پەستانی بەرزی خــوێن لە گەنجەكاندا

پەستانی بەرزی خــوێن لە گەنجەكاندا

هەتا ئەگەر تۆ گەنجێك بیت لە تەمەنی نێوان بیستەكان یان سییەكاندا، لەوانەیە كە دوچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بیت. راپۆرتەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی پزیشكیی سیدار ساینای Cedar-Sinai لە شاری لۆس ئەنجیلیس/ كالیفۆرنیا ئاماژەیان بەمە كردووە كە نزیكەی نیوەی گەنجانی تەمەن 20 ساڵی تووشی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بوونەتەوە هەتا ئەگەر بە تەندروستییانەوە دیار نەبێت، واتە كەسانی تەندروست و چاڵاك بن، چونكە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە شێوەیەكی گشتی نیشانەیەكی دیاریكراوی نییە تا ئەو كاتەی ئاڵۆزی لە بەشێكی لەشدا پەیدادەكات. باشە بۆچی گەجێكی 25 ساڵی دوچاری بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن دەبێت؟ هۆكارەكان دەگەڕێنەوە بۆ ستایلی ناتەندروستی ژیان وەكو: خۆراكی ناهاوسەنگ و ناڕێك، كەمی جوولە و مەشقی وەرزشی، زیادبوونی كێشی لەش و قەڵەوی، هەروەها جگەرەكێشان. پەستانی بەرزی خوێن بە تێپەڕبوونی كات و هێمنانە لەش تێكدەدات و دەبێتە ئەگەری گرفتی گەورەی تەندروستی، بۆیە بە بكوژی بێدەنگ Silent killer ناسراوە. پەستانی ئاسایی خوێن بریتییە لە 120/80 ملم جیوە، پێوانەی 120-129/80 بە پەستانی بەرز هەژمار دەكرێت، هەروەها پێوانەی 130-139/80-90 مام جیوە بە پەستانی بەرزی قۆناغی یەك دادەنرێت، پێوانەی 140/90 یان بەرزتر بە پەستانی بەرزی قۆناغی دوو دادەنرێت. پەستانی بەرزی خوێن كە بێ كۆنترۆلكردن بەردەوام بێت، هۆكارە بۆ ئەستووربوونی ماسوڵكەی دڵ و گرفت لە پاڵنانی خوێندا، هەروەها دەبێتە هۆی رەقبوون و تەسكبوونەوەی خوێنبەرەكان، دەرەنجام ئەگەری تووشبوون بەم حاڵەتانە زیاد دەبێت: نەخۆشیی دڵ، جەلتەی مێشك Stroke، نەخۆشیی گورچیلە، هەروەها نەخۆشیی چاو.

 

Top