دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن ئاسۆكانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كوردستان فراوانتر دەكات

دكتۆر محەمەد شوكری  سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان:  سەردانەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن ئاسۆكانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كوردستان فراوانتر دەكات

 

 

لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی بە 404 پڕۆژەی وەبەرهێنان بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار داوە

 

 

گرنگیی لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان لە دوبەی و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمریكا و ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕاكێشانی گەورە كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی ئەمریكی و بیانی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییەكان، تەوەرەی دیداری گۆڤاری گوڵان بوون لەگەڵ دكتۆر محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە یاوەری شاندی باڵای حكومەت بوو لەگەڵ سەرۆكی حكومەت بۆ هەڵەبجە و هەر لەم دیدارەشدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕاسپاردە و بەرنامەی سەرۆكی حكومەت سەركەوتوو بووە لە بواری وەبەرهێنان، لەم ڕووەوە ئاماژەی بە ئاستی وەبەرهێنان كرد، كە لە تەمەنی كابینەكەدا تاكو سەرەتاكانی ئەمساڵ (2024) تەنیا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەت بە 404 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار، واتە تێكڕای مۆڵەتدان تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا لە سەرووی 100 مۆڵەت بووە، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئەمساڵدا چاوەڕوان دەكرێت چەندین شاندی گەورە كۆمپانیاكانی ئەمریكا و وڵاتانی بیانی سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن. هاوكات سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دوبەی و هەڵەبجە بە گرنگ وەسف كرد، بەو پێیەی لە هەڵەبجە جگە لە دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژە و سەردانیكردنی بۆ مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و چەند كارگەیەكی خۆماڵی، ڕەزامەندی بۆ سەرجەم داواكارییەكانی خەڵكی هەڵەبجە دەبڕی، كە لە یاداشتنامەیەكی نۆ خاڵیدا خۆی دەبینییەوە. خاڵێكی گرنگی ئەم یاداشتنامەیە تایبەتمەندیدان بوو بە كەرتی وەبەرهێنان و لێخۆشبوون و كۆمەڵێك ئیمتیاز بوو بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی لە سەرانسەری هەرێمی كوردستانەوە لە پارێزگای هەڵەبجە وەبەرهێنان ئەنجام دەدەن. لێرەدا دەقی وەڵامەكانی سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەرانی كوردستان بڵاو دەكەینەوە.

 

 

* با سەرەتا لە لووتكەی جیهانی حكومەتەكانەوە دەست پێبكەین كە لە شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوویت لەو لووتكەیەدا. ئایا لە پەراوێزی لووتكەكەدا تا چەند كار لەسەر ڕاكێشانی وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە پێشكەوتنەكان كراوە؟

- بانگهێشتكردن و بەشداریی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لووتكە و كۆڕبەندە جیهانییەكان، بۆ گرنگیی پێگەی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی بەڕێزیان لەسەر گۆڕانكاری و پێشهاتە جیاوازەكان دەگەڕێتەوە. تەنانەت ئەو ژمارە زۆرەی دیدار و چاوپێكەوتنەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ گەورە سەرۆك و بەرپرسان و كەسایەتییەكان و بەرپرسی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان، بەڵگەیەكی ڕوون و ئاشكرایە بۆ بەهێزیی قەبارەی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی بەڕێزیان، لە پەراوێزی لووتكەكانیش لەگەڵ چەندین سەركردە و كەسایەتی كۆبوونەوە، سەرۆكی ئیمارات و سەرۆكی توركیا كە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەم دوو وڵاتە ڕۆڵ و كاریگەریی خۆیان لەسەر ڕووداوەكان هەیە. لەم لووتكەیەشدا مەسەلەی بەدیجیتاڵكردنی حكومەت و پلانە ستراتیژییەكانی وەبەرهێنان و ئابووری و كشتوكاڵ و پیشەسازی باسێكی گەرمی گفتوگۆكانی ناو لووتكەكە بوو. لە لووتكەكەدا گفتوگۆ لەسەر چەندین بابەتی پەیوەندیدار بە وەبەرهێنان كرا، تاوەكو گەورە وەبەرهێنەكانی جیهان بێن و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام بدەن. ئێمە زۆر پێویستمان بە سەرمایە هەیە، تاوەكو ئابووری و ژێرخانی ئابووریی هەرێم بوژانەوەی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و ئابوورییەكەمان بەهێز بێت. لە دوبەی لە لووتكەی جیهانیی حكومەتەكان سەرۆك وەزیران جەختی لەسەر ئالنگارییە سیاسی و ئابوورییەكان كردەوە، باسی لەو قەیرانانەش كرد كە هەرێمی كوردستان شانبەشانی وڵاتانی دیكە بەدەستیەوە دەناڵێنێت.

* سەردانەكەی سەرۆك وەزیران بۆ ئەمریكا و بابەتی وەبەرهێنان و بەهێزكردنی پەیوەندییە ئابوورییەكان دەهێنێتە پێشەوە، ئایا وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

- كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە پێشەنگی كۆمپانیاكانی وڵاتانی بیانی دێن لە وەبەرهێنان لەهەرێمی كوردستان. سەردانەكەی ئەم دواییەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتن، لە كاتێكی زۆر گونجاودا بوو، ئاسۆكانی وەبەرهێنانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان فراوانتر دەكات. ئەمریكا دەخوازێت حكومەتێكی بەهێز لەڕووی ئابوورییەوە هەبێت و دڵنیایی هاوبەشیی بە سەرۆكی حكومەت درا. بەكارهێنانی ئەم چەمكە لەلایەن ئەنتۆنی بلینكی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ ئەو ستراتیژیەتە هاوبەشییە و پێگە جیۆپۆلیتیكی هەرێم دەگەڕێتەوە.

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جیهانی دەرەوەی سەلماندووە، كە هەرێمی كوردستان ناوچەیەكە شایەنی وەبەرهێنانە، ئەمەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بووە. ئێمە بەردەوام لە نزیكەوە مامەڵە لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە دەكەین. هەرچەندە زۆربەی جار كۆمپانیاكانی ئەمریكا لە بواری نەوت و گاز وەبەرهێنان دەكەن لە سنووری نزیكەی 400 ملیۆن دۆلار، لەگەڵ ئەمەشدا بە دڵنیاییەوە لە دوای ئەم سەردانە ئاستی وەبەرهێنان و ژمارەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە زیادبوون دەكات، ژینگەی هەرێمی كوردستانیش لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەمریكییەكان ژینگەیەكی لەبارە و هاندەرە بۆ هاتنی گەورە كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە و ئەنجامدانی وەبەرهێنان، بەتایبەتی دوای پێشوازییەكەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە ژووری بازرگانیی ئەمریكا كە ژمارەیەكی زۆری بزنێسكاران و گەورە وەبەرهێنەران و خاوەن كارەكان ئامادەی بوون. هەر لەوێ سەرۆك وەزیران سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانییانەی كرد كە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدەن، سەرۆك وەزیرانیش لە پەیامێكیدا ڕایگەیاند، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتووەكان بە بەهێزی دەمێنێتەوە، بە شێوەیەكی گشتی كۆشكی سپی پشتیوانی لە كوردستانی بەهێز و مافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان دەكات، چاوەڕوان دەكرێت لە سەرجەم سێكتەرەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری كە لە پلانی وەبەرهێناندایە گەشەی زیاتر بەم سێكتەرانە بدات و فرەچەشنیی ئابووری بڕەخسێنرێت. لە ئێستادا دوای هەوڵەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم ئەم سێكتەرانە بووژانەوەی باشیان بە خۆیانەوە بینیوە. لەوێ سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دامەزراوەكانی وەبەرهێنان كرد، كە دەستەی وەبەرهێنان و یاسای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هەیە و بە هەزارەها دەرفەتی كاركردن هەیە، تەنانەت جێگری سەرۆكی ژووری بازرگانیی ئەمریكا بۆ كاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامادەیی كۆمپانیاكانی ئەمریكای بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەربڕی، ئەمەش بۆ ئێمە گرنگە، بەتایبەتی كە ئەم ژوورەی بازرگانی نوێنەرایەتی سێ ملیۆن كۆمپانیا دەكات و لە ساڵی ڕابردووش شاندێكی باڵایان سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد و بەڵێنیان دا، لەگەڵ شاندی دیكە بگەڕێنەوە كوردستان، هەر لەوێ سەرۆك وەزیران بۆ گەورە بازرگان و بەرپرسانی گەورە كۆمپانیاكانی ژوورەكە وتی: «ئێمە ئینفێست كوردستانمان هەیە و دەستە و یاسای دۆستانەمان هەیە و وەبەرهێنەرە بیانییەكان بانگهێشت دەكەم، بێن و سەیری هەزاران دەرفەت بكەن كە لەوێ هەیە». بە شێوەیەكی گشتی هاندانی هاتنی كۆمپانیا گەورە و مامناوەندەكانی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان و ئەنجامدانی وەبەرهێنان، دەبێتە هاندەرێك بۆ هاتنی ژمارەیەكی یەكجار زۆری كۆمپانیا بیانییەكان و واڵابوونی دەرفەتەكانی كاركردن و هاوبەشیكردنی كۆمپانیا نێوخۆییەكان لەگەڵیاندا، كە لە ئێستادا لە سەرووی 35 هەزار كۆمپانیا لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراون و 3500 كۆمپانیای بیانین كە 175 یان بەریتانین و ژمارەیەكیشیان ئەمریكی و توركی و ئێرانی و ئیماراتین. لەلایەكی دیكەوە فراوانكردنی ئاسۆكانی وەبەرهێنانی بیانی دەبێتە هۆی دابینكردنی دەرفەتی گەورەی هەلی كاریش بۆ گەنجەكانمان.

بە شێوەیەكی گشتی سەردانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمریكا و بەشداریكردنی لە لووتكەی دوبەی و سەردانەكەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ میونشن وێڕای پاراستنی قەوارەی هەرێم و پاراستنی گەلەكەی، بۆ بووژانەوەی ئابووری و ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و بەهێزكردنی تەكامولی پەیوەندیی هاوبەشی ئابووری و دابینكردنی هەلی كار و گەشەكردنی ئابووریی كوردستان گرنگی زۆری هەیە. بەتایبەتی لەسەر ئاستی جۆراوجۆركردنی ئابووری و بووژانەوەی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری، لە ڕووی پیشەسازیی نەوت و گازیشەوە گرنگە، بەتایبەتی كە كۆمپانیاكانی ئەمریكا وەبەرهێنانیان لەم سێكتەرەدا هەیە.

* وێڕای ئالنگارییەكان و كێشە و گرفتە ئابووری و داراییەكان، بەڵام وا هەست دەكرێت، وەبەرهێنان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە. ئەم جووڵەی بازاڕ و بازرگانییە و وەبەرهێنانە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

- كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لە دەستپێكەوە ڕووبەڕووی كۆمەڵێك ئالنگاری و كێشەی جیهانی و ئیقلیمی و نێوخۆیی بووەوە لەوانە، كۆرۆنا و قەیرانی داشكانی بەهای نەوت و وشكەساڵی و بڕینی بودجە و لەم دواییانەشدا بە نادەستووری و نایاسایی ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوت، تەنانەت هەنگاوەكانی چاكسازی و ڕاستكردنەوەی ئابووری سست بوون، لەگەڵ ئەمەشدا كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان توانی گۆڕانكاریی گەورە لە پەیكەری وەبەرهێنان بكات و ژینگەی لەبار بۆ وەبەرهێنەران بخوڵقێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو پلانەی كە دایڕشتووە بۆ جۆراوجۆركردنی وەبەرهێنان و بووژانەوەی كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری. تاكو سەرەتاكانی ئەمساڵ  (2024)، تەنیا لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە مۆڵەتمان بە 404 پرۆژەی وەبەرهێنان داوە بە سەرمایەی زیاتر لە 17 ملیار دۆلار، واتە تێكڕای مۆڵەتدان تەنیا لە ماوەی ساڵێكدا لە سەرووی 100 مۆڵەت بووە، لەمەشدا پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكانیش پشكی ئەو مۆڵەتەی وەبەرهێنانیان وەرگرتووە و ڕەچاوی تایبەتمەندێتیی ئەوانیش كراوە، هەروەكو چۆن لە دواسەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای هەڵەبجە بینیمان.

سەردانی شاندی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دیاربەكر و هەوڵەكانی دەستپێكردنەی گەشتی ئاسمانیی نێوان هەولێر و دیاربەكر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵووێری بازرگانی بۆ سەرووی 14 ملیار دۆلار و هاتنی گەورە شاندی ئیسپانیا كە لە بواری وەبەرهێنان ئامادەییان دەربڕیوە، هەمووی ئاماژەی باشن بۆ گەشەی ئابووریمان.

* باسی پارێزگای هەڵەبجەت كرد. هەڵبەتە تەوەرەیەكی گرنگی ئەو سەردانە بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنان و ئەنجامدانی ژمارەیەك پڕۆژەی وەبەرهێنان بوو. دەكرێت لەم ڕووەوە بزانین تا چەند بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەخشینی وەبەرهێنەرەكان لە هەندێك مەرج و ڕسومات گرنگە بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لەو پارێزگایەدا؟

- گرنگیدان بە پارێزگای هەڵەبجە لە پلان و بەرنامەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژە و سەردانیكردنی بۆ مۆنیۆمێنتی هەڵەبجە و دانانی تاجە گوڵینە و دانانی بەردی بناغەی ڕێگا و پردی هەڵەبجە تووەقوتی- قلیچەی دانا، سەردانی زنجیرەیەك پڕۆژەی كرد كە پڕۆژەكانی كێڵگەی ئاژەڵداری و بەخێوكردنی بزن و پڕۆژەی بەرهەمهێنانی شیری فرێشە لە هەرێمی كوردستان و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون و كۆمەڵگەی خۆراكیی ڕۆنی ڕاسانە، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی و ئاسانكاری بۆ ئەمجۆرە پڕۆژانە و دۆزینەوەی بازاڕ بۆیان دەكات، لەمەش گرنگتر ڕاستەوخۆ بڕیارەكانی كەوتە بواری كاركردنەوە. ئەوەی زۆر گرنگ بوو بۆ وەبەرهێنان لەم سەردانەیدا، پێشكەشكردنی كۆمەڵێك ئاسانكاری بوو كە جگە لە ڕەزامەندی لەسەر یاداشتنامە 9 خاڵییەكە، ڕەزامەندی لەسەر پێشنیاری پارێزگار و وەبەرهێنەران كرد، بەوەی وەبەرهێنان لە هەڵەبجە تایبەتمەندێتی دراوەتێ لە وەرگرتنی كرێی خزمەتگوزاری و تەرخانكردنی زەوی و گوژمەی پڕۆژەكانیش هێنراوەتە خوار 500 هەزار دۆلاری ئەمریكییەوە، بەمەش وەبەرهێنەرانی كوردستان لە تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان دەتوانن لە هەڵەبجە پڕۆژە ئەنجام بدەن، بەتایبەتی لە بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری، چونكە دوای سەردانەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەبەرهێنان لە هەڵەبجە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە و ئاسانكاری و پاڵپشتی باشی وەبەرهێنەران دەكرێت.

ئەوەی بۆ ئێمەی دەستەی وەبەرهێنان گرنگە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانەیە كە بۆ پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری گرنگن، چونكە پارێزگاكە ژینگەیەكی لەباری هەیە بۆ پەرەپێدانی ئەمجۆرە پڕۆژانە، پڕۆژەكانی هەڵەبجەش بەسەر كەرتەكانی كشتوكاڵ و بەرهەمهێنانی وزە و گەشتوگوزاری و پیشەسازی دابەش بوون، بێگومان پڕۆژەكانی دیكەی وەك ڕێگاوبان و پرد و خزمەتگوزاری و ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا و پەروەردە و تەندروستی و خوێندنی باڵا و گواستنەوە و.. تادوایی، گرنگن بۆ بەهێزبوونی ژێرخانی ئابووری كە ڕۆڵی دەبێت لە ڕاكێشانی وەبەرهێنەران و ئەنجامدانی پڕۆژە وەبەرهێنەكان.

Top