ســــەرۆکـــی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا: هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بکرێت

ســــەرۆکـــی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا: هەڵبژاردن بە بەشداریی هەموو لایەنەکان بکرێت

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق جەخت لە گرنگیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن "بە بەشداریی هەموو لایەنەکان" دەکەنەوە. 
 
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، نيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشەممە، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ‌ پاتريك دورێل باڵيۆزى فه‌ره‌نسا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌ و لەبارەی دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، گفتوگۆيان كرد.
 
وەکو سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "جه‌ختيان له‌ گرنگيى ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ به‌شداريى هه‌موو لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌ره‌وپێشچوونه‌كانى گفتوگۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراقيى فيدراڵييان به‌ ئه‌رێنى هه‌ڵسه‌نگاند."
 
دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، لايه‌نێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.
 
رۆژی 3ـی ئاداری 2024، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی هەرێمی، رۆژی 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 
18ـی مانگی ئادار، پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیاریێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بەنایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتیشە رۆژی سێشەممە، 16ـی نیسانی 2024 رایگەیاند، "کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت کە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشدار بن و، ئەو تێبینییانەی پارتی دیموکراتی کوردستان هەیبووە، تێبینیی جیدین و تێبینییەکان تایبەتن بە گەلی کوردستان بەشێوەیەکی گشتی."
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن".
 
 

Top