پ.د.مەهدی ئەبوبەكر مامۆستای زانكۆی سلێمانی: لەسەر ئەم هێرشەی كرایە سەر هەرێمی كوردستان، عێراق وەك دەوڵەت شتێكی ئەوتۆی نەكرد كە بەرگری لە سەروەریی خۆیشی بكات

پ.د.مەهدی ئەبوبەكر مامۆستای زانكۆی سلێمانی:  لەسەر ئەم هێرشەی كرایە سەر هەرێمی كوردستان، عێراق وەك دەوڵەت شتێكی ئەوتۆی نەكرد كە بەرگری لە سەروەریی خۆیشی بكات

 

پ.د.مەهدی ئەبوبەكر، مامۆستایە لە زانكۆی سلێمانی، لە لێدوانیدا بۆ ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ (بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی) وێڕای سەركۆنەكردنی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی كوردستان، بەم جۆرە دید و تێڕوانینی خۆی خستە ڕوو.

 

ئەو مووشەكباران و دەستدرێژییانەی لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە كراونەتە سەر هەرێمی كوردستان، دەتوانین بڵێین چەند ئامانجێكی لە پشتەوەیە:

1- هەوڵێكە بۆ گوشارخستنە سەر هەولێر و هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ڕایانبكێشێتە ناو بەرژەوەندییە سیاسییەكانی ئێرانەوە لەناوچەكەدا.

2- بە جۆرێك لە جۆرەكان گوشارە بۆ سەر ئەمریكییەكان، بۆ ئەوەی هێزەكانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكشێنێتەوە.

ئەمانە دوو هۆكاری گرنگن، سەبارەت بە یەكەمیان نەچوونی هەرێمی كوردستان بۆ ناو بەرەبەندیی سیاسەت و ستراتیژ و بەرژەوەندییەكانی ئێران، كە كەلەبەرێكی گەورەی، لەسەر دروستبوونی هیلالی شیعی دروست كردووە، ئەوەی ئێران مەبەستیەتی لە ناوچەكەدا بیكات، كە ئەویش گەیشتنە بە سووریا و لوبنان و پێكەوە گرێدانەوەیەتی لەگەڵ تاران بە ڕێگەی زەمینی لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە. ئەوجا بۆ ئەوەی ئەم ئامانجەی بۆ بێتەدی، پەنای بردووەتە بەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانە و مووشەكبارانكردنی هەولێر، بۆ ئەوەی هەم هەرێمی كوردستان ڕابكێشێتە ناو سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی خۆی، هەمیش گوشار لە ئەمریكا بكات بۆ ئەوەی هێزەكانیان لە هەرێمی كوردستان و عێراق بكشێنێتەوە.

ئامانجێكی دیكەی ئێران لەم هێرشانەی دەیكاتە سەر هەرێمی كوردستان، جۆرێكە لە ناردنی پەیام بۆ ئەمریكییەكان و پیشاندانی توانای ئێران، لە ئەگەری وڵامدانەوەی بەرانبەر ئەو هێرشەی دەكرێتە سەر چەكدارانی حوسی لە یەمەن، هەروەها دەبێت ئەوە لەبەر چاو بگرین كە وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە كرد كە هێرشەی كردوویانەتە سەر هەرێمی كوردستان، تۆڵەیەك بوو بۆ ئەو هێرشانەی ئەمریكا كردوویەتی سەر حوسییەكانی یەمەن، ئەم سێ ئامانجە، دەچێتە ناو ستراتیژیەتی درێژمەودای ئێرانەوە.

هەڵوێستی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی هەموویان ئەم هێرشەیان بۆ سەر هەولێر سەركۆنە كرد، بەڵام ناوەڕۆكی بەیاننامە و سەركۆنەكردنەكەیان هەر حزبێك بە گویرەی دوور و نزیكیی لە سیاسەت و بەرژەوەندییەكان و جوگرافیای ئێران بوو، بۆیە دەكرێت بەشێوەیەكی گشتی بڵێین هەڵویستی حزبەكان تا ڕاددەیەك لە ئاستی پەسەندا بوو، بەڵام بڵێین لە ئاستی گەورەیی ڕووداوەكەدا بوو، نەخێر لەو ئاستەدا نەبوو.

 لەم ڕووداوانەی كە دەوڵەتێك هێرش و دەستدرێژی دەكاتە سەر دەوڵەتێكی دیكە، عورفی نێودەوڵەتی بەو جۆرەیە كە ئەو دەوڵەتەی دەستدرێژییەكەی كراوەتەسەر، كۆمەڵێك ڕێوشوێنی دیپلۆماتی دەگرێتە بەر، وەك بانگهێشتكردنی باڵیۆزی وڵاتی دەستدرێژیكار و پێدانی یاداشتنامەی ناڕەزایی و كەمكردنەوەی ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماتییەكان و...هتد، ئاستی هێرش و دەستدرێژییەكە زۆر جار دەگاتە بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماتی و ئابووری و بازرگانییەكان، تەنانەت هەندێك جار دەگاتە ئاستی هەڵگیرسانی شەڕیش، بەڵام لەسەر ئەم هێرشەی كرایە سەر هەرێمی كوردستان، عێراق وەك دەوڵەت، شتێكی ئەوتۆی نەكرد كە بەرگری لەسەروەریی خۆیشی بكات، بۆیە ئەم حاڵەتە هەرێمی كوردستان دەكاتە حاڵەتێكی تایبەتی ئەكتەرێكی غەیرە دەوڵەتی و، ئەو توانایانەشی نییە وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە بەرانبەر ئەم هێرش و دەستدرێژییانەدا بیانگرێتە بەر، بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت بەرپرسیاریەتی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوی لەو جۆرە بەرپرسیاریەتییەكی بەكۆمەڵی نێوان حزبە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت.

 من ناچارم لەم پرسەدا ناوی حزبە سیاسییەكان بهێنم، لەبەر ئەوەی بڕیاردەری سەرەكی لە هەرێمی كوردستاندا بە تەنیا حكومەت نییە، بەڵكو حزبەكان هاوبەشن لەناو حكومەتدا، هەروەها دەبێت حكومەتی عێراقیش لەگەڵیدا هاوبەشی بكات، چونكە بمانەوێت، یان نەمانەوێت، هەتا ئێستا هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق، بۆیە دەبێت هەموو پێكەوە هەوڵە دیپلۆماتییەكان بخەنە گەڕ بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هێرش و دەستدرێژیی لەم جۆرە دووبارە نەبێتەوە. عێراق دەبێت جۆرێك لە هەڕەشە بكات، وەك هەڕەشەی كەمكردنەوەی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانی بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت جارێكی دیكە ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دووبارە بكاتەوە.

 

Top