خـــەلــیـــل مــحــەمـــەد ئـــەنـــدامـــی پــێــشــووی پــەكـــەكـــە بــــۆ گــــوڵان: پەكەكە نەك تەنیا باوەڕی بە بیری نەتەوەیی نییە، بەڵكو دژی سەربەخۆیی كوردستانە
چەكدارانی پەكەكە چەندین شوێنی سنووری خاكی هەرێمی كوردستانیان داگیر كردووە، هەر بەم هۆیەوە ژمارەیەكی زۆری گوندە سنوورییەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە و دەستی سوپای و درۆنی توركیان ڕاكێشاوە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی داگیركەری كوردستان كار دەكەن. بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیكە، گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ خەلیل محەمەد ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجام دا.
* هەرێمی كوردستان بووەتە پێگەیەك بۆ هەموو گەلی كوردستان لە هەر چوار پارچەدا، ئایا لایەنگران و ئەندامانی پەكەكە و گرووپە چەكدارەكانیان ئەم ڕاستییە نازانن كە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتانی داگیركەری كوردستان كار دەكەن؟
- هاتن و پەلاماردانی باشووری كوردستان لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە خۆی لەوەوە دەبینێتەوە كە لە باشووری كوردستان قەوارە و كیانێكی ئازاد و دیموكرات و فیدڕاڵ و سەربەخۆ هەیە، كە بووەتە چەتر و پەناگەیەكی بەهێز و سەقامگیر بۆ هەموو تاكێكی كوردستانی لەهەر شوێنێكی دنیا بن. هەر بۆیە پێویستە هەموو تاكێكی كورد لەو دنیایەدا، وەكو دڵ و گیان و چاوی خۆی ئەو بەشە ئازادەی كوردستان كە هەرێمی كوردستانە بپارێزیت. بێگومان چەكدارانی پەكەكە لێرە بوونەتە سەرئێشە و زەحمەتێكی گەورە بۆ حكومەت و لایەنی ئەمنیی هەرێمی كوردستان، لێرە باسی نموونەیەك دەكەین، چەكدارانی پەكەكە لەگەڵ هاتنی داعش بۆ شنگال هاتوونەتە ناوچەكە و ئەگەرچی شەڕ كۆتایی هاتووە و مەترسیی داعش لەسەر ناوچەكە نەماوە و هێزی پێشمەرگە هەرچی پێویستە وەك ئەرك لەسەریان بۆ خزمەتی كوردستان پێشكەشی دەكەن، بەڵام چەكدارانی پەكەكە لە شنگال ناكشێنەوە و چۆڵی ناكەن، تاوەكو ناوچەكە ئارام و ئاوەدان ببێتەوە و خوشك و برایانی ئاوارەی ئێزدی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
* ئایا ئەو كارە تێكدەرییانەی چەكدارانی پەكەكە ئەنجامی دەدەن، بووەتە هۆكاری ئەوەی جەماوەریان لە دەست بدەن؟
- پێویستە بڵێین، لەو كاتەی كە باكووری كوردستان خاوەنی ئەو هەموو چیا و شاخە سەخت و دژوارانەیە، بەڵام چەكدارانی پەكەكە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیان كە باكووری كوردستانە بەجێهێشت و هاتن پەلاماری سنوور و خاكی هەرێمی كوردستانیان دا و چەند شوێنێكی كە بە خوێنی ڕۆڵە و نیشتمانپەروەرانی باشووری كوردستان ڕزگاركراون، داگیریان كردووە. بە شێوەیەك كە ئەو ناوچەو شوێنانەیان وێران كردووە و ژیانی تێدا نەماوە. بەم كارانە خەڵكی باكووری كوردستان بەتایبەت ئەوانەی بیری نەتەوایەتی و كوردایەتیان هەیە، بە تەواوی خۆیان لە پەكەكە كێشاوەتەوە و باوەڕیان پێیان نەماوە. لەلایەكی دیكەوە بەهۆی شەڕی خەندەق كە ماڵوێرانی و كاولكاری بۆ گەلی كورد و كوردستانی باكوور هێنا و تێدا باكووری كوردستان لە ڕووی گیانی و دارایی زەرەر و زیانی زۆریان بەركەوت، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە كە وای كردووە پەكەكە لە ڕووی چەكداراری و ڕێكخستنەوە زۆر لاواز بێت، بەتایبەت لە بەشی باكووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان، هاوكات سەركردەكانی چەكدارانی پەكەكە هەموویان باوەڕیان بە كوردایەتی نییە، بەڵكو باوەڕی ڕاستەقینەیان نەك ماركسییە، بەڵكو بۆ بەرژەوەندیی شەخسی و دارایی خۆیان كار دەكەن و كوڕ و كچ وگەنجانی كورد بەتایبەتی بە كوشتن دەەدن، بەبێ ئەوەی بزانن ئامانج و ستراتیژیەتیان چییە. ئەو هۆكارانە و چەندانی دیكە بۆ لایەنگیرانیان ئاشكرا بووە، بۆیە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ جەماوەریان كەم دەبنەوە.
* ئایا چەكدارانی پەكەكە چۆن بوونەتە داردەستی ئەو گرووپە لە یاسا دەرچووانەی كە دژی هەرێمی كوردستانن؟
- زۆربەی كردەوە چەكداراییەكانی پەكەكە پێشتر و ئێستاكەش لە هەرشوێنێكی كوردستانی گەورەش بێت و، بەتایبەتی ئەوەی لە باشووری كوردستان ئەنجامی دەدەن، بە داردەستیی وڵاتانی داگیركەر و حەشدی شەعبییە، هەموو پیلان و كارەكانی پەكەكە لە باشووری كوردستان بۆ نانەوەی ناسەقامگیری و ئاشووبە و دژایەتیێكی زۆری بەتایبەتی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، چونكە پەكەكە نەك تەنیا باوەڕی بە بیری نەتەوەیی نییە، بەڵكو دژی سەربەخۆیی كوردستانە كە سەربەخۆیی كوردستانیش پلان و ستراتیژیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەنابی سەرۆك بارزانییە، ئەمەش زیاتر دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر دەستی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی هاتەدی، بۆیە وڵاتانی دوژمن و داگیركەری كوردستان زیاتر دەستیان خستە پشتی پەكەكە بۆ نانەوەی كێشە و گرفتی جۆراوجۆر لە ناو هەرێمی كوردستاندا.
* ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە چەكدارانی پەكەكە لە باشووری كوردستان بەتایبەتی لە دەڤەری سلێمانی بە شێوەی گرووپ جموجووڵیان زیادی كردووە، بەمەش پشێویی زیاتریان ناوەتەوە. ئایا هیچ وڵات و لایەنێك هەیە پشتگیرییان لێ بكات؟
- پەكەكە هەر لەگەڵ پەلاماردانی سنووری باشووری كوردستان مەبەستەكانی بۆ هەموو خەڵك و میللەتی كورد دەركەوت، كە بیری نەتەوەیی و سەربەخۆیان بۆ گەلی كوردستان ناوێت، هەر ئەمەش وای كردووە بەردەوام شۆڕشگێڕان و ڕێكخستنەكانیان لێیان دوور دەكەونەوە. هەروەها لەدوای ئەوەی پەكەكە لەسەر ڕێگای نەتەوەیی لایدا، بووەتە هێزێكی چەكدار لە ناوچەكەدا كە بەپێی داواكاریی وڵاتانی هەرێمایەتی دەجووڵێتەوە هەر ئەمەش وای كرد، پەلاماری باشووری كوردستان بدەن و چەند ناوچەیەكی سنووری وەك چیای قەندیل داگیر بكەن و مەبەستی سەرەكی و مانەوەیان لەخاكی باشووری كوردستان دژ بە حكومەت و پەرلەمان و ئەو سەقامگیری و سەروەریی یاساییە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، لەلایەكی دیكەوە لەدوای شەڕی خەندەق چەكدارانی پەكەكە زیاتر ورە و توانایان لە هەموو ڕوویێكەوە بەتایبەتی لە ڕووی سەربازی داڕماوە، بۆیە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ دەبێت وەك چەند گرووپێكی چەكدار لەچەند ناوچەیەكی باشووری كوردستان بەتایبەت لە دەڤەری سلێمانی دەردەكەون، كە پێشتر لە ڕێگای پەكەكەوە دەستی سەربازانی توركیا گەیشتە ناوچە سنوورییەكان كە بەم هۆیەوە زیاتر لە (600) گوندی ئەو ناوچە و دەڤەرانە چۆڵیان كردووە و تا ئێستاكەش ئاوەدان نین. لە ئێستادا بە هۆی جووڵەی گرووپ گرووپی چەكدارەكانی پەكەكە لە چەندین ناوچەی جیاجیای هەرێمی كوردستان، درۆنی توركیا بۆردومانیان دەكات هاوكات، بەم هۆیەوە خەڵكی مەدەنی لەو ناوچانەی باشووری كوردستانیش ڕووبەرووی زیانی گیانی و دارایی بوونەتەوە. بێگومان ئەو كارانەی چەكدارانی پەكەكە بەبێ پشتگیریی لایەن و وڵاتان نابێت، بەتایبەتی حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ڕووی مووچە و پێداویستییان یارمەتی پەكەكە دەدەن.
* ئایا چەكدارانی پەكەكە هیچ پەیوەندییەكیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمایەتی بەتایبەتی لەگەڵ توركیا هەیە، كە زۆر لە چاودێرانی سیاسی باسی ئەوە دەكەن؟
- ئەمە مەترسییە گەورەكەیە كە چەكدارانی پەكەكە بە نهێنی و لە ژێرەوە پەیوەندییان لەگەڵ حكومەتی توركیا و عەسكەرتاریەت هەبێت. بەڵام لە ئێستادا كۆمەڵگەی كوردستان هۆشیارە و زیاتر ئەو كردەوانە دەزانرێت. چونكە چەكدارانی پەكەكە هەرچی جووڵە و كردەوەیان هەیە، پێش ئەنجامدانی لەلایەن حكومەت و سوپای توركیا دەزانرێت، كە ئەمەش جێگای گومانە كە كەسانێ لەناو پەكەكە جگە لەوەی خۆویست و مشەخۆرن، ئەوە دژی گەلی كوردستان و باكووری كوردستانیش بۆ بەرژەوەندیی سوپای توركیا كار بكەن. چونكە ڕۆژانە زانیاری و داتای هەستیار لەسەر پەكەكە بە توركیا دەدرێت، كە ئەمەش وای كردووە، دەبینین لە جووڵەی هەر گرووپ و ئۆتۆمبێڵێكی چەكدارانی پەكەكە لەهەر شوێنك بێت، درۆنی بۆ هەڵدەستێت و ئەو شوێنە بوردومان دەكەن. من دڵنیایی دەدەم بۆ كەسانی نەتەوەیی و نیشتمانی و دڵسۆزانی كورد و كوردستان، پەكەكە نەك تاكە كەس، بەڵكو تاقم و گرووپی زۆر خراپ و دوژمنكارانەی گەلی كورد و كوردستانی تێدایە، كە كار بۆ دوژمن و داگیركەران دەكەن.
* هۆكار چی بوو، چەكدارانی پەكەكە هەوڵ و پڕۆسەی ئاشتییان لەبار برد، كە جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵ و توانایی خۆی بۆ تەرخان كردبوو؟
- پەكەكە هیچ كاتێك باوەڕی بە گفتوگۆ و دیاڵۆگ نییە لەگەڵ هیچ لایەن و حزب و كەسێك، بەتایبەتی كە دیتیان جەنابی سەرۆك بارزانی وەك كارێزما و مەرجەعیەتی گەلی كوردستان بە هەوڵ و تێكۆشانێكی لەخۆبردەیی خۆی تەرخان كرد، كە كێشەی باكووری كوردستان لەگەڵ حكومەتی توركیا بە ئاشتی و گفتوگۆ چارەسەر بكات، بەڵام چەكدارانی پەكەكە زانییان بە هۆی ئەو چارەسەرە ئاشتییەوە، ئەو پیلان و كردەوانەی بۆیان داڕێژراوە، جێبەجێ نابێت، هەستان شەڕی خەندەقی ماڵكاولیان بۆ كوردی باكوور نایەوە و پڕۆسەی ئاشتییان لەبار برد، سەرەڕای ئەمەش لێرەو لەوێ كەمین و بازگە و كێشەیان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناو سنووری باشووری كوردستان دادەنا، لەلایەكی دیكەوە پێویستە خەڵك بەگشتی و گەلی كوردستان بەتایبەتی بزانن كە بەرژەوەندیی چەكدارانی پەكەكە، بەتایبەتی سەركردەكانیان لە پڕۆسەی گفتوگۆ و ئاشتیدا نییە، چونكە پەكەكە هەموو كاتێك یەكێك لەو لایەن و هێزانەیە لە ناوچەكەدا كە كاری قاچاخ بە ماددە هۆشبەرەكان دەكات، بەتایبەتی لە ڕێگای ئێران بۆ هەرێمی كوردستان و چەندین شوێن و وڵاتانی هاوردەی دەكات. ئەو كردەوە قێزەوەنە نامرۆڤایەتییە بەهۆی ئاشتی و سەقامگیری ئەگەر نەمێنێتیش ئەوە زۆر كەم دەبێتەوە، هەر بۆیە لێرە بە پێویستی دەزانم لایەنی پەیوەندیدار و ئاسایشی هەرێمی كوردستان زۆر هەستیار و بەئاگا بن لەوەی كە چەكدارانی پەكەكە یەكێكن لەو لایەنە خراپانەی كە بازرگانیی ماددەی هۆشبەر لە ناوچەكەدا ئەنجام دەدەن.
* بۆچی لە ئێستادا پەكەكە زیاتر ڕوویان لە قەزای مەخموور كردووە؟
- مەبەست لەو كردەوانەی چەكدارانی پەكەكە بەرانبەر كەمپی ئاوارەكانی مەخموور، زیاتر بۆ نانەوەی پشێوی و ناڕەحەتی و ناسەقامگیریی هەرێمی كوردستانە و ئەو كارانەشیان وای كردووە، ئەو ناوچانەش بكەونە بەر وێزە و بوردمانەكانی سوپای توركیا و درۆنەكانیان، هەروەها چەكدارانی پەكەكە بە هاوكاری و پاڵپشتیی حەشدی شەعبی دەیانەوێت ئەو كەمپەی كە كوردانی باكوور تێدا نیشتەجێن لە مەخموور، بكەوێتە ژێر دەستی خۆیان و بەو هۆیەوە ناسەقامگیری و پشێوی تێدا دروست بكەن.