لە یاری بالە حەز و خولیام بۆ دروست بوو

لە یاری بالە حەز و خولیام بۆ دروست بوو

دیدەن رێبوار یاریزانی تۆپی بالەی سیروانی هەڵەبجە

لە یاری بالە حەز و خولیام بۆ دروست بوو
قەزای سیروانی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەی شەهید یەكێك لەم شارانەی كوردستانە كە گرنگیی زۆر بە یاری تۆپی بالەی دەدات هەموو كات كچە یاریزانانی ئەو شارۆچكەیە بەردەوام ڕكابەری سەرسەختی یانەكانی تری كوردستانن، لە زۆربەی چاڵاكییە وەرزشییەكان ساڵانە تیپە جیاوازییەكان بەشدارن لە خولەكان، یانەی سیروانی هەڵەبجە گرنگیی زۆر بە بواری وەرزشی دەدەن لە سەر ئاستی كچان ، تیپی بالەی یانەكە خاوەنی چەندین یاریزانی بەتوانایە كە ساڵانە لە خولی كوردستان بەشدارن ، كچانی سیروان لەگەڵ كردنەوەی خولەكانی بالە بەردەوام لە كێبڕكێ دابوونە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی شایستە و شەڕكردن لەسەر بەدەستهێنانی نازناوەكانی كوردستان ، یەكێك لە كچە یاریزانەبەتواناكانی یانەكەش كە خاوەنی چەندین ئەنجامی باشە لەگەڵ یانەكەی لەسەر ئاستی كوردستان دیدەن رێبوار مەحمود-ە ناوبراو لەدایك بووی ساڵی 2005ی پارێزگای هەڵەبجەیە و تەنها یاری بۆ یانەی سیروانی هەڵەبجە كردوە، ئێمەش لەنزیكەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵی ئەنجامدا.
دیمانە: كارزان كانەبی
*چۆن بوو هاتیتە نێو دونیای وەرزشی ؟
- سەرەتای هاتنە ناوەوە بۆ بواری وەرزشی لە رێگەی پورەكانم بوو، ئێستا ڕاهێنەرمە لە قوتابخانەكانەوە دەستم پێ كردوە و دواتر چوومە یانەی سیروانی هەڵەبجە لەوێ لەگەڵ سێ پوور و خوشكەكەم هەوڵم دا بۆ ئەوەی زیاتر فێرببم.
* لە نێو ئەو هەموو وەرزشە جۆراوجۆرە بۆچی تۆپی بالەت هەڵبژارد؟
- لە یاری بالە حەز و خولیام بۆ دروست بوو كاتێك پورەكانم یاریزان بوو، سەرەتا یاری تۆپی پێم كردووە ئەمساڵیش بەشداری خولی فوتساڵم كردوە لە هەردوو یارییەكە لە ئاستێكی باشم، بەڵام لە یاری بالە ئاستم باشترە و مەشقم بەردەوامە ئەمساڵیش زیاتر پەرەم بەتواناكانم دا.
* هەست ناكەی یارییەكی تەكنیكی و كێبڕكێت هەڵبژاردوە؟
-بەلێ یاری بالە یەكێكە لەو یارییانەی پڕە لە تەكنیكی جۆراوجۆر و پڕ چێژ، سەرەڕای ئەوەی یارییەكی بە كۆمەڵە یاریزانی تاكیش دەتوانێ‌ لە ناو یاریگا كێبڕكێی تەواو بكات لەگەڵ تیپی بەرامبەر بەهاوكاری یاریزانەكانی تر.
* ئاستی یاری بالە چۆن دەبینی لە كوردستان؟
-تا ڕادەیەك باشە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خولەكانەوە یاریزان ئاستی بەرەو دواوە دەچێ و لاواز دەبن.
*چی بكرێ باشە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی ئەم یارییە لە شارەكانی كوردستان؟
-كردنەوەی خول بۆ هەموو ئاستەكان و هاوكاری كردنی ماددی و مەعنەوی یانەكان و یاریزانان.
* ڕاستە یانەكانی كوردستان یاری بالەی كچانیان پشتگوێ خستووە؟
-ڕاستی نەك كچان بگرە كوڕانیش پشتگوێ خراون ئێستا وای لێ هاتووە یاریزانی بالە بووە بە دەگمەن، ئەوەندە گرنگی پێ نادرێ ئەوەش هۆكاری زۆرە نەبوونی یاریگا و نەبوونی خول.
*بەرنامەت چیە بۆ داهاتووی خۆت؟
-دەمەوێ ئاستی خۆم زۆر بەرەوپێش ببەم بە یارمەتی ڕاهێنەرانەكانم كە زۆر ماندوو بوون لەگەڵمان.
*سەركەوتن چ هەستێكت پێ دەبەخشێ؟
-سەركەوتن هەقی هەموو هیلاكیەكانت بۆ دەكاتەوە وا دەكات كە ئاستم زۆر باش بێت.
*كێ بە ڕكابەری خۆت دەزانی؟
-كەسێكی دیاری كراو نییە تا بە ڕكابەری خۆمی بزانم، بەڵام هەموو شتێك دەكەم كە ئاستی زۆر باش بێت.
*هیواو ئاواتت لە وەرزش كردن؟
-هیوا و ئاواتم ئەوەیە ڕۆژێك بێت لە یانەیەكی دەرەوەی ووڵات یاری بكەم و زیاتر پەرە بە یاری كردنمم بدەم و سەركەوتووبم.
* بۆچی كچان بە كەمی ڕوو لەم یارییە دەكەن؟
-لە چاو ساڵانی پێشوودا ئێستا كچان زیاتر لە لە وەرزش دەكەن بە گشتی، ساڵانی پێشوو لە بەر كۆمەڵگە و ماڵەوە كچان زۆر كەم وەرزشیان هەڵدەبژارد، ئێستا خانەوادە هاندەرێكی باش منداڵەكانیان هەرچەندە لە هەندێ شوێن هەر ئەم بیركردنەوە دواكەوتووە ماوە.
*هیچ یانەیەك گرێبەستی پێشكەش نەكردووی؟
- نەخێر لە بەر ئەوەی كردنەوەی خولی بالەی كوردستان زۆر كەمە بۆ كچان لە سالێكدا یەكجار ئەنجام دەدرێ ئەو هەڵەمان نابێ بۆ ئەوەی بەرچاو بین .
*خانەوادەكەت تا چەند هاوكارتن لە وەرزش كردن؟
-تا ڕادەیەكی زۆر باوكم و دایكم و خوشكم و پورەكانم هەموویان وەكو من یاریزانی بالەن زۆر پاڵپشتمن بەتایبەتی پورم پەیمان كە سكرتێری یانەكەمانە، ڕاهێنەرەكانم هەمووی پاڵپشتن.
* دەتەوێت چی بلێ لە كوتایی؟
-یاری بالە زۆر پشتگوێ خراوە لە ڕووی كچان، داواكارم لە یەكێتی تۆپی پێی كوردستان بالە پشتگوێ نەخەن، یانەكان گرنگیەكی زۆر بە بالە نادەن، هاودارم حكومەت هاوكاری وەرزش بكات، سوپاس بۆ هەرسێ‌ ڕاهێنەرەكانم م.كاروان,م .فەرحان,م پەیمان، سوپاسی زۆر بۆ گۆڤاری گوڵان بۆ ئەو هەمووە خەمخۆرییەی لە كوردستان هەیەتی بۆ وەرزش.

 

Top