هۆكارەكانی ئازاری جومگە

هۆكارەكانی ئازاری جومگە

جومگەی ئەژنۆ Knee گەلێك بەش لەخۆ دەگرێت، كە بەشدارن لە جووڵەی جومگەی ئەژنۆ بە ئاراستەی جیاواز، كە بریتین لە: خودی جومگەی ئەژنۆ لە نێوان ئێسكی قاچ و ڕاندا، جومگەی نێوان سابوونەی ئەژنۆ و ئێسكی ڕان، چوار بەستەر، لەگەڵ دوو كڕكڕاگەی سەر ئێسكی قاچ. جووڵەی زۆری جومگەی ئەژنۆ بە ئاراستەیەكی دیاریكراو، بەتایبەتی لەكاتی ئەنجام نەدانی مەشقی وەرزشیدا، هۆكارە بۆ گرفت لە ئەژنۆدا، هەروەها تەمەن، ئینجا زەبر بۆ ئەژنۆ زیان بە ئێسك و شانەكانی دیكەی ناو جومگە دەگەیەنن و دەبنە هۆی ئازار وەكو یەكەم نیشانە. ئازاری جومگەی ئەژنۆ حاڵەتێكی باوە و گەلێك جار هاوكاتە لەگەڵ نیشانەی دیكەی وەكو سخبوون، ئاوسان یان گەرمبوونی ئەژنۆ، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەش. هۆكارەكانی ئازاری ئەژنۆ بریتین لە: لەجێچوون یان شكان لەبەر زەبری دەرەكی یان كەوتن، دڕانی بەستەری خاچیی پێشەوە ACL لە ئەنجامی زیاد بەكارهێنانی ئەژنۆ و خێرا گۆڕینی ئاراستەی جووڵە بێ پشوودان، بەتایبەتی لە یاریی تۆپی پێ و تۆپی سەبەتەدا، سووانی جومگە (سەوەفان O.A) كە هۆكارە بۆ ئازار و سخبوون و ئاوسانی ئەژنۆ، هەوكردنی نامیكرۆبی جومگە، دڕانی كڕكڕاگە Meniscus كە لە ئەنجامی هەوكردن یان بەتەمەنداچووندا ڕوو دەدات، كیسی بەیكەر Baker›s Cyst لە بەشی پشتەوەی جومگەی ئەژنۆدا، نەخۆشیی گاوت Gout كە بریتییە لە نیشتنی كریستاڵەكانی ترشی یوریك لە ئەژنۆدا، هەوكردنی میكرۆبی بە بەكتریا یان ڤایرۆس.

 

Top