ڕەمەزان محەمەد ئامەدی ئەندامی پێشووی پەكەكە بۆ گوڵان: هیچ كاتێك لە چەكدارانی پەكەكە، كار و مەرامی باشیان دەرهەق بە هەرێمی كوردستان لێ چاوەڕێ ناكرێت
پەكەكە لە ساڵی 1999 باكووری كوردستانی جێهێشتووە و هاتووەتە قەندیل و چەند ناوچەی سنووری لە باشووری كوردستان داگیر كردووە و، بووەتە هۆكار بۆ پەلكێشكردنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، تەنانەت ناهێڵن ڕەوشی شنگال ئاسایی ببێتەوە. سەبارەت بەو هاوكێشەیە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ڕەمەزان محەمەد ئامەدی ئەندامی پێشووی پەكەكە ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بۆچی پەكەكە باكووری كوردستان كە شوێنی ڕاستەقینەی خۆیەتی بەجێی هێشتووە و هاتووەتە باشووری كوردستان، كە بەم هۆیەشەوە چەندین كێشەی بۆ باشووری كوردستان دروست كردووە؟
- هاتنی پەكەكە بۆ باشووری كوردستان لەساڵی 1999 بە قسە و فەرمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو، چونكە چەكدارانی پەكەكە لەو كات و ساڵە بە تەواوی لە باكووری كوردستان توانای بەرەنگاربوونەوەی هێزە سەربازییەكانی توركیایان نەمابوو، مەبەستێكی دیكەش لەپشت هاتنی پەكەكە هەبوو بۆ ناو سنووری هەرێمی كوردستان، كە ئەویش نانەوەی پشێوی بوو كە كێشە و گرفت دروست بكەن، بەتایبەتی كە بە هۆی بوونی چەكدارانی پەكەكە لە باشووری كوردستان، هێزی سەربازیی (وشكانی و ئاسمانیی توركیا) زۆر شوێن و دەڤەریان لە سنووری باشووری كوردستان بۆردومان كردووە، لە ئەنجامدا چەندین كەسی سڤیل شەهید و بریندار بوون. هەر بەم هۆیەوە تا ئێستا زیاتر لە (600) گوندی ئەو سنوورانەی باشووری كوردستان ئاوەدان نەكراونەتەوە، كە پەكەكە لەو شوێنانەن. پەكەكە بڕوای بە بیروباوەڕی نەتەوەیی و نیشتمانیی كوردستان نەماوە و دژی سەربەخۆیی كوردستانە، هەر بۆیە دژایەتی و دوژمنایەتی ئەو لایەن و حزبانەش دەكات، كە بۆ ئەو مەبەستە شۆڕش و كار دەكەن، هەر وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان كە لەسەر ڕێبازی بارزانیی باوك هەموو تەمەن و هەوڵ و شەهیدانیان لە پێناو سەربەخۆیی و ئازادیی كوردستانە، بۆیە چەكدارانی پەكەكە تا ئەوپەڕی ڕق و قینیان لە پارتییە كە لایەن و حزبێكی دیموكراتییە و ئامانجی سەربەخۆیی كوردستانە، لە ناوچەكەشدا چەكدارانی پەكەكە بوونەتە داردەستی وڵاتانی داگیركەری كوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی پیلان و جووڵەی دژی هەرێمی كوردستانیان هەیە، بە هاوبەشی و دەست لەپشتدانیان لەلایەن ئێران و ڕژێمی سووریا و حەشدی شەعبی.
* پاراستنی هەرێمی كوردستان و پشتگیریی ئەزموونەكەیان ڕۆڵێكی گرنگی نەك تەنیا بۆ كوردانی ئەم هەرێمە هەیە، بەڵكو بۆ كوردانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش گرنگە. بۆچی پەكەكە ئەم دژایەتییەی خەڵكی باشووری كوردستانی دەكات؟
- ئێمەش سەرەتا لەناو پەكەكەدا بەو جۆرە ڕەفتارمان دەكرد، بەوەی هەموو تاكێكی كورد و كوردستان وەكو گیان و دڵ و چاوی خۆی هەرێمی كوردستان و حكومەتەكەی بپارێزێت، چونكە باشووری كوردستان بۆ هەموو تاكێكی كورد و كوردستانی بووەتە چەتر و پەناگە و لانەیەكی هێمن و سەقامگیر و ئازادە و مومارەسەكردنی ژیان و بەدەستهێنانی بژێوی ڕۆژانەی خۆمان و ماڵ و منداڵمان بەتایبەتی لەژێر ئاڵای پارتی كورد و كوردستان بە ئاسانی دەست دەكەوێت، بەڵام پەكەكە كار بۆ ئەجێندای دەرەكی و هەموو ئەو لایەنانە دەكات كە دژی ئەم ئەزموونەن، ئەمەش تەنیا لەپێناو پارە و دەستكەوتی ماددییە.
* پەكەكە سەرەتا لەسەر بیری نەتەوەیی و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی كوردستان دامەزرا، بەڵام بە كردار وا نەبووە، ئەمە تا چەند زیانی بە پرسی نەتەوەیی لە باكووری كوردستان گەیاندووە؟
- گرفتەكە لەوەدا نییە، تا چەند پەكەكە لەسەر بیروباوەڕی كوردایەتی لای داوە، بەڵكو كێشەكە لەوەدایە، پەكەكە بوونەتە گرووپ و وەكو كۆمەڵێك چەتە و گرووپی چەكداریی جیاواز كار دەكەن، هەر سەركردەیەكی ئەم گرووپانەش بۆ ئەجیندە و بەرژەوەندیی خۆی كار دەكات. ئەوەتا بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵ دەبێت، چەكدارانی پەكەكە دابەشی سەر گرووپەكانی جەمیل بایك و موراد قەرەیەلان و دووران قەلقان و سەركردەكانی دیكە بوون، هەر بۆیە دەبینین، چەكدارانی پەكەكە بە شێوەی گرووپ گرووپی بچووك لە دەڤەری ڕاپەڕین، قەڵادزێ، گەرمیان، كەركووك و سلێمانی دەردەكەون، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی سوپای توركیا ڕاستەوخۆ هێرش بكەنە سەریان و لە ئەنجامدا خەڵكی سڤیلی باشووری كوردستانیش بەو هۆكارەوە شەهید و بریندار دەبن. ئەوان ئامانجیان دووبارە پەلكێشكردنی هێز و سوپای توركیایە بۆ ناو قووڵایی سنووری هەرێمی كوردستان بۆ تێوەگلانی هەرێمی كوردستان لەو شەڕە بێسوودەدا.
* پەیوەندیی پەكەكە لەگەل حەشدی شەعبی دژی هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە و مەرامیان بەرانبەر كەمپی ئاوارەكانی مەخموور چییە؟
- پەكەكە لە دوای پەلامارە تیرۆریستییەكەی تیرۆریستانی داعش كە هاتنە شنگال، تا ئێستاكە پەیوەندییەكی توندوتۆڵیی سەربازی و لۆجستیكی و داراییان لەگەڵ حەشدی شەعبی هەیە. ژمارەیەكی زۆر لە چەكدارانی پەكەكە كە زیاتر لە هەزار كەس دەبن، مووچە و یارمەتی لە حەشدی شەعبی وەردەگرن و وڵاتانی ئیقلیمی لە پشت مانەوەی پەكەكەن لە شنگال، كە بوونەتە هۆكاری ئاوەدان نەكردنەوەی و لە هەوڵی ئەوەن، ئیدارە و دەسەڵاتی حكومەتی كوردستانیشی بۆ نەگەڕێتەوە. هاوكات ماوەی نزیكەی ساڵێكە بە فەرمانی حەشدی شەعبی چەكدارانی پەكەكە ماوە ماوە لە سنووری مەخموور دەردەكەون و كێشە دەنێنەوە و دەیانەوێت دەستیان بگاتە ناو كەمپی ئاوارەكان، تا ئەویش تەسلیمی حەشدی شەعبی بكەن.
* پەكەكە ماوەیەكە جموجووڵە گوماناوییەكانی دژی هەرێمی كوردستان زیاتر كردووە. هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێتەوە و ئایا كێ و چ لایەنێك لەپشت ئەم كار و مەرامەیاندایە؟
- چەكدارانی پەكەكە لەو كاتەوە هاتوونەتە باشووری كوردستان، چەندین شوێنیان داگیر كردووە وەكو قەندیل و مەرام و پیلانیان نانەوەی ناسەقامگیری و كێشە و گرفتە بۆ ئەو ئازادی و دیموكراتییەی لە باشووری كوردستان هەیە، كە لە سایەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان و حزبی دایك و ڕەسەنی كوردستان كە پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەسەر ڕێباز و عەقیدەی بارزانیی باوك و سەركردایەتیكردنی لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی كە كەسایەتیی شۆڕشگێڕ و كاریزمای گەلی كوردستانە هاتووتەدی، هەر بۆیە پەكەكە بەدەست لەپشتدانی وڵاتانی داگیركەری كوردستان هەموو هەوڵ و ستراتیژیەت و تاكتێكی بۆ نانەوەی كێشە و گرفت و لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە و بەردەوام وەكو پیشەی سەرەكییان هەموو كات لە دەرفەت دەگەڕێن كە كوڕ و كچانی خوار تەمەنی پێگەیشتوو هەڵخەڵەتێنن و بیانڕفێنن و دوور لە بنەماكانی ماڤی مرۆڤ چەكداریان بكەن و، لە دایك و باوك و خێزانەكانیشیان دایانبڕن. هاوكات پەكەكە لە دەرفەت دەگەڕێت، لە هەر شوێنێك بۆی بگونجێت، كاری قێزەوەنی دوور لە مرۆڤایەتی وەكو كاری تێكدەرانە و تیرۆریستی و تەقاندنەوە ئەنجام دەدات.
* پەكەكە نەك تەنیا لەناو خاكی كوردستانی توركیا، بگرە لە هەرێمی كوردستانیش توانای سەربازییان زۆر كەم بووەتەوە، ئایا هۆكاری ئەمە چییە؟
- چەكدارانی پەكەكە توانای شەڕ و جەنگی بەرەیی و ڕووبەڕوویان لەگەڵ هیچ هێزیك نەماوە، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو سوپا بەهێز و گەورەیەی توركیا و لە ڕووی دارایی و پێداویستیی ڕۆژانەش وەكو چەند ساڵی ڕابردوو نەماون، بەڵام لەڕووی چەكی سووك و مامناوەند تا ڕاددەیەك توانایان هەیە و لە ئێستاشدا بە هۆی وڵاتانی وەكو ئێران و ڕووسیا ئەو چەك و تەفاقانەیان دەست كەوتووە، كە دژی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بەكاری بێنن، ئەگەرچی ماوەی زیاتر لە سێ مانگە لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆش و ناجێگیر ڕۆژ دەبەنە سەر، ئەویش لەترسی ئەوەی كە حكومەتی توركیا لە پلان و بەرنامەیدایە لە ئایندەیەكی نزیكدا هێرشێكی زۆر چڕ و گەورەی سەربازییان بكاتە سەر.
* كاتێك حكومەتی هەریمی كوردستان، بەتایبەتی سەرۆك بارزانی ویستی بە ڕێگەی ئاشتی كێشەی پەكەكە لەگەڵ توركیا چارەسەر بكات، كەچی چەكدارانی پەكەكە ئەم پڕۆسەیەیان لەباربرد، هاوكات هەستان بە دانانی كەمین بۆ هیزی پێشمەرگە و چەندین پێشمەرگەیان شەهید و بریندار كرد. ئایا دەبێت چۆن مامەڵە لەگەڵ پەكەكە بكرێت، كە لە زمانی ئاشتی و دیالۆگ تێناگەن؟
- سەرۆك بارزانی چەند ساڵێك پێش ئێستا هەوڵیدا بە گفتوگۆ و ئاشتی كێشەی كوردی باكور و پەكەكە لەگەڵ توركیا چارەسەر بكات. ماوەیەكی زۆر بە هەموو توانا و لێبوردەییەوە خۆی بۆ تەرخان كرد. ئەو هەوڵ و كارەی جەنابی سەرۆك بارزانی قەت ناتوانرێت لەبیر بكرێت، بەتایبەت لەلایەن ئێمەی كوردانی باكووری كوردستان. ئەوەی سەرۆك مسعود بارزانی هەوڵی بۆ دا، ئەوە زمان و تێگەیشتنی ئەو سەردەمەیە كە سەردەمی ڕۆشنگەرایی و تەكنەلۆژیا و پێشكەوتن و گفتوگۆیە. بە تەئكید ئەوەی بە ئاشتیی دێتەدی، قەت بە شەڕ و دوژمنكاری بەدی نایەت. سەبارەت بە كوشتن و كاری تیرۆرستیی پەكەكە دژ بە پێشمەرگە، ئەمە بۆ شەڕێكی بەوەكالەت بۆ ئاغاكانیان دەگەڕێتەوە. ئەوە بوو لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەكەكە لە چەندین شوێن و ناوچە و دەڤەر كەمین و تەقینەوەی تیرۆریستییان لەسەر ڕێگا و شوێنی پێشمەرگە دانا، كە بووە هۆی شەهید و برینداربوونی چەندین پێشمەرگەی قارمانی كوردستان. بۆیە چەكدارانی پەكەكە هیچ ئومێدێكی باشیان لێ چاوەڕێ ناكرێت و هەموو كارو هەوڵ و پیلانیان نانەوەی گرفت و كێشەیە بۆ ناسەقامگیری لە هەرێمی كوردستان، كە پەكەكە ئەو بەشە ئازاد و سەربەخۆیە، بە دوژمنی سەرەكیی خۆی دەزانێت، بەتایبەتی كە دەبینێت و دڵنیایە كە خاوەنی هەرێمی كوردستان پارتی و بارزانی و هێزی پێشمەرگەی قارەمانی كوردستانە.