وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: هاوکارتان دەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا بۆ نێچیرڤان بارزانی: هاوکارتان دەبین بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر

لە میونشن سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی سوپاسی رۆڵی ئەو وڵاتەی کردووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.
 
کۆبوونەوەکەی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بۆريس پيستۆريوس وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا، ئەمڕۆ شەممە بوو، لە چوارچێوەی بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی "رۆڵى كاريگه‌رى ئه‌ڵمانياى له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا ‌به‌زر نرخاند و سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ئه‌ڵمانياى كرد بۆ يارمه‌تيدانى له‌ پرۆسه‌ى يه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌".
 
لاى خۆيه‌وه‌، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا، وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "وێڕاى ده‌ربڕينى سوپاس و پێزانين بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ و تێكشاندنى داعشدا، به‌رده‌واميى هاوكارى و پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تيرۆر و مه‌ترسييه‌ ئه‌منييه‌كاندا، دووپات كرده‌وه‌".
 
رۆژی هەینی، 16-02-2024، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە یەکەم رۆژی 60ـەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ''کۆنفرانسەکە بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێمی کوردستان بە سەرکردەکان و ئەوانەی لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی بڕیاردان دەکەن، زۆر گرنگە.''
 
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوە کرد، ''ئێستا کێشە و هەڕەشەکانی ئاسایشی ناوچەکە بوونەتە کێشە و هەڕەشەی جیهانی و لە هەر کوێیەکی جیهان کێشەیەکی ئەمنی هەبێت، کاریگەری و رەنگدانەوەی بەسەر هەموو جیهانەوە هەیە؛ بۆیە میونشن گرنگترین کۆبوونەوەی ئەمنییە."
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارە، لە چوارچێوەی بەرنامە و دیدار و کۆبوونەوەکانیدا، چەندین کۆبوونەوە و دیداری ئەنجام داوە. گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەوبارەوە دەڵێت، ''بێگومان متمانەکردن بە هەرێمی کوردستان وەکو کاراکتەرێکی سیاسی لە هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەتایبەتی لە عێراق، خۆی رەوایی بەخشینێکی گەورەیە بۆ پێگە و کاریگەریی رۆڵی هەرێمی کوردستان؛ بۆیە بەشداریکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن زۆر گرنگە."
 

Top