تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان و لێکەوتە جەستەییەکان

تووشبوون بە نەخۆشییە دەروونییەکان و لێکەوتە جەستەییەکان

 

 

ئاشکرایە کە جەستە و دەروون جیاواز نین، بۆیە سەیر نییە کە نەخۆشیی دەروونی کاریگەری لەسەر جەستە هەبێت. کەواتە دەکرێت کێشەی تەندروستیی دەروونی ببێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی گرفتی تەندروستیی جەستەیی و بە پێچەوانەش هەر ڕاستە. بێگومان هەر دوو لایەنی(جەستە و دەروون) کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەی تاک هەیە. هەروەها ڕۆڵی سەرەکی دەبینن لە گۆڕانکارییە فسیۆلۆژی، سۆزداری، تێكچوونی هۆڕمۆنەکان، خەوتن، لاوازی لە پڕۆسە مەعریفییەکان و کەمیی وزە و هەستیاریی زۆر و تەنانەت لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، هەموو ئەمانەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر لایەنی ڕەفتار و کوالێتیی ژیان دروست دەکەن.

 بەپێی توێژینەوەیەكی پەیمانگای نیشتمانیی کەنەدی لە ساڵی (٢٠٠٨)دا دەركەوتووە کە ئەو کەسانەی لەگەڵ نەخۆشییەکی دەروونیی سەختدا دەژین، ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی تووشی کۆمەڵێک نەخۆشیی درێژخایەنی جەستەیی ببن، لەگەڵ ئەمەشدا پێچەوانەکەشی هەر ڕاستە کە ئەو کەسانەی لەگەڵ حاڵەتێکی درێژخایەنی جەستەدا دەژین، ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی نەخۆشیی جەستەیی ببنەوە. هەروەها بەپێی توێژینەوەیەکی ئەمریکی لە ساڵی(٢٠٠٦) ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی یەک لە هەر سێ کەس کە کێشەی تەندروستیی جەستەیی درێژخایەنیان هەیە، ئەگەری زیاتریان هەیە کە ڕووبەڕووی نەخۆشی، یان گرفتی دەروونی ببنەوە. لە ئێستادا بەو جۆرە نەخۆشییانە دەوترێت نەخۆشیی «سایکۆسۆماتیک»ـەکان و نەخۆشیی «سایکۆسس» کە ئەم نەخۆشییانە پەیوەندیان لەسەر لایەنی بیرکردنەوە و ڕەفتاری تاک هەیە.

باوترینی ئەو نەخۆشییە دەروونییانەی کە ڕووبەرووی تاک دەبنەوە لەم سەردەمەدا بریتییە لە خەمۆکی و نوێترین توێژینەوەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو کەسانەی نەخۆشیی خەمۆکییان هەیە، ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە، سەرئێشەی بەردەوام، ماندوویەتی(بێهێزی)، شەکرە، تەنگەنەفەسی و کێشەی هەرسکردن ببنەوە.

یەکێکی لە نەخۆشییە دەروونییەکانی دیكە بریتییە لە «شیزۆفرینیا» کە ڕەنگە زۆرجار ڕووبەڕوووی تاک ببێتەوە و، ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا چارەسەر نەکرێت، ئەوا ئەگەری زیاتریان هەیە بۆ ئەوەی تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناسەدان ببنەوە. دڵەڕاوکێ لە ئێستادا زۆر بەربڵاوە کە نەوەک کاریگەری نەرێنی دروست دەکات لەسەر بیرکردنەوەی تاک، بەڵکو ڕەنگدانەوی نەرێنی دروست دەکات لەسەر لایەنی جەستە و ڕەفتاری تاک، وەکو گرفتەکانی گەدە و هەرسکردنی خواردن و کەمیی سەرنجدان، یان تێكچوونی کۆئەندامی دەمار وەک نەخۆشییەکانی «نیرۆسس» کە بە یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە دادەنرێت کە گرفت لە هەوکردنی جومگەکان دروست دەکات.

چەند هۆکار و لایەنی سەرەکی هەیە بۆ ئەوەی تاک تووشی نەخۆشیی دەروونی ببێتەوە. بە نموونە لایەنی جینات(بۆماوەیی) بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت هەم بۆ نەخۆشییە دەروونی و هەم بۆ نەخۆشییە جەستەییەکان کە لە ڕێگەی کڕۆمۆسۆمەکانەوە لە باوانەوە بۆ ئەندامانی خێزان دەگوازرێتەوە، کە هەر لە سەرەتای تەمەن لەگەڵ تاک گەشە دەکات، بەڵام مەرج نییە تەنیا هۆکار بێت بۆ ئەوەی تاک تووشی نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی ببێتەوە، چونکە ژینگەش ڕۆڵی سەرەکی هەیە، لەوانەش هەژاری بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت بۆ ئەوەی تاک تووشی نەخۆشیی دەروونی و جەستەیی ببێتەوە و پەل بکێشێت بۆ نەخۆشییە درێژخایەنەکان و، ئەگەر بە زووترین کات حاڵەتەکە دەستنیشان نەکرێت و چارەسەر نەکرێت، دەرئەنجامی نەرێنی دروست دەکات. هەروەها بێکاری بە یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانە دادەنرێت بۆ ئەوەی تاک تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکان ببێتەوە لە ڕووی جەستەییەوە و ئەگەری زیاتر هەیە بۆ ئەوەی تووشی گرفتی دەروونی ببێتەوە. لایەنێکی دیكە بریتییە لە تەمەن، لەگەڵ ئەوەی کە نەخۆشییە دەروونی و جەستەییەکان لە هەموو تەمەنێک ئەگەری هەیە، تووشی تاک ببێت لە هەر دوو ڕەگەزدا، هەروەها نەبوونی ئەمن و ئاسایش، نەبوونی پشتگیریی کۆمەڵایەتی بۆ گۆڕینی ڕەفتارە ناتەندروستییەکان و نەبوونی پشتگیریی کۆمەڵایەتی و...هتد. بۆیە بوونی هەر گرفتێک لەلایەنی تەندروستی جەستەیی تاک کاریگەری دروست دەکات لەسەر لایەنی دەروونی.

توێژەران لە ئێستادا چەند ڕێگا و تەکنیک دەخەنەڕوو بۆ ئەوەی تاک هەست بە ئاسوودەیی بکات لە هەردوو لایەنی جەستەیی و دەروونی، باشترین چارەسەر بریتییە لە باشترکردنی کوالێتیی ژیان، یەکێک لەم لایەنەش وەرزشکردنی ڕێکخراو و تەندروست، یان ئەنجامدانی چالاکیی جەستەییە. توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە ڕۆژانە بۆ ماوەی ١٠ خولەک بەپێ ڕۆیشتن دەتوانێت باری دەروونیت باشتر بکات و وزەی ئەرێنی بەدەست بهێنیت. هەروەها لێكۆڵینەوەکان ئەوە دەردەخەن کە وەرزشکردن یارمەتیدەرە بۆ دەردانی هۆڕمۆنی ئەندرۆفین کە وا دەکات تاک هەست بە ئاسوودەیی بکات لەلایەنی جەستەیی و دەروونی، هەروەها بوونی ئامانج لە ژیان و دانانی پلان و کارکردن لەسەر پلانەکان ڕێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی تاک کەمتر تووشی نەخۆشییە جەستەیی و دەروونییەکان ببێتەوە، چونکە وادەکات نیگەرانی و دڵەڕاوکێ کەم بکاتەوە، خواردنی باش و تەندروستیش ڕۆڵی گرنگی هەیە بۆ ئەوەی تاک هەست بە باشیی لایەنی تەندروستی جەستەیی و دەروونی بکات. واتا ڕێجیمکردنێکی هاوسەنگ دەتوانێت یارمەتیی تاک بدات بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگی بە شێوەیەکی تەندروست، وازهێنان لەو خووە خراپانەش کە ڕۆژانە ئەنجامی دەدات وەک جگەرەکێشان، ماددەی هۆشبەر و خواردنەوەی ئەلكحول، هەموو ئەمانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر ژیانی تاک، چونکە تاک پێی وایە ئەوانە چارەسەرە بۆ ئەو کێشەی کە ڕووبەرووی بووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا بەکارهێنەرانی تەنیا خۆیان ئارام دەکەنەوە لەو فشارە دەروونییەی کە هەیانە و پێیان وایە چارەسەرن، بەڵام کاتییە و نەک سوودی بۆ تاک نابێت، بگرە زیانی زۆری هەیە. بوونی کواڵیتیی خەوی تەندروست گرنگە بۆ ڕێكخستن و دەردانی هۆڕمۆنەکان لە کاتی پێویستدا و پشتگیریی کۆمەڵایەتی و خێزانییش بۆ هەر کێشەیەک کە ڕووبەڕوی تاک دەبێتەوە، وەکو چارەسەری بەکۆمەڵ یان گرنگیدان بەو کێشە دەروونی و جەستەییانەی کە ڕووبەڕووی هەر تاکێک دەبێتەوە وەکو وەرگرتنی چارەسەر لەلای پزیشک و ڕێنمایی دەروونی کە ئەمەش بەپێی حاڵەتەکان دەگۆڕدرێت.

ماوەتەوە بڵێم: هەر وەکو گرنگی بە لایەنی تەندروستی و جەستەیی خۆمان دەدەین، پێویستە گرنگی بە لایەنی دەروونیی تاک بدرێت، چونکە لە ئەنجامدا بوونی دەروونێکی ئارام و تەندروست وا دەکات تەندروستییەکی جەستەیی باش و ئەرێنی بەرهەم بێنێت، بە پێچەوانەشەوە کاریگەریی نەرێنی دروست دەکات، بۆیە پێویستە گرینگی بدەینە هەر دوو لایەنی جەستەیی و دەروونیی تاک بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئاسوودە و بەرهەمدار بژین.

 

ئیمان محەمەد شێرکاوەیی

 

Top