لـــە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا خانمان باس لە گرنگیی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ هەڵەبجە دەكەن
ڕۆژی ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٤، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و چەندین بڕیار و پڕۆژەی بۆ پێشخستنی پارێزگاكە ڕاگەیاند. لەم ڕوانگەیەوە و لە ڕاپۆرتێكی گۆڤاری گوڵان، خانمانی هەڵەبجە باس لە گرنگیی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەت بۆ پارێزگاكەیان دەكەن.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
ئامانجێكی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵەبجە، كردنەوەو و دانانی بەردی بناغەی پرد و ڕێگای هەڵەبجە -تووەقوت- قلیجە بوو، كە تێچووەكەی زیاتر لە 31 ملیار دینارە و لە ماوەی دوو ساڵ دەبێت تەواو بكرێت. هەروەها لەگەڵ گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی بۆ بەقەزابوونی خورماڵ و پێكهێنانی داهاتێك بۆ ئاوەدانیی ئەم شارە و دانانی میكانیزمێك، تاوەكو ئەو دوو مەرزەی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە (تەوێڵە و پشتەبەمۆ)، ساڵانە بڕێكی دیاریكراو لە داهاتەكەیان بۆ شاری هەڵەبجە خەرج بكرێت.
رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ تا بەرەبەیانی ڕۆژی دواتر، هێزە ئاسمانییەكانی عێراق ١٥ جار شاری هەڵەبجەیان بۆردومان كرد. لە دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژدا كاریگەرییەكانی ئەو گازانەی لە بۆردومانەكەدا بەكار هاتن، دەركەوتن و هەزاران كەسی سڤیل گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیكەش بریندار بوون.
كیمیابارانكردنی هەڵەبجە بە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكانی مرۆڤایەتی دادەنرێت لە مێژووی ناوچەكەدا، هێشتا كاریگەرییەكەی لەسەر خەڵكی شارەكە ماوە، تا ئێستاش ژمارەیەك لە بەركەوتەی ئەو گازە خنكێنەرە بە ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن.
سندس حوسێن هەڵەبجەیی، چالاكی مەدەنییە و بەمجۆرە ستایشی سەردانەكەی سەرۆكی حكومەت دەكات: «سەردانی جەنابی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانێكی گرنگ و پر بایەخە بۆ خەلكی شاری هەڵەبجە. هەمووان دەزانین شاری هەڵەبجە لە پاش كیمیابارانكردنی و خاپووربوونی تا ئێستا ئاسەواری ئەو وێرانكارییە بە شارەكەوە دیارە و وەك پێویست ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆكاری نائومێدی و نیگەرانیی خەلكی هەڵەبجە و گلەیی و گازندەیان، بەڵام سەردانی ئەمجارەی جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بووە مایەی خۆشحاڵی و دروستبوونەوەی متمانە و هیوایەك بۆ ئاوەدانكردنەوە و بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووریی شارەكەمان. بەو پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییانەی كە كەوتنە بواری جێبەجێكردن. بەتایبەت پڕۆژەی پردی تووەقوت كە دەرچەیەكی گرنگی ئابووری و گەشتیارییە و هەڵەبجە دەبەستێتەوە بە ئیدارەی گەرمیان و ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەمەش هەڵەبجە لەو داخراوییە ڕزگاری دەبێت و هەلی كاری زیاتر بۆ خەڵكەكەی دەستەبەر دەكات، ئەمە و پڕۆژەكانی دیكەش كە بڕیاری لەسەر دراوە بۆ خزمەتگەیاندن بە شارەكە، جێگای ڕێز و پێزانینمانە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەم سەردانەی جەنابی سەرۆك وەزیران بۆ هەڵەبجە ئومێد و هیوایەكی گەورەی لە دڵی هەموواندا دروست كردەوە».
زەهرا حەمە سەعید، كارگێڕی ناوچەی هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستانە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «لە دێر زەمانەوە هەڵەبجە لانكەی شۆڕش و بەرخۆدان بووە و جێگای زانایان و شاعیران بووە. بەڵام هەڵەبجە زوڵم لێكراوە و تا ئێستاش ئاسەواری كیمیاباران و وێرانكاریی پێوە دیارە. سەردانەكەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە سەردانێكی گرنگ و مێژوویی بوو، شۆڕشێكی ئاوەدانی بۆ هەڵەبجە هێنا. گرنگترینیان دانانی بەردی بناغەی پردی توەقووت بوو، كە دەروازەیكی گرنگ دەكاتەوە لە ڕووی بازرگانی و گەشتیاری و پیشەسازییەوە. كە پارێزگای هەڵەبجە دەكاتەوە بە ڕووی شارەزوور و دەربەندیخان و بەمۆ و گەرمیان. لەم سۆنگەیەوە هەڵەبجە دەبێتە دەڤەرێكی گەشتیاری و بازرگانی و پیشەسازی. هەڵەبجە لە شارێكی داخراوەوە، دەبێتە شارێكی كراوە. هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان لێی سوودمەند دەبن». گوتیشی: «هەڵەبجەییەكان چاوەڕوانن سەرجەم پڕۆژەكان بچنە بواری جێبەجێكردنەوە، تا دڵنیا ببنەوە كە دەستی ئاوەدانی لەلایەن جەنابی كاك مەسرور بارزانی بە شارەكەیان گەیشتووە. هاوكات دڵنیا بووینەوە كە خۆێنی شەهیدانی ئەم شارە لەلەیەن خەمخۆرانی ئەم گەل و نیشتمانەوە بۆ ساتێكیش فەرامۆش نەكراوە».
شەهێن هەڵەبجەیی، توێژەری دەروونییە و سەرەتا باسی ئەوە دەكات كە «هاتنی سەرۆكی حكومەت بۆ هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكان بە دەستی پڕەوە بووە و هاوكات دەڵێت: «سەرۆكی حكومەت شادی و بەهاری بۆ هەڵەبجە هێنا و برینی16ی3ی ساڕێژ كردین. ئومێدی بێ ئومێدان سەرۆكی چاكسازی و هەمووان، خامۆشیی هەڵەبجەی ڕووناك كردەوە و گڕوتینی خستەوە نێو خێزان و گەنجان و دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان، بە پێدانی مژدەی كردنەوەی دەرگای دامەزراندن و دانانی چەندین پڕۆژەی پێویست لە هەڵەبجە. ئەو پڕۆژانەی جەنابی سەرۆكی حكومەت كە پێشكەشی هەڵەبجە و هەڵەبجەییەكانی كرد، وەڵامێكە بۆ هەموو ئەوانەی كە دەیانوت هەڵەبجە پەراوێز خراوە، ئەو بەڵێنە بوو كە فەرمووی: (دەمەوێ كاتێك بێمە هەڵەبجە، بە دەستی پڕەوە بێم) هەر بمێنێت بۆمان سەرۆكی ئاوەدانی و چاكسازی».