شــڤـــان حـــەمــــدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   دادگای فیدڕاڵی هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ مەحكەمەی سەورە نییە

شــڤـــان حـــەمــــدی  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     دادگای فیدڕاڵی هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ مەحكەمەی سەورە نییە

 

 

شڤان حەمدی، ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، دەرچووی بەشی یاسایە و لە گفتوگۆی ئەمجارەدا (دادگای فیدڕاڵی عێراق . گفتوگۆ و هەڵویست) بەمجۆرە دید و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو:

 

بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان و بۆ زەوتكردنی دەسەڵاتەكانییەتی و هەوڵدانە بۆ بچووككردنەوەی ئەم قەوارە سیاسییە و تەنیا لە دوو بڕیاردا ڕەنگ ناداتەوە، كە تایبەتن بە یاسای هەڵبژاردنەكانی كوردستان و ڕەتكردنەوەی كورسیی كۆتاكان، لەگەڵ ئەوەی پێی دەگوترێت تەوتینی مووچە، بەڵكو ئەو كاتەی دادگای فیدڕاڵی ناردنی پارەی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بە نادەستووری لە قەڵەم دا، هەموومان هەڵوێستی سەرۆك بارزانیمان بینی كە دادگای فیدڕاڵی ناو لێنا «مەحكەمەی سەورە»، ئەمەش بەو مانایەی ئەم دادگایە كە ناوی لەخۆی ناوە دادگای فیدڕاڵی، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ «مەحكەمەی سەورە» نییە كە دامەزرابوو بۆ پاراستنی حزبی بەعس و دەسەڵاتەكەی و ئەنفال و جینۆساید و لەسێدارەدانی ڕۆڵەكانی گەلی كوردستان.

لە ماوەی ساڵی 2022 هەتا ئێستا كە دادگای فیدڕاڵی چەند بڕیارێكی مەترسیداری دژی هەرێمی كوردستان دەركردووە، هاوكات لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقیشدا گفتوگۆ و دانوستاندن هەبووە بۆ پێكهێنانی حكومەت و ڕێكخستنەوەی پرۆسەی سیاسی، گۆڕینی ئەقڵییەتی حوكمڕانی لە ئەقڵییەتێكی مەزهەبییەوە بۆ ئەقڵییەتی نیشتمانی، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەر ڕۆشنایی فەرمانەكانی سەرۆك بارزانی لە هەوڵی ئەوەدا بووە، بە ئێوەی سیاسی و لەمیانەی گفتوگۆ و دانوستاندنی ئاشتییانە نەك كەموكورتییەكانی دادگای فیدڕاڵی، بەڵكو بە تەواوی بنەماكانی دەوڵەتی عێراق وەك دەوڵەتێكی فیدڕاڵی ڕێك بخاتەوە و، ئەم ڕێكخستنەوەیەش لەو پڕۆگرامە وەزارییە هەموو تۆمار كراون، كە حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی لەسەری دامەزراوە و لە پەرلەمان خوێنراوەتەوە و دەنگی لەسەر دراوە.

ئەم پڕۆگرامە وەزارییە دووبەشە، بەشێكیان جێبەجیكردنە كە ئەركی حكومەتی عێراقە بڕیار بدات و جێبەجێان بكات، بەشێكیشیان پێویستی بە داڕشتنی یاسا و هەمواركردنی هەندێك یاساوە هەیە، گرنگترین دوو یاسا كە لەم پڕۆگرامە وەزارییە داوا كراوە دابڕێژرێن، ئەمانەن:

1. یاسای دادگای فیدڕاڵی بەپیی ماددەی 92ی دەستووری عێراق كە هەم پێكهاتەی دادگاكە دەگۆڕێت، هەمیش دەسەڵات و تایبەتمەندییەكان.

2. یاسای ئەنجومەنی فیدڕاڵی بەپی ماددەی 48ی دەستوور كە دیاری كردووە دەسەڵاتی یاسادانان لە عێراقدا پێكدێت لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی فیدڕاڵی، كە ئەم ئەنجومەنە تازە، جۆرێك لە هاوسەنگی لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی دروست و دەكات و تا ڕاددەیەكی زۆر باش لە گەمەی زۆرینەی و كەمینە دوورمان دەخاتەوە.

كەواتە مەسەلەی نادەستووریبوونی دادگای فیدڕاڵی و كەموكورتییەكانی سیستمی فیدڕاڵی و پێشێلكردنی دەستوور، ئەمانە هەمووی لەناو ڕێككەوتنی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت، ددانی پێدا نراوە و چارەسەری بۆ دیاری كراوە. بۆیە كە هەندێك لە بەڕێزان ئاماژەیان بەوە كرد، بە تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستێكی توندی یەكلاكەرەوەی وەرگرتووە، یان پێشتر بەو جۆرە هەڵوێستی یەكلاكەرەوەی نەبووە. من دەمەوێت ئەوە ڕوون بكەمەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دوای هەڵبژاردنەكانی تشرینی دووەمی ساڵی 2021 ی پەرلەمانی عێراق ڕاستەوخۆ چووە ناو هاوپەیمانیی سێ قۆڵی (سەدر، سوننە، پارتی) و یەك داواكاری هەبوو، ئەویش ئەوە بوو، پێویستە ئەقڵییەتی حوكمڕانی لە عێراق بگۆڕێت و ئەو دەستوورە وەك خۆی جێبەجێ بكرێت، بەڵام دواتر بەهۆی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی كە بڕیارێكی دەركرد «دەبێت دوو لەسەرسێی ئەندامی پەرلەمانی پەرلەمان ئامادە بن بۆ ئەوەی پەرلەمان بتوانێت كۆببێتەوە بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار هەڵبژێرێت و كەسێك ڕابسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت»، هاوپەیمانیی سێ قۆڵی نەیانتوانی حكومەت پێكبهێنن و تەیاری سەدر لە پرۆسە سیاسییەكە كشایەوە، ئەوە بوو هاوپەیمانیی ئێدارەی دەوڵەت لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە پێكهات و كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی پێكهات. لە ماوەی ئەو ساڵ و چەند مانگەی ئەم حكومەتەش پێكهاتووە، بەردەوام حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا لە كۆبوونەوە و دانوستاندا بوون، بۆ جێبەجێكردنی تەواوی بڕگە و ماددەكانی پڕۆگرامە وەزارییەكە، بۆیە لە ئێستادا كەشێكی لێگتێگەیشتن لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقی هەی. ئەم بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی بە هەمواركردنەوەی یاسای پەرلەمانی كوردستان بەپێی چەند ماددەیەكی دەستوور، بەتایبەتی ماددەی 141 كە دەڵێت « كاركردن بەو یاسایانەی كە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992ـەوە دەركراوە، بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو بڕیارانەش كارپێكراون كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دراون – لەوانەش بڕیارەكانی دادگا و گرێبەستەكان –ئەگەر هەموار نەكرابن، یان هەڵنەوەشابێتنەوە بە پێی بڕیارەكانی هەرێمی كوردستان لەلایەنی پەیوەندیدارەوە، بە مەرجێك پێچەوانەی دەستوور نەبێت»، هەروەها پێشێلكردنی ماددەی 49ی دەستوورە كە داوادەكات «ڕەچاوی نوێنەرایەتیكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عێراقیش دەكرێت»، لەمەش زیاتر بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی پێچەوانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیشە كە كورسیی كۆتای بۆ پێكهاتەكان تەرخان كردووە. هەر بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم هەڵوێستە توند و یەكلاكەرەوەی وەرگرت و مەرجی ئەوەی دانا، ئەگەر پڕۆگرامە وەزارییەكە جێبەجێ نەكرێت، ئەوا لە پرۆسەكە دەكشێتەوە و لەكاتی ئیمزاكردنی ڕێككەوتن لەسەر پڕۆگرامە وەزارییەكە پارتی دیموكراتی كوردستان بە مەرجی گۆڕینی ئەقڵییەتی حوكمڕان و جێبەجێكردنی ئەو پڕۆگرامە بەشداری لە حكومەت كرد، هەروەها كاندیدەكەی خۆیشی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كشاندەوە.

لە دوماهیدا دەخوازم ئاماژە بەوە بكەم، كشانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت كە ئەمە دەكاتە هەڵوەشانەوەی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا و لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە ئەمە باش تێدەگەن و دەزانن ئەگەر پرۆسەكە هەڵوەشێتەوە، چی ڕوودەدات، بۆیە هەلێكی باش هاتووەتە پێشەوە كە سەرۆك كۆماری عێراق ڕۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت و دەسەڵاتەكانی خۆی بەكاربهێنێت و ئەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵی ڕەت بكاتەوە و بە نادەستووری لە قەڵەمی بدات و، عێراقیش لە مەترسیی پاشاگەردانی ڕزگار دەكات و مێژوویەكیش بۆ خۆی تۆمار دەكات.

 

Top