ئیبراهیم رەئیسی بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێران هەموو کات پاڵپشت و دۆستێکی گەورەیە بۆ عێراق و کوردستان

ئیبراهیم رەئیسی بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێران هەموو کات پاڵپشت و دۆستێکی گەورەیە بۆ عێراق و کوردستان

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان بە ئاسایشی خۆیان دەزانن. لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ تاران گوتی، ''هیوادارم ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانمان.''

ئەمڕۆ دووشەممە 06-05-2024، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ''ئێران هیچ بەربەستێکی بۆ پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوورییەکان و پەیوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نییە."

بە گوێرەی ئاژانسی فەرمیی ئێران (ئیسنا)، رەئیسی بە نێچیرڤان بارزانی گوتووە، "هیوادارم سەردانەکەت ببێتە هۆکارێک بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی نێوانمان.'' جەختیشی لەوە کردووەتەوە، ''سنوورە درێژەکانی نێوان هەردوولا بە دەرفەتێکی بەنرخ دەزانین بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی پەیوەندییەکان، بەڵام ئەمن و ئاسایش پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ هەر جۆرە هاوکاری و پێکەوە کارکردنێک.''

سەرۆککۆماری ئێران ئاماژەی بەوە کرد، ''عێراقێکی بەهێز لە چوارچێوەیەکی یەکگرتوودا پێکدێت و ئێمە هەموو کات پاڵپشتی لە یەکگرتوویی عێراق دەکەین. پاڵپشتیی ئێران بۆ کورد لە رۆژە سەختەکاندا، ئەوە دەسەلمێنێت کە هەموو کات پاڵپشت و دۆستێکی گەورەیە بۆ عێراق و کوردستان''.

''ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی خۆمان دەزانین''

رۆژی 19ی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەوکاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد و یەکێک لە خاڵەکانی تایبەت بوو بە دوورخستنەوەی هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان.

ئیبراهیم رەئیسی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگیی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، ''ئێمە متمانەمان بە نیازپاکی و دۆستایەتی برا عێراقی و کوردەکانمان هەیە، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رق و کینەی دوژمنان لە نێویاندا رژێمی زایۆنی، لە دژی نەتەوەی ئێران، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی رێگری لە هەر جۆرە خراپ بەکارهێنانێکی خاکەکەیان لە دژی ئێران بکەن."

ئیبراهیم رەئیسی بۆ نێچیرڤان بارزانی: ئێران هەموو کات پاڵپشت و دۆستێکی گەورەیە بۆ عێراق و کوردستان
Top