رێنمایی نووستن لە مانگی ڕەمەزاندا

رێنمایی نووستن لە مانگی ڕەمەزاندا

تەرخانكردنی كاتی تەواو بۆ خەو زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی و نوێبوونەوەی تواناكانی جەستەیی و دەروونی. لە مانگی ڕەمەزاندا گەلێك جار خشتەی نووستنی سرووشتیمان گۆڕانی بەسەردا دێت، زیاتر لەبەر مانەوە تا درەنگانی شەو، كە لەوانەیە كاریگەریی نەرێنی بكاتە سەر ڕیتمی كاتژمێری بایۆلۆژی لەش و، گۆڕان لە كاتەكانی دەردانی هۆرمۆنی خەو كە بە میلاتۆنین Melatonin ناسراوە، ئەمەش لەوانەیە گەلێك جار ببێتە هۆی خەوزڕان. ڕێنماییەكان بۆ خەوێكی دروست لە مانگی ڕەمەزاندا:

• تەرخانكردنی یەك ماوەی نەپچڕاو یان دوو ماوەی كاتی بۆ كۆی كاتژمێرە پێویستەكانی نووستن كە لە حەوت كاتژمێر كەمتر نەبێت، بۆنموونە شەوانە چوار كاتژمێر لە ماوەی نێوان ژەمی فتار وپارشێودا، ئینجا دووبارە چوونە خەو بۆ ماوەی سێ كاتژمێری دیكە.

•  ڕێكخستنی كاتەكانی خەو، بۆنموونە نووستنی یەكەم لە كاتژمێر 11ی شەو تا كاتژمێر سێی بەیانی و ماوەی نووستنی دووەم لە كاتژمێر چوار تا حەوتی بەیانی، واتە بە تێكڕا حەوت كاتژمێر نووستن لە ماوەی 24 كاتژمێردا. نووستنی پاش نیوەڕۆ كە هەرگیز لە 20 خولەك زیاتر نەبێت، چونكە زیاد نووستنی پاش نیوەڕۆ هۆكارە بۆ هەستكردن بە هیلاكیی جەستەیی و هەستكردن بە بۆرژان.

• دووركەوتنەوە لە خۆراكی زۆر چەور و بڕی زیادی شیرینی لە ژەمی فتاردا هاوكات لەگەڵ كەمكردنەوەی تیژی و بەهارات، هەروەها دووركەوتنەوە لە شلەمەنییە كافائینییەكانی وەكو چای و قاوە، چەند كاتژمێرێك پێش ساتی تەرخانكراو بۆ نووستن.

• تەرخانكردنی شوێن و دەروبەرێكی گونجاو بۆ نووستن، واتە شوینێكی هێمن و تاریك هاوكات لەگەڵ دووركەوتنەوە لە بەكارهینانی شاشە شینەكانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان پێش كاتی نووستن.

 

Top