پ.د.نەزاكەت حسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ: حوکمڕانیی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەکی هەیە قەیرانی کردووەتە دەرفەت
پ.د.نەزاكەت حوسێن ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە گفتوگۆی ئەمجارەی بازنەی گفتوگۆ « هەرێمی كوردستان لەناو گێژاوی ململانێی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا» بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەروو.
ئەوە دەزانین هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ناو بەشێک لەو ململانێ و گرژییانەی لەعێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن. کە دەتوانین بڵێین کۆمەڵێک کێشەی ئاڵۆزو فرەڕەهەندی لە بواری سیاسی و ئابووری و ژینگەیی بۆ هەرێم دروست کردووە، بەڵام لەهەمان کاتدا زۆرجار قەیران و گرژی ومەترسییەکان دەرفەتیش دەڕەخسێنن و دەرگا دەکەنەوە. ئەوەی لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ئەزموون کرا لەم هەرێمەدا و هەرێمی گەیاندە ئەم قۆناغە گەشەکردنە، هەمووی دەرفەت نەبوو، بەڵکو قەیرانی یەک لەدوای یەکی بۆ دروستکرا، بەڵام عەقڵییەتی حوکمڕانییەکەی هەرێم توانی بیکات بەدەرفەت، چونکە هەرێمی کوردستان جەزیرەیەک نییە چواردەوری ئاو بێت، تاکو کردبێتیە ناوچەیەکی گەشتیاری یان سەرەڕێگایەکی بازرگانی، وڵاتێکی پیشەسازیی گەورەش نین تاکو خاوەن پێگەیەکی ئابووری گەورە بین لە ئاست جیهاندا و لە هاوکێشە سیاسی وئابوورییەکان کاریگەریمان هەبێت، بەڵکو ئێمە هەرێمێکین چواردەور دراوین بەگرژی وململانێ و ئاگر، بەڵام عەقڵییەتە حوکمڕانییەکەی کردوویەتیە ناوچەیەکی گەشتیاری، کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار لە وڵاتی جیاجیاوە دێنە کوردستان، هەزاران کۆمپانیاو کارگەی وەبەرهێنان هاتوون ئامادەن بێنە ئەم هەرێمە وەبەرهێنان بکەن. لە کۆنفرانسە جیهانییەکانی وەک میونشن و داڤۆس و لووتکەکان وەک دەوڵەت هەرێمی کوردستان نوێنەری بەشداری پێدەکرێت، بۆ هەماهەنگی وچارەسەری کێشە جیهانییەکان، لە بواری بازرگانیدا وڵاتانی دەوروبەر کێبرکێیانە کامیان بتوانێت زۆرترین گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ هەرێم واژۆ بکات. دروستکردنی ئارامییەک لەم ناوچەیە کردویەتییە ناوچەیەک بۆ چالاکیی زانستی و کۆنفرانس و دیبەیتی پرسە جۆراوجۆرەکان و هاتنی شاندە دیبلۆماسی و سیاسییەکان. جگەلەوەش بووەتە ناوەندێک کە زۆرجار سیاسییەکانی ناوچەکە بۆ کردنەوەی گرێ کوێرە سیاسییەکان چارەسەری گرفت و قەیرانە سیاسییەکان ڕوو لە هەرێم و سەرکردەکانی هەرێم و بەتایبەتی سەرۆک و ڕابەری کورد کاک مەسعود بارزانی دەکەن. ئەم گەشەسەندنانەش وایانکردوە نەیارەکانمان بەردەوام پلان لەدوای پلان و قەیران لەدوای قەیرانمان بۆ دروست بکەن، تاکو بوەستین و زیاتر گەشەنەکەین. بەڵام سەرباری کرانەوەی ئەم دەرفەت و دەرگایانە مەترسییەکانیش هەن، پشتیوانییەکانیش هەن. گرنگە بزانین چۆن سوود لە پشتیوانییەکان وەرگرین، بەردەوامی بە پشتیوانییەکان بدەین و لەمەترسییەکانیش خۆمان دەربازبکەین. بۆئەمەش دەبێت سوود لە خاڵە بەهێزەکانمان وەرگرین، کە بەبڕوای من خاڵی بەهێزمان پێش هەموو شتێک ئیرادەی گەلەکەمانە، وەبەرهێنانکردن لەم ئیرادەیە گەورەترین سەرمایەیە بۆمان، ئەویش بە بەهێزکردن و برەودان بەهەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لایان، نەهێشتنی بۆشایی لەنێوان حکومەت و خەڵک بۆ ڕێگریکردن لە کارکردنی ناحەزان و خۆفرۆشان لەم بۆشاییەدا وئەوانەی کە دەیانەوێت زۆرجار ناڕەزاییەکی خەڵک بقۆزنەوە بۆ بەرژەوەندییە کەسی یان حزبی و سیاسیی خۆیان، یان بوونە مەیدانێکی ئەم بۆشاییەی نێوان خەڵک و حکومەت، بۆ ئیشکردنی نەیاران و دەستی دەرەکی، ئەم ئیرادە و ئینتیما و هەستەش چۆن بەهێز دەبێت، پێش هەموو شتێک گوێگرتنی زیاتری حکومەتە لە خەڵک و زیاتر تێکەڵ بوون و نزیک بوونەوە لێیان و هەبوونی گفتوگۆی بەردەوام لەگەڵیان لە ڕێگەی دیدار لەگەڵ چین وتوێژەکان یان لە ڕێگەی ڕاگەیاندن بزانین لەکوێدا ئەو درزە هەیە و درووست بووە، کە نەیاران خۆیان تێدا حەشارداوە پڕی بکەینەوە. ڕاگەیاندن ئامرازێکی کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی پردی پەیوەندیی نێوان حکومەت و خەڵک و دروستکردن و بەهێزکردنی ناسنامە و هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی، بۆیە دەبێت پێداچوونەوە بە ڕاگەیاندنەکانمان بکەین وهەوڵی زیاتر بۆ هەبوون وکۆکردنەوەی ڕاگەیاندنەکان بکەین لەخزمەتکردنی ئەم بوارە. هێزی دیكە و خاڵی بەهێزمان دۆزینەوەی سێکتەری دیكەی سەرچاوەی ئابووریە وەک کشتوکاڵی و برەودانی زیاتر بەکەرتی گەشتیاری و وەبەرهێنان و بەرهەم هێنانی خۆماڵیی جۆراوجۆر و کاری دەستی. هێزی دیبلۆماسی و بەهێزکردنی پەیوەندیی زیاتر لەگەڵ دۆستەکانمان و پشتیوانەکانمان، پاراستنی ئەو سروشتە فرەیی و پێکەوەژیانە سیمایەکی بەهێزی هەرێمە و جێگای سەرنجی چاودێران و وڵاتانی دەرەوەیە. کارکردن کاری پێکەوەیی و دانوستان و لێکنزیکردنەوەی لایەنە سیاسییەکان کەمتر دەرفەت دەدات بۆ هاتنە ناوەوەی نەیاران و دەست تێوەردان. ئەوەش لە ڕابردوودا بینیمان کە ئیرادەی ئەم هەرێمە توانیویەتی قەیران و ململانێ بکاتە دەرفەت، بۆ ئایندەی هەرێمیش من ئەوە دەبینم کە بەدەست خۆمانە بەشێکی گرژییەکان لەناومان بەرێت یان سەرکەوتنمان پێبدات، دڵنیاشم ئەو ئیرادەشمان هەیە.