مــەســـرور بـــارزانـــی پەیامێکی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان بڵاو کردەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە: "هەمیشە پشتیوانیی لە داخوازییە ڕەواکانیان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست."
ئەمڕۆ هەینی 8/3/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بڵاوی کردەوە: "بە بۆنەی هەشتی مارس، ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی سەرجەم ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و ژیانێکی پڕ لە سەرفیرازیان بۆ دەخوازم، هەمیشە پشتیوانیی لە داخوازییە ڕەواکانیان و داکۆکی لە مافەکانیان دەکەم لە پێناو کۆمەڵگەیەکی ئازاد و تەندروست."
ئاماژەشی بەوە داوە: "لەم بۆنەیەدا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و بەهێزترکردنی پێگەیان لە کایەکانی دەسەڵات و حکومڕانیی و بەهێزکردنی بنەماکانی یەکسانی ڕەگەزی دووپات دەکاتەوە."
هەروەها سەرۆکی حکوومەت راشی گەیاندووە: "ڕۆژی جیهانیی ئافرەتان، لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە لە ئاشتی و شاديدا بژین."