ڕەواج حاجی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین: ئەولەوییەتمان بە خزمەتكردنی منداڵانی ئازیز داوە كە بە هۆی بوومەلەرزەكانەوە باوكیان لەدەست داوە
دوای بوومەلەرزەكانی شوباتی 2023 و كردنەوەی نووسینگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، لە ڕێگەی ئەم نووسینگەیەوە بەردەوام هاوكاریی جۆراوجۆر بە دانیشتووانی ئەو ناوچەیە گەیەندراوە، هاوكارییەكانیش خۆراكی و ناخۆراكی و تەندروستی و كردنەوەی خوولی ڕۆشنبیری و پیشەیی لەخۆ دەگرێت. ڕەواج حاجی ئەندامی دەستەی كارگێڕیی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و بەرپرسی دۆسیەی عەفرین، لەم دیمانەیەی لەگەڵ گۆڤاری گوڵان، زیاتر تیشك دەخاتە سەر خزمەتگوزارییەكانیان لە سنووری عەفرین، بەتایبەتی لە بورای پەروەردەیی و پەرەپێدان بە خوولەكانی پیشەیی، بۆ ئەوەی گەنجان ببنە خاوەن كار و توانای دابینكردنی بژێویی خۆیان هەبێت.
گوڵان: كۆمەڵایەتی
* لە دوای كارەساتی بوومەلەرزەكانی 6ی2ی 2023 لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF) وەك یەكەم دەزگای فریاكوزاریی مرۆیی تیمەكانی فریاكەوتن و خزمەتگوزارییەكانی گەیاندە شوێنی كارەساتەكان، لەو ماوەیە تا ئێستا چیتان بۆ زیانبەركەوتووەكان كردووە؟
- لە دەستپێكی هەڵمەتی فریاكەوتنی تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە توركیا و باكووری كوردستاندا، جگە لە دابینكردنی خۆراك، جلوبەرگ، گەرمكەرەوە و خێوەت بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزە، ستافی پسپۆڕی پزیشكی و دەرمانیش بۆ چارەسەری برینداران دابین كرا.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەکەمین ڕێکخراوی جیهانی بوو، ھاوکاری بە شاری عەفرین گەیاند. جگە لە فریاكەوتن و خزمەتگوزاری بۆ زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزەكان و پێشكەشكردنی خواردەمەنی و ژەمە خۆراكی گەرم،1200 خێوەتیان بهسهر ئهو خێزانانه دابهش كرد كه خانووهكانیان ڕووخابوون و بێ لانه ببوون. تا ئێستاش خزمەتگوزارییەكانمان بەردەوامن و بایەخێكی زۆرمان بە خوولەكانی پیشەیی و پەروەردەیی و خزمەتكردنی خاوەن پێداویستییانی تایبەت و منداڵانی ئازیز (بێباوك) داوە. ئەولەوییەتمان بە منداڵانی ئازیز داوە كە باوكیان بووەتە قوربانیی بوومەلەرزە و ناویان لە پڕۆژەی ئازیزان و بێهاوژینان تۆمار دەكەین، بۆ ئەوەی مانگانە هاوكاریی نەختینەیان بەسەردا دابەش بكرێت، بەتایبەتی ئەو منداڵانەی كە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵییە و ناتوانن كار بكەن.
* لە ڕۆژئاوای كوردستان جگە لە عەفرین لە چەند ناوچە و دەڤەری دیكە چالاكیتان هەبووە و كۆی هاریكارییەكان لە ڕووی چەندێتی و چەندایەتی چۆن بووە؟
- دهزگای خێرخوازیی بارزانی، هەر لە ڕۆژی ڕوودوای كارەساتباری بوومەلەزەكان لە باكوور و ڕۆژئاوای كوردستان و توركیا و سووریا ڕۆژی (6\2\2023)، تیمەكانی فریاكەوتنی خۆی خستە ئامادەباشی و بە خێرایی ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەكانی كردن.
دوای گەیشتنی تیمەكانی فریاكەوتن و خزمەتگوزاریی دەزگای كارهسات و دۆخه له ناكاوهكان له توركیا(ئافاد)، ئاسانكاری بۆ تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كرد، بۆ ئەوەی بەهانای قوربانییانی بوومەلەرزەكانی ڕۆژئاوای كوردستانیشەوە بچن و لەوێش بتوانن زیاتر ھاوکاری بە لێقەوماوان بگەیێنن و لە گەیاندنی پەیامی مرۆڤایەتی و خزمەتکردن بەردەوام بن. له 97 ناوچهی جیاوازی عەفرین و ناحیە و گوندەكانیشی خزمەتگوزاری و هاریكارییەكانمان لە چەندین سێكتەر بەردەوام بووە.
* (سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پەرەپێدان) لە عەفرین كە سەر بە دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)یە، كەی دامەزراوە و لە چ بوارێكدا خزمەت دەكات و تائێستا چالاكییەكانی چی بوون؟
- پڕۆژهی سهنتهری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پهرهپێدان بە پاڵپشتیی ڕێكخراوی (كاریتاسی شاری ئێسن) له 1/7/2023 له عهفرین كرایهوه به، پرۆژهكه بۆماوهی یهك سال بری 145800$ دابین كراوه تا ئێستا 151مندال و ئافرهت و لاو بهشدارییان كردووه له 13 ڕاهێنان، ههروهها 21 چالاكیی جۆراوجۆر پێشكهش كراون. لەو سەنتەرە گرینگییەكی زۆر بە كردنەوەی خوولەكان بۆ قوتابیان و منداڵان و ئافرەتان دراوە، لەوانە خوولی بەهێزكردنی وانەكان و زمانی بیانی، خوولەكانی مۆسیقا و وێنەكێشان، خوولی دروومان بۆ خانمان و خوولی پیشەیی بۆ گەنجان وەك چاككردنەوەی مۆبایل، سەرتاشین و بەستنی كارەبا و.. هتد
* پێشوازیی خەڵك و پەیوەندییەكانتان لە عەفرین ل چ ئاستێكدایە؟ ئایا بەڕێوەبەرانی ئەنجومەن و دامودەزگای حكوومی لە عەفرین تا چاند هاوكارتانن و ئاسانكاریتان بۆ دەكەن؟
- تا ئێستا هیچ بەربەست و كێشەیەك لە بەردەم كار و چالاكی و پڕۆژەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین دروست نەبووە. دامودەزگای فەرمیییەكان لە عەفرین نەبوونەتە ڕێگر بەردەم كارەكانمان و پاڵپشتییەكی تەواوی پڕۆژە خزمەتگوزاری و چالاكییەكانمان دەكەن. خەڵكیش بە گشتی زۆر دڵخۆشن و هەمیشە بە گەرمی پێشوازییان لێكردووین.
* ئایا دەكرێت ئامارێك لە هاریكارییەكانتان بۆ زیانبەركەوتووانی بوومەلەرزە لە عەفرین بۆ خوێنەرانی گوڵان بخەنە ڕوو؟
- بەڵێ، بێگومان. ئەوە بەشێك لە كارنامە و ئاماری كار و چالاكییەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی(BCF)یە له ماوهی سێ مانگی باری لهناكاو لهسهر چوار سهكتهری خزمهتگوزاری له 97 ناوچهی جیاواز. لە هاوكاریی خۆراكی 13429، لە ناخۆراكی 9347 و لە سێكتەری پەناگه 1600 خێزان سوودمهند بوون. لە بواری تەندروستییش تەنیا له ماوهی 45 ڕۆژ تیمی نهخۆشخانهی گهڕۆك خزمهتگوزاریی تهندروستییان پێشكهشی 8776 كهس كرد، كه پێكهاتبوون له(دهرمان، پشكنین، برینپێچی) هەروەها سێ بارههڵگر دهرمان و پێداویستیی تهندروستی پێشكهش كراون. پێنج ئامبۆلانس وهك(نۆرینگهی گهڕۆك) كاریان كردووە و 15 كارمهندی تهندروستی خزمهتگوزارییان پێشكهش كردووە. لە عەفرین لە زۆر سێكتەر كار كراون، جگە لەوانەی كە ئاژەمان بۆ كرد. بۆ نموونە ڕۆژی 13/3/2023 به فهرمی نانهواخانهی عهفرین كرایهوه كە 3900 خێزان بۆ ماوهی دوو مانگ نانیان بەبێ پارە پێ دراوە. تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕۆژی 16ی3ی2023 ههڵمهتی خاوێنكردنهوهی ناو شاری عهفرینیان ئەنجامدا. هاوكات 35 نهمامی داریان به یادی 35ـهمین ساڵوهگهڕی كیمیابارانی ههڵهبجه چاند. ڕۆژی 18ی4ی2023 لە عەفرین، خوانێکی بەربانگیان بۆ 300 ژینگەپارێزی شارەکە ڕێکخست. چالاکییەکە بۆ ڕێزگرتن بوو لە کاری ژینگە پارێزەکان و لە کۆتاییش خەڵاتی تایبەتیان پێ درا.
(سەنتەری بارزانی بۆ ڕۆشنبیری و پەرەپێدان) لە عەفرین بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەروەردە، ڕۆژی 24\1\2024، چەندین چالاكیی جۆراوجۆری ئەنجام دا، كە پێكهاتبوون لە كردنەوەی پیشانگایەكی وێنەكێشان و كاری دەستی بۆ هونەرمەندانی عەفرین و هەڵپەڕكێی فولكلۆری و دابەشكردنی بڕوانامە بەسەر دەرچووانی خوولە پیشەییەكان و یەكەمەكانی بەكەلۆریا. لەم ڕێوڕەسمەدا بڕوانامە بە سەر 140 بەشداربووی خوولەكاندا دابەش كرا. واتە لە ماوەی 6 مانگی ڕابردوو 13 ڕاهێنان لە خوولەكانی كۆمپیۆتەر، دروومان، چاككردنەوەی مۆبایل و فێربوونی زمان و چەند سێكتەری دیكە ئەنجام دراون. هەر لەو ماوەیەشدا قوتابییە یەكەمەكانی بەكالۆریا دیارییان پێشكەش كراوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی به هاوكاریی ئاژانسی فیدڕاڵیی ئەڵمانی (THW) و بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان(JCC)، ڕۆژی 23ی1ی2024 هاوكاریی لۆجستی بۆ شارەوانییەكانی عەفرین دابین كرد.
هاوكارییەكان بریتی بوون لە حەفارەیەك و پێداویستییەكانی و هەروەها كەلوپەلی پێداویستیی ڕۆژانەی فەرمانبەران و كرێكارانی خزمەتگوزاری بۆ خزمەتكردنی دەڤەرەكە. ئەم هاوكارییانە گرینگییەكی زۆری هەیە بۆ دانیشتووانی شارەكە و دووبارە بووژانەوەی ژیانیان، بەتایبەتی لە دوای بوومەلەرزەكانی ساڵی ڕابردوو كە تووشی كارەساتێكی گەورەی مرۆیی بوون.
ئەم هاوكارییانەی پێشكەش بە شاری عەفرین و ناحیە و گوندەكانی دەوروبەری دەكرێت، لە ڕێگای دەزگای خێرخوازیی بارزانی و هاوبەشەكانی لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەكان دابین دەكرێن و هەوڵ دەدرێت زۆرترین كەس لەم هاوكارییانە سوودمەند بن.