قـــەشـــە یترۆن یۆنان داود قەشەی هاودیان و بێدیاڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گوڵان:   تانەی یەكێتی لە كورسیی كۆتاكان پێش هەموو شتێك لە دژی مام جەلال و ئیمزاكەیەتی كە لەسەر بوونی كورسیی كۆتاكان كردوویەتی

قـــەشـــە یترۆن یۆنان داود  قەشەی هاودیان و بێدیاڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بۆ گوڵان:     تانەی یەكێتی لە كورسیی كۆتاكان پێش هەموو شتێك لە دژی مام جەلال و ئیمزاكەیەتی كە لەسەر بوونی كورسیی كۆتاكان كردوویەتی

 

 

 هەرێمی كوردستان لە چەندین پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایین و ئایینزا پێكهاتووەو، لە هەموو قۆناغەكانی مێژوو وەكو یەك رووبەڕووی زوڵم و ستەم بوونەتەوە. لەدوای ئازادیی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی پەرلەمان لە ساڵی 1992دا بەپێی یاسا كورسیی كۆتا بۆ كریستیانەكان دانرا، لە پاشان یاساكە هەموار كرایەوە و كورسیی كۆتا بۆ نەتەوەیی توركمان و ئەرمەنیش زیاد كرا، كورسیی كۆتاكانیش بوو بە (11) كورسی لە پەرلەمانی كوردستاندا، بەڵام ماوەیەكە لەسەر كورسیی كۆتاكان كێشەو گرفت لەنێوان لایەنەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە و، سەرئەنجام یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سكاڵایەكی لە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر كورسیی كۆتاكان تۆماركرد و، لەپاش چەند دانیشتنێكی ئەو دادگایە كورسیی كۆتاكانی لە پەرلەمانی كوردستان نەهێشت. بۆ ئەو پرسە و چەندین پرسیاری دیكە گۆڤاری گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ یترۆن یۆنان داود قەشەی هاودیان و بێدیاڵ لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەنجامدا.

 

 

* بڕیاری دادگای فیدڕاڵی بە لابردنی كورسیی كۆتاكان هەنگاوێكی ترسناكە بۆ تێكدانی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان، ئایا ئێوە وەك نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی دادگا دەكەن؟

- لە ڕاستیدا ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی عێراق سیاسی بوو، بۆ تێكدانی ژیانێكی خۆش و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و، ئەو بڕیارە لە پێناو بەرژەوەندیی وڵاتانی هەرێمی و دەرەوەی عێراق و لەدژی هەموو میللەت و خەڵكی هەموو عێراقە. بڕیارەكە بۆ ئێمە وەك كریستیانەكان بەگشتی و بەتایبەتی بۆ خەڵكی و نەتەوەی ئاشووری كە هەزاران ساڵە لەو عێراق و كوردستانە دەژین، پێشێلكردنی ماف و بەرژەوەندییەكانمانە، چونكە بڕیارەكە بەو شێوەیەیە كریستیان و تەواوی پێكهاتەكانی دیكەش لە كوردستان ناتوانن هاوبەش و بەشدار بن لە دانانی یاسا و پرسە تەشریعییەكان و دامەزراوەیی بەڕێوەبردنی حكومەت و وڵاتدا. هاوكات كاریگەرییەكی ڕاستەوخۆ و زۆری لەسەر ئەو پێكەوەژیانە جوان و پێشكەوتوو و مێژووییەی هەرێمی كوردستان هەیە، كە حكومەتی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 كار و پلان و بەرنامەی تۆكمە و كاریگەری هەبووە، بۆ ئەوەی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر پەیوەندی و هاوخەمی و خۆشییان لەو هەرێمە تێكەڵاو بە یەكتر بێت. هەر بۆیە دەبینین ماوەی چەند ساڵە و لە ئێستادا لە هەرێمی كوردستان پێكەوەژیان چووەتە قۆناغێكی زۆر گەورە و كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانیی ئاشتییانە و لێبوردەیی دروست كردووە و پێكەوەژیانەكە بووەتە بەڵگەیەكی هەستپێكراو لە وڵاتانی پێشكەوتوو و ڕۆژئاوا و سەرنجی فاتیكان و قەداسەتی پاپاشی بۆ لای خۆی ڕاكێشاوە و هەرێمی كوردستان بووەتە لانكە و جێگای متمانەیی هەموو نەتەوە و پێكهاتە ئایین و ئایینزاكانی كوردستان و هەموو عێراقیش، هەر بۆیەش ئەو بڕیارە و جۆری دیكەش چاوەڕوانكراوە لە دادگایەكی وەكو دادگای فیدڕاڵی عێراقدا، چونكە لەلای عێراقی نوێ كە بەناو لەسەر بنەمای دیموكراتی دامەزراوە، ئەگەرچی قەتڵ و جینۆسایدی ئێمە و پێكهاتەی دیكەیان ئەنجامدا .

* ئەم بڕیارە لەسەر تانە، یان سكاڵایەكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دراوە دژی پێكهاتەكان، ئایا نەمانی كورسیی پێكهاتەكان چ سوودێك بە یەكێتی نیشتمانی و حزبەكانی دیكە دەگەیەنێت؟

- وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارە زۆر قورسە، چونكە ئێمە لە كوردستان لەگەڵ ئەوانیش بەیەكەوە ژیاوین و دەژین و هاوبەشین لەیەك وڵاتدا كە كوردستانە، بەڵام من دەڵێم: ئەگەر مام جەلال(خوا لێی خۆش بێت) لە ژیان بایە، ئەو شكایەتە لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان نەدەكرا و بە هیچ جۆرێك، ئەو دژایەتی و بارودۆخەی بۆ پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە، قبووڵی نەدەكرد، بەڵكو نەیدەهێشت ڕووبدات. لەبەر ئەوەی مام جەلال لەكاتی خۆیدا هەوڵی دەدا كورسیی كۆتاكان زیاد بكرێت، نەك نەمێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نازانم سیاسەتی یەكێتی ئێستا چۆنە و بۆچی بەو ئاقارەدا دەڕوات. چونكە ئەو جۆرە بڕیارە خراپە و كاریگەریی لەسەر چارەنووسی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكانی هەرێمی كوردستان هەیە و نەك سوودی بۆ یەكێتی و لایەن و حزبەكانی دیكە نییە، بەڵكو هۆكارێكی مەترسیداری زۆر گەورەیە لەسەر مێژووی هەرێمی كوردستان و پێكەوەژیانە دیار و جوان و سەرنجڕاكێشەكەی، هەر بۆیەش دەبینین لایەنێكی وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان و سەركردایەتییەكەی بەتایبەتی جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر خەفەتبار بوون، هەر بۆیە نەك لەگەڵ بڕیارەكە نەبوون، بەڵكو لەو كاتەی ئەو شكایەتەش لەلایەن یەكێتی بە دادگایی فیدڕاڵی درا، جەنابی سەرۆك بارزانی دژی بوو، ئێستاكەش لەوپەڕی خەمخۆری و دڵسۆزی وەك سەركردەیەكی كاریزمایی و مەرجەعی گەلی كوردستان هەڵویستی دژی ڕاگەیاندووە و لە هەوڵی ئەوەدایە كە ئەو بڕیارە هەڵوەشێتەوە. ئەگەرچی سیاسەتی یەكێتی و شكایەتەكەی كە ئەو بڕیارە تێكدەرانەی لێهاتووەتە بەرهەم، دەیسەڵمێنێت كە یەكێتی لە دەرەوەی بازنەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی هەرێمی كوردستانە و لایەنێكی تێكدەرە بۆ ئەو سەقامگیرییەی لە هەرێمی كوردستان هاتووەتەدی لە سایەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانەوە. لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 1992 لەسەر دانانی كورسیی كۆتاكان كە یەكەمجار تەنیا بۆ كریستیانەكان بوو، ئەوە مام جەلال یەكەم كەس بوو، ئەو بڕیارەی ئیمزا كرد و لێرەدا بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕادەگەیەنم، ئەو شكایەت و بڕیارەیی دژی كورسیی كۆتاكان كردوویانە پێش هەموو شتێك دژی ئیمزا و بیروباوەڕی مام جەلالە (بە ڕەحمەت بێت).

*  بۆچی ئەو حزبانە دژی كۆتای پێكهاتەكانن لە پەرلەمانی كوردستاندا؟

- وەكو لە پێشەوە ئاماژەم پێدا، ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی سیاسی بوو، بە دەست لەپشتدانی وڵاتانی هەرێمایەتییە بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و ڕاگرتنی ئەو گەشە و بەرەوپێشەوەچوونەی هەرێمی كوردستانە، لە ڕووی دادپەروەری و دانانی یاساكان و بەڕێوەبردنی دامودەزگاكان و ئەو ئاوەدانییە جوان و گەورەیەی هەنگاوی باشی ناوە، لەلایەكی دیكەوە لە عێراق پێكەوەژیان و دیموكراتی و ئاوەدانی نییە، ئەگەرچی دەبینن بە پێچەوانەوە هەرێمی كوردستان لەهەموو ڕوویێكەوە بەتایبەتی لە پێكەوەژیاندا زۆر پێشكەوتوو بووە و، بووەتە شوێنی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكانی عێراقیش كە هاتوون تێیدا دەژین و بە ئازادی مومارەسەی هەموو ژیانی خۆیان دەكەن. ئەو لایەن و حزبانەی كە دژی كۆتاكانن لە پەرلەمانی كوردستان بەتایبەتی یەكێتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە دەبینن لە هەموو خولەكانی پەلەمانی كوردستان، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان كار و هەوڵ و گفتوگۆی یاساكان لە ناو پەرلەماندا بۆ بەرژەوەندیی هەموو هەرێم و بۆ پێكهاتەكانیشە و تەنیا فراكسیۆنی پارتی بەرگریكار و داكۆكیكارە لە مافەكانی پێكهاتەكان كە ویستوویانە هەموو نەتەوە و پێهكاتەكان وەكو كورد لەو خاك و نیشتمانەدا هاوبەش و بەشدار بن، ئەمەش وای كردووە، كورسیی كۆتاكان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەگەڵ ئەو لایەنە هاوپەیمان بن، كە بەرگرییان لێدەكات، كە ئەویش تەنیا فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەر بۆیەش ئەو هاوپەیمانییە سەركەوتووانەی كورسیی كۆتاكان لەگەڵ پارتی بووەتە جێگای سەرنج و تێڕامانی لایەنێكی وەك یەكێتی، هەر بۆیەش دژایەتیی خۆیان بە تەواوی و بەبێ پەردە دژی كۆتاكان ڕاگەیاند و گەیاندیانە ئەو قۆناغەی كە پێكهاتەكان لە هەرێم بسڕنەوە، چونكە نەمانی كورسیی كۆتاكان واتە نەمانی نوێنەری پێكهاتە نەتەوەیی و ئایین و ئایینزاكان لە پەرلەمان و هەرێمی كوردستاندا، كە ئەمەش پێشێلكردنی تەواوی بنەماكانی دیموكراتیەت و مومارەسەكردنی ئازادیی پێكهاتەكانە لە هەرێمدا و ئەمەش كەلێنێكی زۆر خراپ و دژوار و گەورە و لەبیرنەكراوی لە نێوان پێكهاتەكان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست كرد و لەبیركرندی بۆ مێژوو زۆر سەخت و مەحاڵە.

* چۆن سەیری هەڵوێستی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن، كە زۆر بە جددی دژی ئەم بڕیارە ڕاوەستاوەتەوە و ڕەتی دەكاتەوە؟

- ئێمە هەموومان دەزانین، جەنابی سەرۆك بارزانی لە سەرەتاوە تا ئێستاكە لەگەڵ ئێمە و هەموو پێهكاتەكان بووە و هەوڵی بەردەوامی جەنابیانە، كە ئێمە ماف و بەرژەوەندییەكانمان لە دەستووری هەمیشەیی عێراقی نوێدا دانراوە و جێگیر كراوە و لە هەرێمی كوردستانیش سەرۆك داكۆكیكارێكی زۆر دیار و سەرسەختی پێكهاتەكانە كە بەشدار و هاوبەش بن لە خێروبێر و بەڕێوەبردنی دامودەزگاكان و پەرلەمان و بەدەستهێنانی مافەكانمان، هەر ئەمەشە وای كردووە، كە پێكهاتەكان وەكو ئێمە كریستیانەكان متمانەی تەواو و زۆرمان بە هەرێمە و دیتمان كە لە عێراق لێمان قەوما و تیرۆر ڕووبەڕوومان بووەوە، هەموومان بە كریستیانەكانی ناوەڕاست و بەغدا و باشوورەوە ڕوومان لە لانكەی مێژوویی پێكەوەژیان كرد، كە هەرێمی كوردستانە، هەروەها هەموو كات جەنابی سەرۆك بارزانی فەرموویەتی ئێمە هەموومان بە یەكەوە دەژین و لەگەڵ یەكتر جیا نین. هەموو بڕیار و كار و هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك لە پێناو ئازادی و خۆشگوزەرانیی هەموو پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بووە، بێگومان لەو بڕیارەشدا جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر دژیەتی و هەڵوێستێكی جوامێرانە و بەرپرسیاریەتی ڕاگەیاندووە، كە پێكهاتەكان خۆیان چیان دەوێت، ئەوەیان بۆ دەكرێت، بەڵام بەداخەوە بۆ حزبەكەی مام جەلال بەو شێوەیە دژایەتیی ئێمەی ڕاگەیاند و شكایەتی لەسەر هەق و مافەكانمان تۆمار كرد.

*  زۆر لە یاساناسان تەفسیریان بۆ ئەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی بەو شێوەیە كە بڕیاری لەو شێوەیە لە دەسەڵاتی ئەو دادگایەدا نییە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە دادگای فیدڕاڵی خۆی خستووەتە جێگەی دەستوور، نەك تەفسیركردنی ماددەكانی دەستوور. لەو بارەیەوە ڕاتان چییە؟

- ئەو بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی لە جێگای خۆی نەبوو و كاری ئەویش نییە، بەڵكو كورسیی كۆتا بە یاسا دەركراوە و هەر بە یاساش لە پەرلەمانی كوردستان دەبێت هەموار بكرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئەو دادگایە كردوویەتی، لەو چوارچێوەیە بووە كە بۆی دامەزراوە، كە كاری شۆڤێنی و نایاسایی بكات. ئەو بڕیارە شۆڤێنییەشی دەركردووە، بۆ تێكدان و لاوازكردنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە بە پشتیوانیی لایەنی شكایەتكار كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، لەلایەكی دیكەوە ئەو دادگایە بە فەرمان و پیلانی وڵاتێكی دراوسێ دامەزراوە و دەجووڵێتەوە و بڕیار دەدات.

* ئایا بەنیازن ڕێوشوێنك بگرنە بەر، كە كاریگەرییەكی هەبێت و دادگای فیدڕاڵی بە بڕیارەكەی خۆیدا بچێتەوە؟

- ئێمە وەكو نەتەوە و ئایینیش كە ئاشووری و كلدو سریانی و ئەرمەنین، لە هەوڵی ئەوەداین، ئەو بڕیارە بە هەر جۆرێك بێت، هەڵوەشێتەوە و ڕابگیرێت، چونكە زۆر دژی ئێمە و هەموو پێكهاتەكان و هەرێمی كوردستانە و زوڵمێكی زۆر گەورە لە ژیان و ئازادیی ئێمە دەكات لە هەرێمدا و دەنگی خۆمان گەیاندووەتە زۆر شوێن و وڵاتان بۆ ئەوەی لە دژی ئەو بڕیارە نایاساییەی دادگای فیدڕاڵی پشتگیری ئێمە بكەن. لەلایەكی دیكەوە ئێمە هەموو لایەن و پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی كریستیانەكان بڕیاری خۆمان داوە لە دژی ئەو بڕیارە نایاساییەی دادگای فیدڕاڵیی عێراق و لەلایەنی ئایینییشەوە كەنیسە پشتگیریی كردووین. 

 

Top