ڕاگرتنی فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ لە هۆڵەندا بۆ ئیسرائیل

ڕاگرتنی فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ لە هۆڵەندا بۆ ئیسرائیل

 

 

دادگای تێهەڵچوونەوەی لاهای لە هۆڵەندا بڕیاری ڕاگرتنی فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ی بە ئیسرائیل دەرکرد.

دادگای تێهەڵچوونەوەی لاهای لە هۆڵەندا بڕیارێکی بۆ ڕاگرتنی هەناردەکردنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بۆ ئەم وڵاتە دەرکرد، بەهۆی پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانی ئیسرائیل.

بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هۆڵەندا لە ماوەی ٧ ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی پارچەی فڕۆکەی جەنگیی ئێف ٣٥ بۆ ئیسرائیل ڕادەگرێت.

ئەم دادگایە بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ئاماژەی بەوەدا کە ئیسرائیل بە شێوەیەکی پێویست ئەو زیانانەی لەبەرچاو نەگرتووە کە لە هێرشەکانیدا بۆ سەر غەززە بە خەڵکی مەدەنی دەگەیەنێت.

لە بەیاننامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە مەترسی پێشێلکردنی جددی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەكانی ئێف ٣٥ی ئیسرائیلییەوە لە کەرتی غەززە ئاشکرایە، بەو پێیەی تا ئێستا ئەو وڵاتە بە هێرشە ناڕێژەییەکانی خۆی دەیان هەزار کەسی مەدەنی لە نێویاندا منداڵانی کوشتووە.

ئەم دادگایە لە بەیاننامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە وەزارەتی بازرگانی دەرەوەی هۆڵەندا مۆڵەتی ساڵی ٢٠١٦ بۆ فرۆشتنی پارچەی فڕۆکەی جەنگی ئێف ٣٥ بە ئیسرائیل ڕابگرێت.

 

 

گوڵان: سەردار خەلیل

Top