ســــه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، په‌يوه‌ندييه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ن
هه‌ر له كۆنفرانسى ئاساييشى ميونشن، ئێوارى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2024/2/16، به‌ڕێز نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز هاكان فيدان، وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى توركيا، ده‌رباره‌ى ده‌رفه‌ت و بواره‌كانى پته‌وكردنى په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، گفتوگۆيان كرد و بيروڕايان ده‌رباره‌ى دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه به‌گشتى، گۆڕييه‌وه.
هه‌ردوولا جه‌ختيان له پاراستنى ئاساييش و سه‌قامگيرى و هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر ئاساييش و ئاراميى هه‌ردوو وڵات، هه‌روه‌ها باسيان له دوايين هه‌وڵ و هه‌نگاوه‌كانى هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان و گفتوگۆكان له‌مباره‌يه‌وه كرد.
به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و كارى پێكه‌وه‌ييى وڵاتانى ناوچه‌كه بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى و چه‌ند بابه‌تێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.