ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت   كۆمەڵناسان جەخت لەوە دەكەنەوە تەنیا ڕۆژێك بەشی خۆشەویستی ناكات

ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین) خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت     كۆمەڵناسان جەخت لەوە دەكەنەوە تەنیا ڕۆژێك بەشی خۆشەویستی ناكات

 

 

ڕۆژی 14ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی (ڤاڵانتاین)ـە و لەم ڕۆژەدا ئەوینداران لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا بە گۆڕینەوەی گوڵ و شیرینی هەستی خۆیان بۆ یەكدی دەردەبڕن. توێژەران و پسپۆڕانی بواری پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی ڕایانوایە كە نەك لە ڕۆژی ڤاڵانتاین، بەڵكو لە تێكڕای ڕۆژەكانی ساڵ دەكرێت، خۆشەویستی و وەفاداری بە خۆشەویستانی خۆمان ببەخشین. لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: ئایا قەتیسكردنی خۆشەویستی لەیەك ڕۆژدا بەسە بۆ ئەوەی خۆشەویستی و تەبایی و پێكەوەژیان بەردەوام بێت؟ بەشداربووانی ئەم ڕاپۆرتەی گۆڤاری گوڵان وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەنەوە.

گوڵان: كۆمەڵایەتی

 

 

 سەرچاوەی دروستبوونی ڕۆژی ڤاڵانتاین وەك ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی، ڕای جۆراوجۆری لەسەرە، كە باوترینیان بۆ سەردەمی كلۆدیۆسی دووەم لە ڕۆمانیا دەگەڕێتەوە، كە هاوسەرگیریی سەربازەكانی قەدەغە كردبوو، بەڵام قەشەیەك بە ناوی ڤاڵانتاین (ڤالێنتەنیوس) بە نهێنی سەربازە ڕۆمییەكانی لەگەڵ كچە خۆشەویستەكانیان لێك مارە دەكرد، لەسەر ئەوەش لە سێدارە درا. ڤاڵانتاین وەك ڕۆژی جیهانیی خۆشەویستی و ئەوینداری وەك واقعێكی كۆمەڵایەتی، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت. لە هەرێمی كوردستانیش هاوشێوەی وڵاتان، ئەم ڕۆژە بە شێوەی جیاجیا بەڕێ دەكرێت و عاشقان ڕوو لە دووكانەكانی گوڵفرۆشی دەكەن، تاوەكو گوڵی سوور پێشكەش بە خۆشەویستەكانیان بكەن.

دیمەن محەمەد توێژەری كۆمەڵایەتییە و لەمبارەوە دەڵێت:«ڕۆژی خۆشەویستی كە بە(Valentines Day) ناو دەبرێت، مێژوو و چیرۆكێكی تایبەت بەخۆی هەیە. ئەگەر باس لە خۆشەویستی بكەین، ئەوا دەبێت جەخت لەو هەستە سۆزداری و عەقڵییە ئەرێنی و جۆراوجۆر و خاوەن كاریگەرییە بەهێزانە بكەینەوە كە لە چوارچێوەی جوانترین و سادەترین ڕەوشت و نەریتەكان خۆیان دەبیننەوە، نموونەش بۆ جیاوازی و جۆراوجۆریی هەستەكان خۆشەویستی دایك و خوشك، یان خاك و نیشتمان، یان خۆشەویستیی نێوان هاوسەران و ڕەگەزی بەرانبەرە كە تەواو جیاوازە لە خۆشەویستییەكانی دیكە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی خۆشەویستی ئاماژەیەكە بۆ هەستی هێزی سەرنجڕاكێشی و هۆگربوون بە كەسێك و بنەمای پەیوەندییە كەسییەكان لە نێوان دوو مرۆڤ كە گرنگی زۆری لە تەندروستی دەروونی كەسەكانەوە هەیە و بووەتە یەكێك لە بەربڵاوترین بابەتەكانی ڕۆژانە كە پشكدارە لە هونەری داهێنان و پارێزگاریكردن لە جۆری مرۆیی و كۆمەڵایەتی و بەردەوامیی ژیان و جۆری كۆمەڵایەتی. هەر لەبەر ئەوە كۆمەڵێك واتا و مانای ئایینی و ڕۆحانی لەخۆی دەگرێت، كە لە چوارچێوەی هەستێكی خۆڕسك بۆ بەرانبەر و لەسەر چەند بنەمایەك لە پەیوەندییەكان و هەستەكان بۆ یەكتر دەخولێتەوە و لە ناخیدا ڕێز و گەرم و گوڕی و دەربڕینی جوان هەن و وا لە كەسەكان دەكات، قوربانی بە گیانی خۆیان بدەن لە پێناو خۆشەویستەكانیان و لە پێناو مانەوەیان بۆ درێژترین ماوە و ئەو متمانە و بەڵێنەی لە نێوانیان هەیە لەدەستی نەدەن .كەواتە ئەستەم و مەحاڵە بۆ پیرۆزی و گەورەیی وشەی خۆشەویستی پێناسەیەك یان تەنیا ڕۆژێك دیاری بكەین و قەتیسی بكەین لەو ڕۆژە و ئەو پیرۆزییە بچووك بكەینەوە، چونكە ژیان بریتییە لە كۆڵنەدان بۆ مانەوە مانەوەش لە ژیان پەیوەستە بە خۆشەویستییەكی پاك و خۆڕسك و دوور لە بەرژەوەندی».

عوبێد خدر گۆمەشینی، توێژەر و ڕۆژنامەنووسە و سەبارەت بە هەمان پرس ڕای وایە: «هەموو تەمەن بەشی خۆشەویستی ناكات، چۆن دەتوانین فریای ڕقلێبوونەوە بكەوین، هەرچەندە لە ڕۆژگاری ئێستامان ئەو بۆچوونە پێچەوانەوە بووەتەوە، ‌لەبەر ڕق و یەكتر بوغزاندن فریای خۆشەویستی ناكەوین، بۆیە تایبەتكردنی ڕۆژێك بۆ خۆشەویستی كارێكی گونجاو نییە، بەڵكو پێویستە هەموو ڕۆژێكمان پڕبێت لە خۆشەویستی، خۆشەویستی بۆ خودی خۆمان، بۆ خێزان و كەسانی دەوروبەرمان، خۆشەویستی بۆ كار و پیشەكەمان، بۆ ئەوەی بتوانین ژیانێكی ئارام و دوور لە ڕق بۆ خۆمان دابین بكەین. پێویستە لە ناخەوە یەكترمان خۆش بوێت و ڕێز لە بۆچوون و كەسایەتیی بەرانبەرمان بگرین، نەك تەنیا بۆ خۆبردنە پێش و خۆشیرینكردن بە دەمی خەڵكی پێبكەنین و لەناخەوە بیبوغزێنین، چونكە دەبێتە هۆی نائارامی دەروونی و تێكچوونی شیرازەی خێزان و كۆمەڵگە، با لە ناخی دڵەوە بۆ یەكتر پێبكەنین و یەكتر لەباوەش بگرین. هەرچەندە لەم سەرقاڵییەی ژیان و ئاڵۆزی و ڕاكەڕاكەی ڕۆژانەمان، خەریكە هەموو جوانییەكانی ژیانمان لەبیر بچێتەوە، بۆیە دانانی ئەم ڕۆژە جۆرێكە بۆ بەبیرهێناوەی خۆشەویستی و مرۆڤدۆستی.

بەڵام قەتیسكردنی ئەو لایەنە گرنگەی مرۆڤایەتی لە ڕۆژێك و بۆنەیەك كارێكی باش نییە، ڕۆژەكانی ساڵ زۆرن، با ڕۆژانە خۆشەویستی بۆ كەسە نزیك و تاكەكانی دیكە دەربڕین، لە كاروباری ڕۆژانەمان نەرم و نیان و میهرەبان بین، نەك تەنیا بۆ مرۆڤەكان بەڵكو بۆ ئاژەڵ و سرووشتیش، هەوڵدەین ڕێگری لە توندوتیژی و گرژی بكەین، چونكە بەر لە كەسانی دیكە ئازار بە ناخی خۆمان دەگەیەنین. دەروونی تەندروست پڕە لە خۆشەویستی و سۆز».

 هاوكات دەڵێت: «ئێستا پەیوەندییەكان سارد و سڕ بووە، بەتایبەتی پەیوەندیی نێوان هاوسەران و ئەندامانی خێزان، هەر چەندە لەبەر چاوی خەڵك و بۆ وێنەگرتن و سناپكردن یەكتر لەباوەش دەكەن و وشەی جوان بۆ یەكتر دەردەبڕن و گوڵی سوور پێشكەشی یەكتر دەكەن، بەڵام زۆربەیان تەنیا نواندنە و بۆ خۆدەرخستن و ئیرەییە، ئەگینا لە واقیعدا وا نین».

چیا عەبدوڵڵا میدیاكارە و سەبارەت بە هەمان پرس دەڵێت: «خۆشەویستی هەستێكی پاك و بێگەردی مرۆڤە و مرۆڤیش لەسەر فیترەتی خۆی بە سرووشتی پڕە لە هەستی خۆشەویستی، كاتێك پۆلبەندی و جیاكاری دروست دەكەن لەناو مرۆڤەكاندا و سنوور و پلەبەندی دابەش دەكەن، دەبینی كاردانەوەی مرۆڤەكانیش بەرانبەر یەك دەگۆڕێت، لەبری خۆشەویستیی بێ مەرج و وەك مرۆڤ سەیركردن، دەبێتە ڕیزبەندی ئەگەر تۆ بەو جۆرە نەبیت كە من دەمەوێت یا لەسەر ڕێچكەی من نەبیت، سنووری خۆشەویستی ئەو بەرانبەرە نایگرێتەوە، ئەمە شێوە گشتییەكەیەتی، لە هەمان كاتیشدا مرۆڤ یەك چركە بێ خۆشەویستی ناتوانێت بژی. لێكۆڵینەوەیەكی بێڕەحمانە كراوە لەسەر دوو گرووپ منداڵی ساوا، هەموویان یەك جۆری خۆراكیان پێ دراوە، بەڵام گرووپی یەكەم لە باوەشیان كردوون و سەیری چاویان كردوون و زەردەخەنەیان بۆ كردوون و خۆشەویستییان پێ داون. گرووپی دووەم تەنیا شیرەكەیان پێ دراوە، بێ سەیركردن، بێ لەباوەشكردن و بێ سۆزپێدانیان، دوای ساڵێك گروپی دووەم مردوون.

لێرەوەیە كە ئێمە بە فیترەت بۆ خۆشەویستی و خۆشویستن و گۆڕینەوەی ئەو هەستە مرۆییە هاتووین و كە دەڵێین خۆشەویستی، ئەمە تەنیا یەكسان نییە بە پەیوەندیی دوو ڕەگەز، بەڵكو هەموو ژیانمانی داگیر كردووە. دایك خۆشەویستیی بۆ منداڵی نەبێت، نەبێت، بەرگەی ئەو هەموو ماندووبوونەی منداڵبوون و گەورەكردنی ناگرێت،

باوك خۆشەویستی و سۆزی نەبێت بەرگەی ئەو هەموو هەوڵدانە ناگرێت تا منداڵەكەی لە هیچی كەم نەبێت، ئەگەر كەسێكت خۆش نەوێت نایكەیت بە هاوڕێت. ئەگەر هەستی خۆشەویستی نەبێت ئاژەڵێك لە ماڵەوە ڕاناگیرێت و خزمەت ناكرێت». گوتیشی: «خۆشەویستی تەنیا بۆ ڕۆح لەبەرەكان نییە، بەڵكو ئێمە شتومەكەكانی خۆشمان بۆمان خۆشەویستن، ماڵ و گەڕەك و شار و ڕێگا و سەیارە و بۆن و دیارییەكانیشمان خۆش دەوێت».

ئەو میدیاكارە جەختی لەوە كردەوە كە «دەبێت ئێمە بەسۆز و ڕێز و خۆشەویستییەوە مامەڵە بكەین لەگەڵ هەموو شت و كەس و تەنانەت ڕووداوەكانی ژیانیشمان، ئەگەریش ڕۆژێك بۆ خۆشەویستی دیاری كراوە، وەك ئەوەی ناوی لێ نراوە ڤاڵانتاین، ئەوە بۆ دڵخۆشكردنی یەكترییە و شتێكی جوانە و بڕواشم وا نییە ئەمە قەتیسم كردن بێت،

بەڵكو بیرهێنانەوەیەكە كە دەزگیران و هاوسەران، یان هاوڕێكان ئەو ڕۆژە بكەنە ڕۆژی خۆشەویستی دەربڕین بۆ یەكتری و ناوی بنێن ڕۆژی كۆبوونەوەی خۆشەویستی، ئێستا پەیوەندیكردن زۆر ئاسانە، بە مسجێك بۆ خوشكت، برات، هاوسەرت، دایكت، باوكت، هاوڕێت، خزمت و خۆشەویستت و هەر كەسێك كە لە ژیانی تۆدا گرنگە و مەبەستە بمێنێتەوە بۆی بنووسە: سوپاسگوزارم تۆ لە ژیانما هەیت، دڵخۆشم بە بوونت، خۆشم دەوێی، ئەگەر ئەمە ببێتە خوو، ئیتر ژیان دەكەینە جێیەكی پڕ ئاشتی و خۆشەویستی و ڕێزو قبوڵكردن».

ڕوان عەبدولمەجید بابان، توێژەری كۆمەڵایەتی و ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆییە و سەرەتا ئاماژە بە وتەیەكی جەلالەدینی ڕۆمی دەكات كە وتوویەتی: «بە بێ خۆشەویستی هەموو مۆسیقایەك ژاوەژاوە و هەموو سەمایەك شێتییە و هەموو عیبادەتێك بارگرانییە» . گوتیشی: «لە ڕۆژی ڤاڵانتایندا خۆشەویستی بە چەندین شێوەی جیاواز خۆی دەردەخات، بەو پێیەی ئەم ڕۆژە بە دەرفەتێك دادەنرێت بۆ دەربڕینی هەستی قووڵ و سۆز بۆ خۆشەویستان و هاوڕێ و خێزان. خۆشەویستی لە ڕۆژی ڤاڵانتایندا دەتوانێت ئەزموونێكی تایبەت بێت كە پەیوەندیی سۆزداری نێوان مرۆڤەكان بەهێز بكات و پەیوەندی و لێكتێگەیشتن لە نێوانیاندا بەرز بكاتەوە». هێمای بۆ ئەوەش كرد كە لە ڕۆژی ڤاڵانتاین مرۆڤەكان بە ئاڵوگۆڕی دیاری و كارتی دەربڕین و ڕازاندنەوەی تایبەت خۆشەویستی و سۆز و خۆشەویستی خۆیان دەردەبڕن. دیارییەكان لە گوڵ و شوكولاتە و دیاری تایبەتمەندەوە دەست پێ دەكات، كە ڕەنگدانەوەی خەز و ئارەزووی هاوبەشە. هەروەها ڕۆژی ڤاڵانتاین دەرفەتێكە بۆ ئەوەی گرنگی و پێزانینی هاوبەشەكەت نیشان بدەیت بە بەسەربردنی كات پێكەوە، جا چ لە چێشتخانەیەكی ڕۆمانسیدا بێت، یان لە پیاسەیەكی بێدەنگ لە سرووشتدا. جگە لەوەش، ڕۆژی ڤاڵانتاین دەتوانێت دەرفەتێك بێت بۆ دووبارە قەدرزانی پەیوەندییە خێزانییەكان و هاوڕێیەتییە كۆنەكان، هەروەها بۆ پێشكەشكردنی پشتگیری و سۆز بۆ ئەوانەی لە دەوروبەرمانن. هەروەك جەلالەدینی ڕۆمی دەڵێت: ((خۆشەویستی پردێكە لە نێوان تۆ و هەموو شتێك)). بەگشتی ڕۆژی ڤاڵانتاین ڕەنگدانەوەی بەهای خۆشەویستی و یەكگرتوویی كۆمەڵایەتییە، هەروەها گرنگیی دروستكردنی پەیوەندی تەندروست لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و لێكتێگەیشتن و قەدرزانی بیر دەخاتەوە.

چەند هۆكارێك هەن كە جیاوازی دەكەن لە نێوان خۆشەویستیی ئێستا و خۆشەویستی لە سەردەمی كۆن و ئەو هۆكارانەش ئەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتی و تەكنەلۆژی و كەلتوورییانە دەگرێتەوە كە كۆمەڵگەكان بە تێپەڕبوونی كات شاهیدی بوون. لێرەدا چەند جیاوازییەك دەخەینەڕوو:

1- پەیوەندی و تەكنەلۆژیا: لەم سەردەمەدا سۆشیال میدیا و تەكنەلۆژیای پەیوەندیكردن بووەتە بەشێكی گرنگی پەیوەندی سۆزداری، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە سرووشتی پەیوەندیكردن و كارلێكی نێوان مرۆڤەكاندا.

2- گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی: چەمكەكانی پەیوەندی و هاوسەرگیری و خۆشەویستی بە تێپەڕبوونی كات گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕانكاری لە لێكدانەوە و ئەزموونەكانی خۆشەویستی و پەیوەندییەكان.

3- فشاری كۆمەڵایەتی و ئابووری: لەم سەردەمەدا ڕەنگە فشاری كۆمەڵایەتی و ئابووری زیاتر لەسەر پەیوەندییەكان هەبێت، وەك داواكاری كار و هاوسەنگیی ژیانی كار.

4- گۆڕانكاری لە چەمكی ڕۆمانسیەت و خۆشەویستی: چەمكەكانی ڕۆمانسیەت و خۆشەویستی بە تێپەڕبوونی كات پەرەیان سەندووە، ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی گۆڕانكاری لە ئەزموونەكان و دەربڕینی خۆشەویستیدا.

سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، خۆشەویستی هێشتا هەڵگری مانای قووڵ و گرنگە لە ژیانی مرۆڤەكاندا، جا چ لە سەردەمی ئێستادا بێت، یان لە سەردەمی كۆن و تا ئێستاش وەك ئەزموونێكی كەسی ناوازە بۆ هەموو تاك و ژن و مێردێك دەمێنێتەوە.

هەر وەك لە قورئانی پیرۆزیشدا هاتووە كە خوای گەورە دەفەرموێت:

«وَمِنْ آَيَاتِهِ أَنْ خَلَقَ لَكُمْ مِنْ أَنْفُسِكُمْ أَزْوَاجًا لِتَسْكُنُوا إِلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكُمْ مَوَدَّةً وَرَحْمَةً إِنَّ فِي ذَلِكَ لَآَيَاتٍ لِقَوْمٍ يَتَفَكَّرُونَ» - سورە الروم، اڵایە 21

 لەم ئایەتە پیرۆزەدا ئاماژە بەو خۆشەویستی و ڕەحمەتە دەكەن كە دەبێ لە نێوان هاوسەرەكان و مرۆڤەكاندا بە گشتی هەبێت، و بە بەشێك لە گەورەیی و ڕەحمەتی خودا بەرانبەر بە دروستكراوەكانی دادەنرێت.

جەژنی ڤاڵانتاین یان ڕۆژی خۆشەویستی، دەرفەتێكی جوانە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی و ئاهەنگگێڕان و سرووشتییە ئەم ڕۆژە تایبەت و چێژبەخش بێت بۆ هەردوو كەسەكە. ئەگەر دوو كەس پەیوەندییەكی پتەو و تۆكمەیان هەبێت، ڕەنگە جەژن یان ڤاڵانتاین دەرفەتێكی زۆر باش بێت بۆ بەهێزكردنی ئەم پەیوەندییە و پێشكەشكردنی خۆشەویستی و قەدرزانی بە شێوازی جیاواز. بەڵام دەربڕینی خۆشەویستی و خەمخۆری دەبێت شتێك بێت كە بە درێژایی ساڵ بەردەوام بێت نەك تەنیا لە یەك ڕۆژدا. كەواتە، جگە لە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی جەژن، پێویستە مرۆڤەكان گرنگی بە پەیوەندییەكەی خۆیان بدەن و بە بەردەوامی خۆشەویستیی خۆیان دەرببڕن بە درێژایی ساڵ، لە ڕێگەی گرنگیدان بە یەكتر و تێگەیشتن و قەدرزانی یەكترەوە».

Top