مۆنالیزا و دایکم

مۆنالیزا و دایکم

نووسەر و هونەرمەندی شێوەكاری دیاری كورد (حەمە هاشم) لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك شاكارێكی هونەریی خۆی بڵاوكردەوە كە بۆ ساڵی 1996 دەگەڕێتەوە و بریتییە لە تابلۆیەكی مۆنالیزا بە جلی كوردییەوە,هەروەها سەبارەت بە تابلۆكە هونەرمەند حەمە هاشم ئاماژەی پێدا كە ئەم تابلۆیە بۆ سەردەمێك دەگەڕێتەوە كاتێك قوتابی بوو لە پەیمانگەی هونەرە جوانەكان .

لە درێژەی نووسینەكەیدا سەبارەت بە تابلۆكە و چیرۆكی نێو كارە هونەرییەكەی,حەمە هاشم نووسیویەتی....

زۆرێك دەزانن کە تابلۆی مۆنالیزا، کاری هونەریی هونەرمەندی ئیتالیایی ( لیۆناردۆ داڤینچی) یە، کە ئایکۆنێکی گرنگی پاشماوەکانی هونەری بەرزی سەردەمی رێنیسانسە، ئێستا لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس پارێزراوە.

مۆنالیزا و دایکم

ئەم تابلۆیەی کە من دامناوە، مۆنالیزا بە جلی کوردییەوە، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیمدا کێشاومە، قوتابی بووم لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکان، بۆ ئەوکاتە کارێك بوو زۆر شانازیم پێوە دەکرد، ئەمە هەم لەبەر ئەوەی زۆر دەمبینی گۆڕانکارییان بەسەردا دەهێنا لەسەرانسەری جیهان، هەم بۆ دڵخۆشکردنی دایکم بوو.

بەشێکی زۆر هاندەر بۆ من کە ئەم کارەم کردووە خۆشەویستی زۆری خۆم بوو بۆ دایکم، چونکە دەموویست لە شێوەی مۆنالیزا دا ئاوێتەی بکەم، بۆیە سوودم لە جل و بەرگەکانی ئەوکاتەی دایکم وەرگرت، بەتایبەتی گوارەکانی، مێخەك بەندەکەی، سەڵتەکەی، کە بۆمن زەخرەفەیەکی جوان و هێمای جوان جوانی کوردیی لەسەر بوو,باقی کەرەستەکانی دیکەش هەر هی ماڵی خۆمان بوون، فانۆسەکە، دەسرازەکە، تلیانەی نانەکە.. هتد.

مۆنالیزا و دایکم

لە ژیانمدا یەکەمین کاری هونەری منە کە فرۆشرابێت، بۆ تەمەنی ئەوکاتەم زۆر جێگای خۆشحاڵیم بوو کە ئەم کارەم فرۆشرا.

یادی بەخێر کاك عیرفان زەنگنە خاوەنی هۆتێلی چوارچرای هەولێر، هەندێ جار مەڕاسیمی مەزادکردن، یان زیادکردنی ئاشکرای رێكدەخست بۆ فرۆشتنی تابلۆی هونەرمەندانی کورد، لە مەزادێکدا هاوڵاتییەکی ئەمریکایی بە ٧٠٠$ دۆلار کڕیاری بوو، کە ئەم پارەیە بۆ ئەوسەردەمە کەم نەبوو.

بۆ یەکەمین جار کە گۆڕانکاری بەسەر تابلۆی مۆنالیزاداهاتووە لە سەردەمی دامەزراندنی بزووتنەوەی دادایزم بوو، ئەویش لەلایەن هونەرمەند (مارسێل دۆشامپ) بوو، کە تەنها جوتێ سمێڵی بۆ مۆنالیزا زیادکردبوو.

ئەم تابلۆیەی من نزیکەی ٢٨ ساڵە کێشراوە، لەبەر ئەوەی فۆتۆکەی کوالێتی زۆر خراپ بوو بە هۆکاری دیگیتاڵی ڕوونم کردۆتەوە وەلێ زۆر لە ساوی فڵچە (ملمس)و تامە ئەکادیمییەکەی وون کردووە.. نازانم ئێستا لە کوێیە.

مۆنالیزا و دایکم
Top