەمە دەستپێكی قۆناغێكی نوێی كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی كوردی فەیلی بوو، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی كولتووری و نەتەوەیی و داگیركردنی خاكەكەمان، تەنانەت دەستیان بۆ پیرۆزییەكانی خێزانەكانیش برد كاتێك بە بڕیاری 666 زۆر ژن و مێردی كوردی فەیلییان ناچار كرد لێك جیا ببنەوە، لەم ڕوانگەیەوە و بە هەموو پێوەرەكانی نێودەوڵەتی و بەڵگەنامەی ڕێكخراوە جیهانییەكان، ئەم شاڵاوە دەچێتە چوارچێوەی جینۆسایدێكی ڕوون و ئاشكرای گەلی كورد، كە بە تێپەڕبوونی كات كۆن نابێت و دەبێت بەزیندوویی ڕابگیرێت و قەرەبووی قوربانییەكانیش بكرێتەوە.

* لە زۆربەی دیدارەكانی تایبەت بە جینۆسایدی كوردانی فەیلی، كەسایەتییەكانی كوردانی فەیلی بە گرنگییەوە باسی ئەو پەیوەندییە بەهێزە و نزیكبوونەوەی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و كوردانی فەیلی دەكەن، ئایا لەو سەردەمەدا ڕۆڵی كوردانی فەیلی لە پاڵپشتیكردنی مەلا مستەفا بارزانی و شۆڕشی ئەیلوولدا چۆن بوو؟

- كەسایەتیی مەلا مستەفا بارزانی و گەورەیی و كاریزمایی ئەم سەركردەیە لەوەدا بوو بۆ هەموو پێكهاتەكانی كورد و نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان خەباتی دەكرد، هەربۆیە لە هەموو نەتەوە و ئایینزاكان و ناوچەكانەوە هەر لە زاخۆوە تاكو خانەقین پێشمەرگەی مەلا مستەفا بارزانی بوون و، ئەویش خۆشەویستیی هەموو نەتەوەی كورد و كوردستانییەكان بوو، بارزانیی نەمر كوردانی فەیلیی خۆشدەویست و دەیزانی لە ناو عێراقدا ڕووبەڕووی چ زوڵم و چەوسانەوە و پەراوێزخستنێك بوونەتەوە، لە بەرامبەردا كوردانی فەیلییش مەلا مستەفا بارزانییان وەكو سەركردە و زەعیمێكی گەورەی نەتەوەیی دەناسی و خۆشیان دەویست، كاتێك مەلا مستەفا بارزانی لە ڕووسیا گەڕایەوە بۆ عێراق هەر لە شاری بەسراوە تاوەكو بەغدا و شوێنی نیشتەجێبوونی، كوردانی فەیلی پێشوازیی گەرمیان لێ كرد و شەوانەش پارێزگارییان لێ دەكرد، نەوەكو شۆڤێنییەكان زیانی پێ بگەیەنن، بەرزكردنەوەی ئۆتۆمبێلی مەلا مستەفا بارزانی لە شەقامەكانی بەغدا لەلایەن كوردانی فەیلییەوە ڕووداوێكی گەورە بوو، كە لەناو ئاپۆڕای ئەو هەموو كادیر و لایەنگر و جەماوەرە كوردەوە خۆشەویستییان بۆ دەربڕی، ئەم پەیوەندییەی نێوان مەلا مستەفا بارزانی و كوردانی فەیلی بەهۆی ئەو زوڵم و چەوسانەوەیە بوو كە ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بەهۆی كوردبوونییانەوە دژی فەیلییەكان ئەنجامیان دەدا، مەلا مستەفا بارزانیش بەرگریی سەختی لێ دەكردن، بۆیە كوردانی فەیلی هاوكاری و كۆمەكی شۆڕشیان دەكرد و تەنانەت ئامێرەكانی ئێزگەی دەنگی كوردستانیان بۆ مەلا مستەفا بارزانی گەیاندە حاجی ئۆمەران، مەلا مستەفا بارزانی زۆربەی بەرپرس و سەركردەكانی مەكتەب سیاسی و ناو بەش و ڕێكخراوەكانی پارتی كوردی فەیلی بوون، هەر لە حەبیب محەمەد كەریم سكرتێری پارتی و یەدوڵڵا فەیلی و سەرۆكەكانی ڕێكخراوی ئافرەتان و قوتابیان و دەیان سەركردەی دیكەی كوردی فەیلی، كە لە ناو ڕیزەكانی پێشمەرگەدا بوون.

* یەكێك لە هۆكارەكانی جینۆسایدی كوردانی فەیلی و كۆمەڵكوژیی كورد بە گەمارۆی ئابووری و داگیركردنی خاك و ماڵوحاڵی كوردان دەستی پێ كردووە، ئایا تا چ ڕادەیەك هێرش و پەلاماردانەكانی ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بۆ داگیركردنی خاكی كوردان و تەرحیلكردنیان بووە؟

- ئەم كوردە زوڵملێكراوە بەردەوام كەوتووەتە بەردەم جینۆسایدێكەوە، كە بە برسیكردن و گەمارۆی ئابووری و جەنگی ئابووری دەستی پێكردووە، كوردانی فەیلیش هەر وایان لێ كردن، سەرەتا پەراوێزخران و دواتر ناسنامەی بازرگانییان لە گەورە بازرگانەكانی كوردانی فەیلی وەرگرتەوە، دواتر بە زۆرەملێ خێزانەكانیان ڕاپێچی ئێران كرد، دوای ئەوەی دەستیان بەسەر ماڵ وحاڵیاندا گرت، پیاوانی ڕژێم وەكو دەستكەوتێك كڕین و فرۆشتنەوەیان پێوە كرد، هەرچی كوردی ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی دیجلەش بوو بە بیانووی شەڕی عێراق - ئێرانەوە باغ و بێستان و خاكەكانیان دەستی بەسەرداگیرا، لە قۆناغێكی دیكەدا لە ناوچە سنوورییەكانی وەكو خانەقین و بەدرە و مەندەلی و ناوچەكانی دیكە، تەرحیلی شارەكانی دیكەی عێراقیان كردن.

* دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ و ڕووخانی ڕژێمی بەعس، بۆچی حكومەتی عێراق هەنگاوی جدیی نەناوە بۆ قەرەبووكردنەوەی كوردانی فەیلی، لە كاتێكدا دادگای تاوانەكانی عێراق و پەرلەمان ددانیان بەم جینۆسایدەی كوردانی فەیلیدا ناوە؟

- یەكێك لە تاوانەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق و تەنانەت بڕیارەكانی ددانپێدانی كۆمەڵكوژی دژی كوردانی فەیلی، بۆ جووداكردنەوەی دۆسێی جینۆسایدەكەیە لە نەتەوەی كورد، ئەوان باسی هەموو ئەو زوڵم و زۆرداری و غەدر و كوشتنە دەكەن كە حزبی بەعس دەرهەقی (فەیلی) وەكو مەزهەبی شیعە كردوویەتی نەوەكو كوردی فەیلی، كوردەكانیش لە ترسی ئەو ئیرهابە شۆڤێنی و بارودۆخەی شەڕی ناوخۆ و دژایەتییەی كورد بە ناچاری لە بەغدا بێدەنگییان هەڵبژارد، لە ساڵی 2010 لە عێراق هەندێك بڕیاری قەرەبوو بۆ كوردانی فەیلی دەرچوو، بەڵام جێبەجێ نەكرا، ئێستاكە ئومێدمان بە سەرۆكی كورد مەسعود بارزانی-یە كە لە زۆربەی بۆنە و مەراسیمەكاندا باسی ئەم جینۆسایدەی كردووە، تەنانەت دەبووایە پێشنیارەكەی بۆ دامەزراندنی سەنتەرێكی كوردانی فەیلی هەر زوو جێبەجێ بكرایە، كێشەی بچووككردنەوەی كەیسی كوردی فەیلی لەو كوردانەیە كە خۆیان وەكو فەیلی ناودەبەن و مۆركێكی شیعەی دەدەنێ، لەكاتێكدا ئەم كەیسە لە دوور و نزیكەوە پەیوەندی بە مەزهەبەوە نییە، ئەمە مەرام و سیاسەتی داگیركارانەی كوردە، كە كورد وەكو خێڵ و هۆز و پێكهاتەی بچووك لێك جیا بكەنەوە، لەم پێناوەشدا پارە و هەوڵێكی زۆری تێدا خەرج دەكرێت. كوردانی فەیلی زۆر جەنابی سەرۆك بارزانی-یان خۆش دەوێت و داواكارن پێشنیارەكانی لە ڕێگەی سەرۆكایەتیی هەرێم و حكومەتی هەرێمەوە جێبەجێ بكرێت، خۆ هەر هیچ نەبێت دەبێت سەنتەر و مۆزەخانەیەك و مۆنۆمێنتێك بۆ جینۆسایدی كوردی فەیلی لە پایتەختی هەرێمی كوردستان دروست بكرێت و، ڕێكخراوەكانی كوردانی فەیلیش لە یەك نزیك بكرێنەوە و مۆركێكی نەتەوەیی پێ بدرێت و دوور بخرێتەوە لە حزبایەتی.

 

Top