ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی پێش ئەوەی دژی پێكهاتەكان بێت، دژی قەوارەی هەرێمی كوردستانە
ئێمە و كوردستان خاوەن خەمخۆر و سەركردە و كەسایەتییەكی كاریزمای سیاسیی گەورەین كە جەنابی سەرۆك مسعود بارزانییە
هەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1992 هەڵبژاردنی ئەنجام دا، تێیدا پێكهاتەكان بە كورسیی كۆتا بەشدار بوون، سەرەتا تەنیا بۆ كریستیانەكان بوو، پاشان یاساكە هەموار كرایەوە و كۆتا بۆ توركمان و ئەرمەنی زیاد كرا، دوای تێپەڕبوونی ئەو هەموو ساڵە، كەچی لەلایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵایەك لەسەر كورسیی كۆتاكان تۆمار كرا، دەرئەنجام دادگای فیدڕاڵی كورسیی پێكهاتەكانی لە هەرێم هەڵوەشاندەوە. بۆ تاوتوێكردنی ئەو پرسە و چەندین پرسی دیكە، گۆڤاری گوڵان دیدارێكی لەگەڵ ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پێكهاتەكان لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان ئەنجام دا.
* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا ئێوە چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگاكە دەكەن؟
- بڕیارەكەی دادگا سیاسی و نایاساییە و غەدرێكی گەورەیە دەرهەق بە پێكهاتەكان و لە مێژووی گەلی كوردستاندا شتێكی نامۆ و زۆر خراپە، كاریگەریی زۆری لەسەر ئەو پێكەوەژیانە جوان و سەركەوتووە هەیە كە لە هەرێمی كوردستان بەرجەستە بووە. سیاسەتی بەغدا بەتایبەتی دادگای فیدڕاڵی و هەندێ لایەنی سیاسیی عێراقی و كوردستان، دەیانەوێت ئەو ڕەوشە سیاسی و پێكەوەژیانەی لە نێوان پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستاندا هەیە لاوازی بكەن و تێكی بدەن. لە عێراق سیستمی كۆتا هەیە، بۆچی لە هەرێمی كوردستان هەڵیدەوەشێننەوە؟ مەبەست لە نەهێشتنی ئەو كورسییانە چییە كە هەق و بەشداری و هاوبەشیی پێكهاتەكانە لە پەرلەمان و حكومەت و دامودەزگاكانی ئیدارەدانی هەرێمی كوردستان، هەموو ئەمانە مەبەست لێی دەستتێوەردانە لە كاروباری كۆتا و هەرێمی كوردستان .
* ئەم بڕیارە لەسەر تانەیەك، یان سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دراوە لە دژی پێكهاتەكان، ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟
- هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتاكان هیچ سوودێكی بۆ هیچ لایەنێك نییە بە یەكێتی نیشتمانیی كوردستانیشەوە كە خاوەنی تانە و شكایەتەكەیە، چونكە هەڵوەشاندنەوەی كورسیی كۆتا، یان دەستكاریكردنی كۆتا سوود و بەرژەوەندیی بە هیچ لایەن و كەسێك ناگەیەنێت، بەداخەوە هەندێ لایەن لە كوردستان نەمانی كورسی كۆتاكان بە دەستكەوت دەزانن، ئەمە تێگەیشتنێكی زۆر هەڵەیە و هەر زوو پەشیمان دەبنەوە، چونكە خەڵكی كوردستان هەموو كاتێك لەگەڵ پێكەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی بووە. جەنابی مام جەلال خوا لێی خۆش بێت، یەكێكە لەو سەركردە و كەسایەتییانەی كوردستان كە باوەڕی بەو پێكەوەژیانە لە هەرێمی كوردستان هەبوو و، خۆی لە خولی یەكەمی پەرلەماندا كە هەڵبژاردنی بۆ كرا، ئیمزای لەسەر كورسیی كۆتاكان كرد، كەچی پاش خۆی حزبەكەی لە دادگای فیدڕاڵی تانە و شكایەتیان لەسەر كورسیی كۆتا و پێكهاتەكان تۆمار كرد، سەرئەنجام كورسیی كۆتاكانیان هەڵوشاندەوە لە پەرلەمانی كوردستاندا. ئەمەش كاریگەریی زۆر گەورە و مەترسیداری لەسەر پێكەوەژیانی هەرێمی كوردستان هەیە، بۆیە پێویستە یەكێتی هەوڵ بدات و كار لە پێناو بیروبۆچوونەكانی مام جەلالدا بكەن، نەك پێچەوانەی خواستەكانی بجووڵێنەوە.
* باشە بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟
- ئەو 11 كورسییەی كۆتا لە پەرلەمانی كوردستان نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، ئەو كورسییانە تەنیا بە خۆیان دەزانن هەق و بەرژەوەندییان لە كامە شوێن و جومگەدایە و هاوپەیمانی لەگەڵ كام لایەن و فراكسیۆن دەكەن، بێگومان چ لایەن و حزبێك زیاتر كار بۆ بەدەستهێنانی ماف و بەرژەوەندیی پێكهاتەكان بكات، پێكهاتەكان لە پەرلەمان و لە حكومەتیش لەگەڵ ئەو لایەن و حزبە هاوپەیمانی دەبەستن، بەڵام ئەوە هەڵەیە كە لە هەندێ میدیا و لایەن دەبیستین كە گوایە كۆتاكان لەگەڵ لایەنێك نزیكن و بیروبۆچوونیان و دەنگی كۆتاكان لەگەڵ ئەو لایەنەیە، ئەوە هەڵەیەكی زۆر گەورە و بێ مانایە، چونكە لەسەر بەرژەەوەندی و بەدەستهێنانی مافەكانمان وەك پێكهاتەكان هاوپەیمانیمان لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هەبووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كوردستان، هەر وەك چۆن بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتیش بۆ پێكهێنانی حكومەت هاوپەیمانیان هەبووە، لەلایەكی دیكەوە ناكرێت ئێمە لە حكومەت بەشداربین و لە ناو پەرلەمانیش ئۆپۆزیسیۆن بین، بەڵكو ئێمە وەكو هەموو پێكهاتەكانی توركمان و كلدو ئاشووری و سریانی و ئەرمەنی پابەندین بە بنەماكانی ئەو هاوپەیمانییەی بەستوومانە بۆ پێكهێنانی حكومەتی كوردستان، بەڵام ئەگەر تەماشای كورسیی كۆتا بكەین لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوا دەبینین هیچ پێكهاتەیەك ڕازی نییە بەو نوێنەرایەتییەی دەكرێت، چونكە كورسیی كۆتاكان لەوێ ئازاد نین و بە كاری تەواوی خۆیان و پێكهاتەكان هەڵناسن، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دەستتێوەردانی سیاسی و لایەنی دیكە لە كاروباری كۆتاكانی عێراقدا، ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی ئەو نوێنەرایەتی و كورسییەی كۆتاكانە كە لە پەرلەمانی كوردستان هەیە، كە كورسیی كۆتاكان تاك تاك و بە هەر(1)كورسیش ئازادن لە بیروباوەڕ و گفتوگۆكانیان و، لەو شوێن و ماددە و بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی پێكهاتەكان نەبێت، گفتوگۆ و ڕای جیاوازیان هەیە، هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان بەگشتی و لە بارەی پێهكاتەكان بە سیستمێكی تۆكمەی دیموكراتی و ئازادانە هەڵسوكەوتی كردووە و، ئێمە زۆر سەركەوتوو بووین لە بەشداربوون لەو هاوپەیمانییەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناو پەرلەمان و حكومەتدا بەستوومانە، هەر ئەمەشە وای كردووە كە پێكەوەژیانێكی زۆر جوان و سەركەوتوو و گەش لە هەرێمی كوردستان ڕەنگ بداتەوە.
* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستاونەتەوە و ڕەتی دەكەنەوە؟
- بۆ مێژوو دەیڵێم، بەڕێز كاك مسعود بارزانی كەسایەتییەكی زۆر گرنگ و كاریزمایە و بە مانا قائیدە، لەو ماوەی ڕابردوو كە بڕیارەكەی داداگای فیدڕاڵی لەسەر كورسیی كۆتاكان دەرچوو، جەنابی كاك مسعود تازیەی هەبوو، ئێمە لە ڕۆژی دووەمی تازیەكەدا بۆ سەرەخۆشی لە جەنابیان بەشداری تازییەكەمان كرد، لەو كات و ساتەدا جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی تازیەكەی بەجێهێشت و هات لەگەڵ ئێمە وەك پێكهاتەكان كۆبوونەوەی كرد، ئەمە مانای گرنگیدانە بە مرۆڤ و گرنگیدانە بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان، بۆیە دەبێت بزانین ئەمە شتێكی جیاوازە كە لە كاتی تازیە و خەمباری و لەدەستدانی ئازیز و خۆشەویستێكتدا لەگەڵ نوێنەری پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە بكەیت، ئەمە هەڵویستێكی زۆر مرۆڤانە و خەمخۆری و قیادییە، جەنابی كاك مسعود بارزانی ڕەمزی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانە لە عێراق و هەرێمی كوردستان و هیوا و ئومێدی ئێمەیە، لە پێشتر و لە ئێستا و لە داهاتووشدا هەر خێر و ئاسوودەیی و پشتگیریی پتەو و بەهێز لە جەنابیان چاوەڕوان دەكرێت.
* زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی دادگا نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور؟
- ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی دژی یاسا و دەستووری هەمیشەیی عێراقە و دەستتێوەردانێكی سیاسییە، چونكە دادگای فیدڕاڵی كاری دانان و هەمواركردنەوەی یاسا و ماددەی تەشریعی نییە، ئەمە لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستاندایە كە یاساكە هەموار بكاتەوە، یان هەر دەستكارییەكی بكات، لەلایەكی دیكەوە دادگای فیدڕاڵی تا ئاستێك دەتوانێت تەفسیر بۆ ماددەكانی دەستوور بكات، ئەویش نەك ئەو یاسا و ماددانە كە پەیوەندی بە چەندین نەتەوە و پێكهاتەوە هەبێت لە هەرێمی كوردستاندا، هەر بۆیە ئێمە دژی ئەو بڕیارەین و پشتئەستوورین بە جەنابی سەرۆك بارزانی كە دەتوانین لەو هەرێمەدا مومارەسەی تەواوی ژیان و ماف و بەرژەوەندییەكانمان بكەین.
* ئەگەر لە ڕەهەندە سیاسییەكەوە سەیری بكەین، ئایا دادگای فیدڕاڵی مەبەستی لەم بڕیارە چییە؟
- ئەم بڕیارە بڕیارێكی سیاسیی ناماقووڵە و پێش ئەوەی كۆتاكان بە ئامانج بگیرێت، قەوارەی هەرێمی كوردستان بە ئامانج گیراوە، ئەوان دەیانەوێت بە نەمانی كورسیی كۆتاكان كێشە و گرفت و كەلێن لە نێوان ئەو پێكەوەژیانە ئاشتییانە و لێبووردەییەی هەرێمی كوردستاندا دروست بكەن، تا بەمەش قەوارەی هەرێمی كوردستان لاواز ببێت، لەو بڕیارەدا بۆمان دەردەكەوێت كە عێراق و ئەو دادگای فیدڕاڵییە كە دەستی سیاسیی لە پشتە، بۆ ئەوەیە كە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجام نەدرێت و كێشە و ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر و گەورەتر بكات.
* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنێك بگرنەبەر كە كاریگەرییەكی هەبێت و دادگا بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟
- ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی داویەتی یەكجارەكی و كۆتاییە و تانە قبووڵ ناكات، بەڵام ئێمە كارمان كردووە و هەوڵ دەدەین بە شێوەی سیاسی ئەو كێشەیە چارەسەر بكەین، و لە ڕێگەی گفتوگۆ و چەندین كۆبوونەوە لەگەڵ كونسووڵگەری و ڕێكخراوە مەدەنی و نێودەوڵەتییەكان هەوڵی ڕاگرتنی ئەو بڕیارەمان داوە و داوامان كردووە، ئەو غەدرەی لەو بڕیارەدا لە پێكهاتەكانی كوردستان كراوە، ڕابگیرێت، یان چارەسەرێكی یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە. لەلایەكی دیكەوە ئێمە وەكو توركمان نەتەوەی دووەمی هەرێمی كوردستانین، ناكرێت بەو جۆرە مامەڵەمان لەگەڵ بكرێت كە لە دەرەوەی ئیرادەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دادگایەكی عێراقی بڕیار لەسەر ئێمە بدات، وەك توركمان لە هەولێر بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردن دەكەین و دەمانەوێت پڕۆسەی هەڵبژاردن كە پڕۆسەیەكی دیموكراتییە سەركەوتوو بێت لە هەرێمی كوردستاندا، بەبێ نوێنەرایەتی پێكهاتەكان پەرلەمانی كوردستان كەموكووڕیی تێدا بەدی دەكرێت.