هۆزەنگ زێبار حەمەد: بەشێكی فێرخوازەكانم بوونەتە خاوەن كاری خۆیان، ئەوەش دڵخۆشم دەكات

هۆزەنگ زێبار حەمەد:  بەشێكی فێرخوازەكانم بوونەتە خاوەن كاری خۆیان، ئەوەش دڵخۆشم دەكات

 

 

هۆزەنگ زێبار حەمەد، كچە گەنجێكی بەتوانا و دەستڕەنگینە و لە شاری هەولێر لەدایك بووە، هەر لەو شارەش نیشتەجێیە و خاوەن كاری سەربەخۆی خۆیەتی و پێشتر كاری دروومانی كردووە. وەك خۆی باسی دەكات، ماوەی دوو ساڵە بە شێوەی ئۆنڵاین كۆرسی فێربوونی دروومان بەڕێوە دەبات و لە ئێستادا هەشت كۆرسی جیاجیا پێشكەش دەكات. لەم دیمانەیەشیدا لەگەڵ گۆڤاری گوڵان باس لە ئەزموونی كاركردنی خۆی بۆ خوێنەران دەكات.

 

هۆزەنگ زێبار حەمەد، دەرچووی قۆناغی ئامادەییە و وەك خۆی باسی دەكات، ئارەزووی خوێندنی كەم بووە و زیاتر خولیای كاری دەستی بووە. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: « ئارەزووی خوێندنم كەم بوو. بەڵام هەر لە منداڵییەوە ئارەزووی ئەوەم هەبوو، سندوقێكی تایبەت بە كەلوپەلی دروومان و مەكینەیەكی دروومانم هەبێت. هەرچەندە مەكینەمان لە ماڵێ هەبوو، بەڵام دایكم نەیدەهێشت دەستكاری بكەم، بەڵام من وازم لە خولیای فێربوونی دروومان نەهێنا. ئەو هاوڕێیانەم كە درومانییان دەزانی، دەچوومە لای ئەوان بۆ ئەوەی فێرم بكەن. یەكەم جلوبەرگیش كە فێری بووم و دروستم كرد، لەچكی ئێرانی بوو، كە براژنی هاوڕێیەكم فێری كردم. بەم شێوەیە وردە وردە خۆم فێركرد. دواجار لە تەمەنی 22 ساڵی دووكانێكی درومانیی تایبەت بە خۆمم دانا. هاوكات لەگەڵ كارەكەم لە چەندین شوێن كۆرسی فێربوونی دروومانم گوتووەتەوە».

هەر سەبارەت بە چۆنیەتی كردنەوەی خولەكانی دروومان بۆ فێرخوازان بە شێوەی ئۆنڵاین گوتی: «ماوەی دوو ساڵە بە شێوەی ئۆنڵاین بە بەردەوامی لە هەر دوو بواری دروومان و چنین و كاری دەستی، كۆرسی فێربوونم بۆ فێرخوازان هەیە، پارەكەش لە رێگەی فاستپەی وەردەگرم. پێشتر كە كۆرسم بە ڕاستەوخۆ دەگوتەوە، تەنیا لە گەڕەكێك بەشدارییان دەكرد، بەڵام ئێستا سوپاس بۆ خوا، لە زۆربەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان فێرخوازم هەیە، تەنانەت لە دەرەوەی كوردستان و عێراقیش فێرخوازم هەیە. لە ئێستادا هەشت كۆرس بەڕێوە دەبەم، دوای تەواوبوونی ماوەی كۆرسەكان من تا یەك ساڵ لەگەڵیان دەمێنمەوە و یارمەتییان دەدەم و پەیوەندیم لەگەڵ فێرخوازەكانم دەبێت، جگە لەوەش لە ڕێگەی پەیجەكەمەوە فێركاریی بڕین و دروومان بڵاو دەكەمەوە.

سەبارەت بە داهاتی كارەكەشی دەڵێت: «داهاتەكەم بەشێكی بۆ كڕینی پێداویستیی فێركارییەكانە، چونكە فێركارییەكانمان هەمووی كردارییە و قوماشێكی زۆر بۆ فێربوون بەكاردەهێنم و، دواتریش ناتوانم دووبارە لە فێركارییەكانم بەكاریان بهێنمەوە، بەشەكەی دیكەی داهاتەكەشم بۆ خۆم و بۆ پێداویستیی ماڵەوەیە».

ئەو خاتوونە خاوەن كارە جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئامانجی ئەوەیە خانمان هەوڵ بدەن و ببن بە خاوەن كار و داهاتی سەربەخۆیان هەبێت. هەر لەو بارەیەوە دەڵێت: «ئامانجم لە كارەكەم ئەوەیە، بتوانم ئەو زانیاری و وردەكارییانەی كە هەمە بیبەخشمە خانمان، بۆ ئەوەی ئەوانیش لە داهاتوودا ببنە خاوەن كار و داهاتی خۆیان و لەسەر پێی خۆیان بوەستن».

لە وەڵامی ئەو پرسیارەشدا كە خێزانەكەی تا چەند ئاسانكارییان بۆ كردووە، بۆ ئەوەی پەرە بە كارەكەی بدات، گوتی: «هەر لە سەرەتاوە خێزانەكەم زۆر هاوكارم بوون، بە تایبەتی باوكم كە مۆڵەتی دام دووكانی تایبەت بەخۆم دابنێم. ئەگەر خێزان ئاسانكاری نەكات و رێگری لە كاری ئافرەت بكات، كۆسپی گەورەی بۆ دروست دەبێت و ناتوانێت كەسێكی سەركەوتوو بێت».

وەك دواوتەشی دەڵێت: «سوپاس بۆ خوای گەورە، كارەكەم ئەنجامێكی زۆرباشی بە دەست هێناوە و بەشێكی فێرخوازەكانم لە ئێستادا بوونەتە خاوەن كاری خۆیان، ئەوەش زۆر دڵخۆشم دەكات».

 

Top