مــحــەمــەد ســەعـــدەدین ئێلخانی سەرۆکی پارتی گەشەپیدانی تورکمان: پارتی دیموكراتی كوردستان لە سایەی مەرجەعییەتی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری زۆر گرینگ دەردەكەن و هەموو حزبەكەش پێوەی پابەندن، ئەمە بۆ حزبەكانی دیكەش گرینگە
محەمەد سەعدەدین ئێلخانی ،سەرۆکی پارتی گەشەپیدانی تورکمانە لە هەرێمی كوردستان و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەی توركمان لە هەرێمی كوردستان دەكات، كە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو لێبووردەیی و پێكەوەژیانە ئاشتییانەیە كە وەك سیمایەكی گەش لە كوردستاندا هەیە و، كوردستانییان بە جیاوازیی نەتەوە و ئایینەوە شانازیی پێوە دەكەن، لە گفتوگۆی ئەم جارە (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) بەم جۆرە دیدوبۆچوون و پێشنیارەكانی خستە ڕوو.
پرسی (ململانێی حزبی و ئایندەی هەرێمی كوردستان) پرسێكی زۆر گرینگە، ئەو بەڕێزانەی پێش من قسەیان كرد، زۆر باش ئەم پرسەیان تاوتوێ كرد، بە پێویستی نازانم دووبارەیان بكەمەوە، بۆیە من لەسەر لایەنێكی دیكەی ئەم پرسە گرینگە قسە دەكەم.
پێش هەموو شت فرەیی حزبی سیمایەكی جوانی سیستمی دیموكراتییە و پاشاگەردانی نییە و نابێت ڕێگەش بدرێت ببێتە پاشاگەردانی، هەر بۆیە لە هەموو كۆمەڵگەیەكدا كیبڕكێی حزبی بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و بردنەوەی هەڵبژاردنەكان و گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەستهێنانی كورسییەكانی پەرلەمان، كارێكی ڕەوایە و سیمایەكی جوانیش بە سیستمە حوكمڕانییەكە دەدات و كۆمەڵگەش زیاتر چالاك دەكات، بەڵام لەم گفتوگۆیەی ئێمە دەیكەین، پرسەكە بەو جۆرە تاوتوێ كرا، بەوەی ئایا ململانێی حزبی كاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئایندەی كوردستان دەبێت؟، لە وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت ڕاشكاوانە بڵێین: كۆمەڵگەی هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەیەكی فرەحزبییە كە فرەحزبییش هەبوو، كێبڕكێی نێوان حزبەكان كارێكی ئاسایی و ڕەوایە، هەروەك چۆن لە كۆمەڵگەی عەرەبیی عێراقیدا ململانێیەكە مەزهەبییە، ئەم ململانێیە لەلایەن عەرەبی شیعەی عێراقەوە دەستی پێكرد، هەر بۆیە ئێستا عەرەبی سوننەش ململانێ لەسەر مەزهەبی سوننە دەكەن.
لەو وڵاتانەی كە دیموكراتین و حزبەكان كیبڕكێ دەكەن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، لە وڵاتێكی گەورەدا و لە تەنیا یەك هەڵبژاردندا جاری واهەیە حزبێك 20-30 ملیۆن دەنگ بەدەست دەهێنێت، ئەم ژمارەیە هەموویان ئەندام و كادری ئەو حزبە نین، بەڵام لە سیستمی فرەحزبی لە كوردستاندا، ئەو هاووڵاتییەی دەچێتە سەر سندووقی دەنگدان هەر كار و پیشەیەكی هەبێت، لە هەمان كاتدا ئەندام، یان كادری حزبێكی دیاریكراوە و دەچێت دەنگ بە حزبەكەی خۆی دەدات، ئەمە وای كردووە كە شێوازی كێبڕكێی حزبی لە كوردستان شێوازی ململانێی حزبی وەربگرێت و هاووڵاتیان لەسەر بنەمای پابەندبوونیان بە حزبەكان وەك ئەندام و كادر، دەنگ بە حزبی خۆیان دەدەن، نەك جەماوەری حزبەكە و، لەسەر بنەمای بەرنامەی حزبەكە بچنە سەر سندوقەكانی دەنگدان، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر سەرنج لە پرۆسەكانی هەڵبژاردنی كوردستان بدەین، دەبینین ئەندامانی حزبێكی سیاسی وەك ئۆپۆزسیۆن ڕەخنە دەگرن و ناڕازین، بەڵام لە ڕۆژی دەنگدان زۆر بە خۆشییەوە و بە جلی كوردی و ئاڵای كوردستانەوە دەچن دەنگ هەر بەو حزبە دەدەن كە پێشتر لێی ناڕازی بوون، ئەمەمان لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی كوردستانیشدا بینی، پێش ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بیروبۆچوونی جیاواز لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كۆڕ و كۆبوونەوە و میدیاكانیش زۆر زۆر بوو، بەڵام كە سندووقی دەنگدان دانرا، خەڵك بە خۆشحاڵییەوە چوونە سەر سندوقی دەنگدان و بە (بەڵی) دەنگیان بە ڕیفراندۆم دا.
بە چاوخشاندنەوە بەو قۆناغە مێژووییانەی كە كوردستان پێیدا تێپەڕیوە، هەر لە كۆنەوە تاكو دوای ڕاپەرین، ئەوە شتێكی ئاساییە حزبە سیاسییەكان ڕۆڵیان هەبێت، بەڵام لە قۆناغی ئێستادا جۆرێك لە ملانێی حزبی هەیە، كە كاریگەریی نەرێنیی لەسەر هەموو گەلی كوردستان دروست كردووە، هەر بۆ نموونە حزبی سیاسی هەیە وەك حزبی سیاسیی ئۆپۆزسیون سیاسەت دەكات و بانگەشە بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و نەمانی گەندەڵی و بەرژەوەندیی گشتی كۆمەڵگە دەكات و، دەڵێت من كاری دیموكراتی دەكەم و مافی ئازادیی ڕادەربڕینی خۆم پیادە دەكەم، بەڵام لە شێوازی مامەڵەكردنی لەگەڵ پێشهاتە سیاسییەكان و ئەو هەڕەشە و مەترسییانەی ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان دەبنەوە، گورزێكی كاریگەر لە تەواوی پرۆسەی دیموكراتی و پرۆسە سیاسییەكە و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەدات.
لێرەوە دەتوانین ئەوە بڵێین كە كێبڕكێی حزبە سیاسییەكان بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و گەیشتن بە دەسەڵات و بەدەستهێنانی كورسیی پەرلەمان، وەك پیادەكردنی مافێكی دیموكراتی، ئەوا ئەم شێوازە كێبڕكێیە هیچ كاریگەرییەكی نەرێنی بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان نابێت، بەڵام ئەو حزبە سیاسییانەی كە دەیانەوێت ئەم كێبڕكێیە بكەنە ململانێی حزبی و خراپ بەكاری بهێنن، ئەوا ئەم ململانێیە دەبێتە كێشە بۆ هەرێمی كوردستان و دەبێت بە هۆكار چارەسەری بۆ بدۆزینەوە، لەوانە:
• دەبێت حزبە كوردستانییەكان ئەوانەی لە ناو دەسەڵاتن و ئەوانەشی لە دەرەوەی دەسەڵاتن، خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرانبەر پاراستنی ئەم قەوارە سیاسییە، ئەمە تەنیا كاری حزبەكانی دەسەڵات نییە، بەڵكو ئەركی سەرشانی سەرجەم حزبەكانی كوردستانە، ئەمڕۆ حزبێك لە دەسەڵاتە ئەوا سرووشتی دیموكراتی بەو جۆرەیە كە لە خولێكی دیكەی هەڵبژاردندا حزبێكی دیكە دەچێتە دەسەڵات، یان كۆمەڵێك حزبی دیكە دەگەنە پەرلەمانی كوردستان و دەبنە خاوەنی كورسیی پەرلەمان.
• ئەزموونی پێكهاتەی گەلی كوردستان كە پێكهاتووە لە نەتەوە و ئایینی جیاواز، ئەزموونی پێكەوەژیانی ئاشتی و برایانەیە لە ناو ئەم پێكهاتەیەی گەلی كوردستاندا و كارێكی زۆر ئاساییە خەڵكەكە گلەیی و گازەندەی هەبێت و ئەم گلەیی و گازەندانە ڕوووبەڕووی حكومەتی خۆی بكاتەوە، بەڵام گرینگە ڕێگە نەدەین لایەنی دەرەكی گلەیی و گازندەكە بقۆزنەوە و دەست بخەنە ناو كاروباری هەرێمی كوردستانەوە، بەڵكو ئەمەش دەبێت ئەركێكی دیكەی حزبە سیاسییەكان بێت بۆ ئەوەی هاریكار بن و ڕێگەچارە پێشكەش بكەن، بۆ ئەوەی ئەو گلەیی و گازەندانە چارەسەر بكرێن.
ئەم دوو خاڵەی ئاماژەم پێ كرد پێویستی بە دوو هۆكاری دیكە هەیە كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێن:
- بەڕێزان لەم گفتوگۆیەدا باسیان لە زەروورەتی مەرجەعییەت لە كوردستاندا كرد، بوونی ئەم مەرجەعییەتە بۆ هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان پێویستە، من لێرە كە وەك سەرۆكی حزبێكی توركمانی قسە دەكەم، زۆر جار باس لە شێوازی بڕیارەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەین كە لە سایەی مەرجەعییەتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی بڕیاری زۆر گرینگ دەردەكەن و هەموو حزبەكەش پێوەی پابەند دەبێت، ئەمە گرینگە بۆ حزبەكانی دیكەش.
- كاتێك باسی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەین وەك مەرجەع، دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت كە جەنابیان تەنیا مەرجەع نییە بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، حزب و پێكهاتەكانی دیكەش سەرۆك مسعود بارزانی بە چەتر و مەرجەعی خۆیان دەزانن، تەنانەت ئەو حزبانەشی كە لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان هاوپەیمان نین، لە زۆرێك لە پرسە ستراتیژییەكاندا لەگەڵ هەنگاو و بیركردنەوەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی هاوڕا دەبن و هەمان سیاسەت پیادە دەكەن، هەروەك چۆن لە پرۆسەی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا هەموو حزب و پێكهاتەكانی كوردستان دەنگیان بە ڕیفراندۆم دا.
خاڵێكی دیكە كە دیسان ئاماژەی پێ كرا، پرسی هەمواركردنەوەی یاسای حزبە سیاسییەكانی كوردستان و پارەداركردنیانە (تمویل الاحزاب)، ئەم یاسایە دەرچووە بەڵام بەداخەوە جێبەجێ نەكراوە، جێبەجێ نەكردنی ئەم یاسایە كاریگەرییەكی نەرێنیی لەسەر حزبە سیاسییەكان و هەروەها پرۆسەی سیاسیی كوردستانیش دروست دەكات، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر حكومەت پارە نەداتە حزبە سیاسییەكان، ئەوا حزبەكان ناچار دەبن بەدوای سەرچاوەیەكدا بگەڕێن كە كاروباری حزبەكەیانی پێ هەڵبسووڕێنن، كە زۆر جار ئەو سەرچاوەیە حزبی دیكە دەبن، یان لایەنی دەرەكی دەبن، لەم حاڵەتەشدا ئەم حزبە دەبێتە پاشكۆی ئەو حزبە، یان ئەو لایەنە دەرەكییەی كە دەبێتە سەرچاوەی دابینكردنی پارە بۆ حزبەكەی.
خاڵێكی دیكە گرینگ كە منیش جەختی لەسەر دەكەمەوە، پێویستیی دامەزراندنی ئەنجومەنی سیاسیی حزبەكانە، ئەم ئەنجومەنە هەم زۆر پێویستە و هەمیش زۆر گرینگە، ئێمە بمانەوێت، یان نەمانەوێت، هەرێمی كوردستان كۆمەڵگەی فرەحزبییە، لەناو ئەم فرەحزبییەدا ئەگەر میكانیزمێك نەبێت یەكڕیزی و یەكهەڵویستی دروست بكات، ئەوا فرەحزبی لە زۆر پرسدا زیان بە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت، بۆ نموونە، ئێمە وەك پێكهاتەكانی كوردستان ئەوە باش دەزانین كە چەند بازنەی هەڵبژاردن زیاتر بێت لە پرۆسەی هەڵبژاردندا، هەم پرۆسەكە دیموكراتیتر دەبێت و هەمیش خەڵك باشتر بەشداریی پرۆسەكە دەكات، بەڵام ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە كردەوە كە گرینگە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تەنیا یەك بازنە بێت، لەبەر ئەوەی ئێمە وای دەبینین كە لە هەرێمی كوردستاندا پرسێكی نیشتمانی هەیە، هەتا ئێستا ئەو پرسە نیشتمانییە بە تەواوەتی نەهاتووەتەدی و دەبێت هەموومان پێكەوە كار بۆ ئەو پرسە نیشتمانییە بكەین، لەمەش گرینگتر ئێمە پەرلەمانی كوردستان تەنیا وەك ئەنجومەنێكی مەدەنی بۆ دابینكردنی خزمەتگوزارییەكان سەیر ناكەین، بەڵكو پەرلەمانی كوردستان وەك ئەنجومەنێكی نیشتمانی سەیر دەكەین و ئەركی سەرشانیەتی كە پرسە نیشتمانییەكان تەواو بكات و، هەر كاتێك پرسە نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتە قۆناغی كۆتایی و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان گەرەنتیی ئەوەی مسۆگەر كرد، كە سەقامیگر و جێگر و سەلامەتە، ئەوا ئەو كاتە ئێمە دێینە سەر وردەكارییەكان، هەر هەنگاوێك لە خزمەتی پرۆسە دیموكراتییەكەدا بێت ئەوە جێبەجێ دەكەین.
كەواتە زەروورەتی ئەنجومەنی سیاسیی پارتە سیاسییەكان، ئەم پەرتەوازەییە كۆتایی پێ دەهێنێت كە ئێستا هەیە، زیاد لەمەش ئێمە چەندین پرسی دیكەمان هەیە كە حزبە سیاسییەكان هەڵوێست و بیروبۆچوونی جیاوازیان لەسەری هەیە، وەك پرسی شێوازی مامەڵەكردنی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسێ، شێوازی دانوستاندن و مامەڵەكردنمان لەگەڵ بەغدا، شێوازی مامەڵەكردنی هەرێم لەگەڵ دەوڵەتانی دەرەوە و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە هەموو ئەم پرسانەدا ئەگەر ئەو ئەنجومەنە سیاسییەمان هەبێت و یەكڕیزی و یەكهەڵویستی لە ناو حزبە سیاسییەكاندا دروست بێت، ئەوا حزبە سیاسییەكان هەم ڕۆڵێكی كاریگەریان دەبێت، هەمیش ڕاوێژ و هاریكاری دەدەنە حكومەتی هەرێمی كوردستان.