ســنـوور ستار: بڕیارمدا ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ خانمان بەشی بكەم

ســنـوور ستار:  بڕیارمدا ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ خانمان بەشی بكەم

 

 

ئافرەتان بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی وەكو دوانەیەكی لێك دانەبڕاو بە ماڵ و ماڵدارییەوە گرێدراون، وێڕای ئەركی دایكایەتی و هاوسەرداری بەڕێوەبردنی ماڵەكەی لە ئەستۆ گرتووە، هاوكات هاوكار و یارمەتیدەری هاوژینەكەیەتی لە كاروباری دەرەوە، تەنانەت لە ئێستادا زۆربەی خانمان خاوەنكار و پیشەن و لە دەرەوەی ماڵ كاردەكەن، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زۆربەی ئافرەتان هاتوچۆ بە منداڵەكانیان دەكەن بۆ دایەنگە و باخچەی ساوایان و قوتابخانە، هەر بۆیە كورد لە كۆنەوە گوتوویەتی ژن و ماڵ نەك ماڵ و ژن.

 

گوڵان: كۆمەڵایەتی

سنوور ستار خانمە دەستڕەنگینێكی شاری سلێمانییە، لە ڕێگەی پەیجێكی سۆشیال میدیاوە فێركاریی خواردنەكانی و كارەكانی ڕۆژانەی خۆی لە بواری ماڵداری و چێشتلێنان بڵاو دەكاتەوە، سنوور ستار تەمەنی 35 ساڵە و دەرچووی ئامادەی پیشەسازی سلێمانییە،

لە گفتوگۆیەكی ڕۆژنامەوانی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، باس لە وزەی ئەرێنی خۆی لە بواری دەستڕەنگینی و ماڵداریدا بۆ خوێنەران دەكات.

سنوور ستار لە دەستپێكی قسەكانیدا بەمجۆرە خۆی دەناسێنێت و باس لە ئەزموونی كارەكەی دەكات: «لە شاری سلێمانی لە دایكبووم و هەر لەو شارەش نیشتەجێم، هاوسەرگیریم كردووە و خاوەنی دوو كوڕی جوانم، بەشانازییەوە ژنی ماڵەوەم و خزمەتی ماڵ ومنداڵم دەكەم، خودی خۆم زۆر گرنگی بە ماڵ و ماڵداری و ڕێكخستن دەدەم، حەزم كرد ئەو وزەیە بگوازمەوە بۆ ئافرەتانی چوار دەورم و ئەوانیش سوودی لێ ببینن، لە سەرەتادا تەنیا هاوسەر و خوشكەكەم بوون پشتگیرییان كردم، پشتگیریی ئەوان و بڕوا بە خۆبوونم بوونە هۆكاری بەردەوام بوونم».

سنوور ستار لەبارەی ئامانجی لە بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی كارەكانی دەڵێت: «بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی كارەكانم لە سۆشیال میدیا تەنیا فێركارییە، فێركاری ماڵداری و كابانێتییە، من كاری فرۆشتن ناكەم بەڵكو ئامانجی من ئەوەیە سوودێك بگەیەنم بە خانمانی تازە كابان و ئەوانەی لە بواری ماڵداری دا كەمێك لاوازن».

گوتیشی: «بینیم زۆربەی خانمان لە ماڵ و ماڵداری بێزارن و هیچ عەشق وخۆشەویستییەكیان بۆ ماڵ نەبوو، بەڵكو بە بێزاری ژیانیان بەڕێ دەكرد، بەتایبەت ئەو خانمانەی وەك من كە هیچ كارێكی دەرەوەیان نییە. لەبەر ئەوە بڕیارمدا لە ڕێگای كورتە ڤیدیۆكانمەوە ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ ئافرەتاندا بەشی بكەم و لەم ڕێگەیەوە خانمان هان بدەم سوچ بە سوچی ماڵ و ژیانیان خۆش بوێت و بە دڵ خزمەتیان بكەن.»

سنوور ستار لە كۆتایی قسەكانیدا بەمجۆرە ئامۆژگاری خانمان دەكات و دەڵێت:« ئامۆژگاریم بۆ خانمان ئەوەیە كە هیچ كات گرنگی بە قسەی خەڵك نەدەن گرنگی بەوە نەدەن و بڵێن من شوێنێكم نییە تاوەكو ئیش و چالاكی و دەستڕەنگینیی خۆمی تێدا دەربخەم، بەڵكو لە ناوماڵی خۆتەوە خۆت ژینگە بۆ حەز و خولیا و بەهرەكانت دروست بكە. لێرەوە پێیان دەڵێم هەرگیز گوێ لە قسە و تانە و تەشەری چوار دەورت مەگرە، ئەگەر بە تەنز و گاڵتە پێكردنەوە باسی چالاكییەكانت بكەن، بەردەوام هەوڵی خۆت بدە و خۆت پێبگەیەنە و ڕێگە مەدە قسەی چواردەورت بتڕوخێنێت».

 

ســنـوور ستار:  بڕیارمدا ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ خانمان بەشی بكەم
ســنـوور ستار:  بڕیارمدا ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ خانمان بەشی بكەم
ســنـوور ستار:  بڕیارمدا ئەو زانیارییانەی كە هەمە لەگەڵ خانمان بەشی بكەم
Top