نمایشی زستانە و كەرەستەی كوردەواری

نمایشی زستانە و كەرەستەی كوردەواری

ساڵانە بەبۆنەی هاتنەوەی وەرزەكانەوە چەندین نمایش و فیستیڤاڵ تایبەت بەو وەرزانە لە كوردستان ئەنجام دەدرێن، نمایشەكان گوزارشتە لە جوانی و سرووشتی كوردستان دەكات و لەگەڵ هەر وەرزێكدا مۆركێكی جوانیان پێوە دیارە، ئەمساڵیش لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر بەبۆنەی وەرزی سەرماوە، نمایشی زستانە و كەرەستەی كوردەواری لەلایەن قاوەخانەی چاوی سەرای سلێمانی ڕێكخرا، ڕێكخەرانی نمایشەكە (بەیان ڕەشید سادق و كارزان محمود) سەرپەرشتیی كردنەوەیان كرد، بەیان خان دەربارەی نمایشەكە گوتی: «وەك خۆم بە كەرەستەی كاری دەستی بەشداریم كردووە، زیاتر كەرەستەكانی ناوخۆن و بەشێكی كەمیان بیانین، لەو نمایشەدا 45 كۆشك دانراوە كە هەر یەكەو كەرەستە و بابەتەكانی خۆی تیایدا داناوە، خەڵكێكی زۆر ڕووی تێكردووین، سەرەڕای بوونی ئەو ڕەوشە داراییە، كەچی داواكاری لەسەر بەرهەمەكانی نمایشەكە زۆر بوون، بەهیوای ئەوەی خەڵك ڕەوشی باشتر بێت تا بتوانن خۆیان لە نێو بۆنەكاندا بدۆزنەوە، پێویستە ئێمە هەوڵی دۆزینەوەی كار بۆخۆمان بدەین، نمایشەكە بۆ ماوەی شەش ڕۆژ بەردەوام بوو، هەروەها كەرەستەكانی خواردنی كوردەواری و كاری دەستی و بەروبوومی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان لە نێو بەرهەمەكانی نمایشەكەدا بوون، وا بڕیارە ساڵانە ئەم نمایشە لەلایەن چالاكان و كەسانی دەستڕەنگینەوە بكرێتەوە.

 

Top