ئازاد ئەكرەم كوورەچی سەرۆكی لیستی میللەت و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: هەموو بڕیارەكانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی لە دژی هەرێمی كوردستان بڕیاری سیاسین و بۆ لاوازكردنی قەوارەی هەرێمە
دوای ئەوەی دادگای فیدڕاڵی بە نادەستووری كورسیی كۆتاكانی لە هەرێمی كوردستان نەهێشت، سەرۆك بارزانی دژی بڕیارەكە وەستایەوە، ناڕەزایەتیی پێكهاتەكانیشی لێكەوتەوە. لەسەر ئەم پرسە گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئازاد ئەكرەم كوورەچی سەرۆكی لیستی میللەت و ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمان لە نەتەوەی توركمان ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگاكە دەكەن؟
- یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێ و كێشەی لەگەڵ پارتی، لە دادگای فیدڕاڵی شكایەتی لەسەر سیستەمی هەڵبژاردن و كورسیی كۆتا كرد و لەو شكایەتەی یەكێتیدا لە دژی كورسیی كۆتاكان، دەستتێوەردانی ئێران و حەشدی شەعبی حاشا هەڵناگرێت، بۆیە دەرئەنجام دادگای فیدڕاڵی ئەو بڕیارەی دا، كە بووە هۆی نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان لە پەرلەمانی كوردستان. بڕیارەكە جگە لەوەی نایاسایی و نادەستووری بوو، مۆركێكی زۆر سیاسیشی پێوە دیارە، ئەمە وێڕای ئەوەی ژمارەی كورسییەكانی پەرلەمانی كوردستانیشیان لە (111) كردە (100) كورسی، بەبێ ئەوەی ناوی كۆتا بێنێت، بەمەش بڕیارەكە تەنیا مەبەستی نەهێشتنی كورسیی كۆتاكان بوو. نەمانی كورسی پێكهاتەكانی وەكو توركمان و كلد و ئاشوور و سریان و ئەرمەنی، خۆی لە خۆیدا مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر پێكەوە ژیانی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزایانە لە دێرزەمانەوە لەو وڵاتە بە یەكەوە و بە هاوبەشی دەژین و بە نەمانی ئەو نوێنەرایەتییانەی ئەو پێكهاتانە، ئەوە پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە خاوەنی تانە و شكایەتەكەیە، بەرپرسیاری یەكەمە لە پەراوێزخستنی پێكهاتەكان .
* وەكو ئاماژەت پێدا، ئەم بڕیارە لەسەر تانە، یان سكاڵای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دژی پێكهاتەكان دراوە. ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتیی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟
- هەر چەندە یەكێتی دەڵێت، ئێمە شكایەتمان نەكردووە بۆ ئەوەی كورسیی كۆتا لە هەرێمی كوردستان نەمێنێت، بەڵام ئەسڵی تانە، یان شكایەتەكە لەسەر كۆرسیی كۆتاكان بوو، چونكە ئێمە و هەموو خەڵكی كوردستانیش دەزانین، لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا ململانێ و كێشە زۆر بوو لەسەر كورسیی كۆتاكان، بەتایبەتی لە نێوان پارتی و یەكێتی، كە یەكێتی پڕوپاگەندەی ئەوەی دەكرد، گوایە كورسیی كۆتاكان لەناو پەرلەمان دەنگ و ڕاوبۆچوونیان لەگەڵ پارتییە، بۆیە پێویستە لە هەڵبژاردنی داهاتوو دابەشی سەر شارەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك بكرێن. ئەگەرچی ئەو ڕاوبۆچوونەی یەكێتی وا نییە كە ئێمەی كۆتاكان لەگەڵ لایەنێك و دژی لایەنێكی دیكە بین، بەڵكو لە هەموو دنیا هاوپەیمانی هەیە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی ماف، لەلایەكی دیكەوە نەمانی كورسیی كۆتاكان هیچ سوودێك بە یەكێتی و بە هیچ حزب و لایەنێكی دیكەی كوردستانی ناگەیەنێت، بەڵكو ئەو بڕیارە و هەموو ئەو بڕیارانەی بەم دواییانەی دادگای فیدڕاڵی لە دژی قەوارەی هەرێمی كوردستان بووە و مەبەستیان سیاسییە و تەنیا بۆ لاوازكردنی قەوارەكەیە لەو كاتەی كە قەوارەی هەرێمی كوردستان زیان بكات، واتە یەكێتیش زیانی كردووە، نەك سوود وەربگرێت. دەبێت یەكێتی بگاتە ئەو باوەڕەی كە لەو تانەو شكایەتە و دەرچوونی ئەو جۆرە بڕیارە، هەڵەی كردووە. بۆیە پێویستە یەكێتی پێداچوونەوەیەك بە خۆیدا بكات .
* لەگەڵ یەكێتیدا چەند حزبی دیكەش پاڵپشتیی بڕیارەكەی دادگایان كردووە بۆ نەهێشتنی كورسیی پێكهاتەكان، بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟
- پێویست بوو لەو بارەوە یەكێتی و پارتی ڕێككەوتن لەسەر كورسیی كۆتاكان بكەن، تاوەكو نەگاتە ئەو بارودۆخە ناخۆش و نەویستراوە كە لە دەرەوەی هەرێم و پەرلەمانی كوردستانەوە دادگایەكی وەكو دادگای فیدڕاڵیی عیراق بڕیار لەسەر كورسیی كۆتا بدات. بە تێڕوانینی من، ئەو جۆرە شكایەت و بڕیارانە كە تەشریعیین پەیوەندی بە دادگاوە نییە، لەلایەكی دیكەوە پێویست نەبوو ئێمە وەكو پێكهاتە و كورسیی كۆتاكان بهێنرێنە ناو سیاسەت و ململانێ، بەڵكو كاری ڕاستەقینەی ئێمە دەرچوواندنی یاسا و بڕیارەكانە لە پەرلەماندا و بەدواداچوونی كاری حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و ئەو پڕۆژانەیە كە لە بەرنامە و پلان دادەنرێن و جێبەجێ دەكرێن. لە هەموو دنیا بۆ پێكهێنانی هەموو حكومەتێك لەنێوان لایەنە سیاسی و پێكهاتەكان هاوپەیمانی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش دروست دەكرێت، ئێمەش لە كابینەی نۆیەمدا هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی هەبووە، وەكو ئەو هاوپەیمانییانەی لە نێوان یەكێتی و پارتی و گۆڕان و لایەنی دیكە كراون، لەناو پەرلەمانیش ئێمە هەمیشە لەگەڵ پارتی نەبووین، بەڵام لە هەموو كار و پڕۆژە و یاسا و بڕیارێكدا كە لە بەرژەوەندیی پێكهاتەكان بووە، ئەوە پارتی ئەو لایەنە سەرەكی و متمانە پێكراوە بووە كە داكۆكی لە ماف و بەرژەوەندییەكانی پێكهاتەكان كردووە، لایەنەكانی دیكە بەتایبەتی یەكێتی بەو جۆرە خوێندنەوەی بۆ كردووە، تا گەیشتە ئەو حاڵەتەی كە مەترسییەكی زۆر گەورەی بە نەمانی كورسیی كۆتاكان هێنایە سەر قەوارەی هەرێمی كوردستان. لەكاتی دەنگدان لەسەر یاسا، یان پڕۆژەیەكی ستراتیژی كە ئێمە دەنگ دەدەین، ئەوە مانای وانییە ئێمە دەنگمان تەنیا بە پارتی داوە، بەڵكو ئێمە دەنگمان لە بەرژەوەندیی كوردستان داوە و لەو كاتەدا، ئەوە دەنگمان لەگەڵ دەنگی هەموو لایەنەكانی كوردستان و لەگەڵ یەكێتیشە، هاوكات كە یەكێتی كێشە و ململانێی سیاسی لەگەڵ پارتی هەیە، دەتوانن لە دەرەوەی پەرلەمان گفتوگۆ و چارەسەری بكەن، بۆچی دەیهێننە ناو پەرلەمان هەموو لایەنەكانی دیكەش پێوە سەرقاڵ دەكەن؟ ئەوەی لەو بڕیارەوە زیانی زۆری بەر كەوتووە قەوارەی هەرێمی كوردستانە، چونكە پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان زیاتر بەو كورسیی كۆتا و نوێنەرەكانی پێكهاتەكان بەهێز بوو، چ لە ناو پەرلەمان و چ لەناو حكومەتی كوردستان، هەروەها ئەو پێكەوە ژیانەی كوردستان كە سەرنجی هەموو دنیای ڕاكێشابوو، لە سایەی ئەو بەشداری و هاوبەشیە بوو كە لە ڕێگای كورسیی كۆتاكانەوە بوو، بەڵام لە كاتێكدا كورسیی كۆتا نەمێنێت، چۆن دەتوانرێت بە پەرلەمانەكانی ئەوروپا، یان وڵاتێكی وەكو ئەڵمانیا بگوترێت پێكەوە ژیان لە هەرێمی كوردستان زۆر بەهێز و پتەوە و هەنگاوی گەورەتر و باشتریش دەهاوێت؟ لە ئێستادا پڕۆسەی دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان زۆر بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت و پێكەوەژیانیان ناشیرین كردووە و مەبەستی دادگای فیدڕاڵی و ناحەزانی هەرێمیش هەر ئەوەیە. هەر بۆیە یەكێتی ئێستا شەرم لەو بارودۆخە دەكات و دەڵێت، ئێمە مەبەستمان لادانی كورسیی كۆتاكان نەبووە. بەڵام من لێرەدا دەڵێم، نەخێر یەكێتی لەو شكایەتەدا مەبەستی ڕاستەقینەیان نەمان و سڕینەوەی كورسیی پێكهاتەكان بوو لە هەرێمی كوردستاندا.
* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستاوەتەوە و ڕەتی دەكاتەوە؟
- هەموو كاتێك سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و داكۆكی لە پێكهاتەكان كردووە، چونكە جەنابیان باش دەزانن، ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستان هەیە، جوانیەكی هەمەڕەنگ و ئاسوودەیە بۆ هەموو لایەك، هەر بۆیە لە هەموو كار و پڕۆژە و بڕیارەكاندا بەتایبەتی لەسەر ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتەكان، جەنابیان داكۆكیكارێكی سەرسەخت بووە، لەلایەكی دیكەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دژی ئەو بڕیارە وەستاوەتەوە و داكۆكی لە كورسیی كۆتاكان دەكات، ئەمەش بە گران لەسەری وەستاوە، چونكە لایەنەكانی دیكە بەتایبەتی یەكێتی پڕۆپاگەندەی وا دەكات، كە كورسی كۆتاكان لە بەرژەوەندیی پارتی بووە، پێویستە هەموو حزبەكانی دیكەش بە یەكێتیشەوە ئەو بڕیارەیان لا قبووڵ نەبێت و نەمانی كورسیی كۆتایان پێ خۆش نەبێت، چونكە كاریگەریی ڕاستەوخۆ و گەورە لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. لەلایەكی دیكەوە داكۆكیی پارتی لە كورسیی كۆتاكان پشتگیری و داكۆكیكردنە لە وجوود و كەلتوور و زمان و مێژوو و مانەوەمان لەو هەرێمەدا، لە كاتێكدا كورسیی كۆتاكان نەمێنێت، چۆن دەتوانرێت بەرگری و پاڵپشتیی پێكهاتەكان بكرێت كە لەو هەرێمی كوردستانە بمێنن؟ هەر بۆیە لێرەدا سوپاس و ستایشی خۆمان ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی و پارتی دەكەین. هەر چەندە لایەن و حزبە كوردستانییەكانی دیكەش بە قسە و دروشم دەڵێن، دژی ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵین، بەڵام لە هەقیقەتدا بە عەمەلی لەگەڵ بڕیارەكەدان، تەنیا بە دروشم و قسە لەبەر شەرمەی خۆیان دەڵێن دژی بڕیارەكەین.
* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی دادگاكە نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور. راتان لەو بارەیەوە چییە؟
- ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی چەند ڕەهەند و چەمكێك لەخۆ دەگرێت. یەكەم: بڕیارەكە لە دەسەڵاتی دادگای فیدڕاڵی نییە، بەڵكو كاری دەزگای تەشریعی و پەرلەمانی كوردستانە و ئەوەی دادگای فیدڕاڵی كردوویەتی، دەستتێوەردانە بە مەبەستی سیاسی. دووەم: دادگای فیدڕاڵی لە دەرەوەی یاسا و دەستوور بە مەبەستی لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەو بڕیارەی داوە. سێیەم: عێراق بەگشتی و دادگای فیدڕاڵی بەتایبەتی، دەستی دەرەكی لە پشتە و چاویان بەو پێكەوەژیانە جوان و سەركەوتووەی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت و دادگای فیدڕاڵی بۆ تێكدان و نانەوەی پشێوی و بارودۆخی نەخوازراو، ئەو بڕیارەی دەركردووە، هەر چەندە ئەوەش تاوانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە سكاڵای كردووە .
* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنێك بگرنەبەر كە كاریگەریەكی هەبێت و دادگاكە بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟
- بێگومان، لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەكە ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و لایەنە توركمانییەكان لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، چەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆمان كرد و لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و مەدەنی و كونسووڵخانەی وڵاتانیش كۆبوونەوەمان ئەنجام دا و، دەنگ و دژایەتیی خۆمان بەرانبەر ئەو بڕیارە و پێشێلكردنی مافەكانمان دەربڕیوە و گەیاندوومانەتە زۆر لایەن و شوێن و جەنابی بارزانی لەگەڵ ئێمەن و هاوهەڵویستن دژی بڕیارەكە و ڕەتیان كردووەتەوە. لە لایەكی دیكەوە ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان و لایەنەكانی توركمان زۆربەمان ڕامانگەیاندووە كە بایكۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان (10/6/2024) دەكەین. چونكە ئێمە وەكو نەتەوەی توركمان لە هەرێمی كوردستان ئەو ئیمكانیاتە دارایی و سەربازی و ڕێكخستنەمان نییە كە بتوانین لە هەڵبژاردنی گشتی بەبێ كۆتا ئەو ژمارە دەنگە بهێنین كە پێویستە بۆ هەر كورسییەك.