پ.د. ئیسماعیل محەمەد محەمەد پسپۆڕی مێژوو لە زانكۆی سەڵاحەدین: ئێران دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و بە دروستكردنی كێشە لە دەرەوە كێشە ناوخۆییەكانی پەردەپۆش بكات

پ.د. ئیسماعیل محەمەد محەمەد پسپۆڕی مێژوو لە زانكۆی سەڵاحەدین:  ئێران دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات و بە دروستكردنی كێشە لە دەرەوە كێشە ناوخۆییەكانی پەردەپۆش بكات

 

 

پ. د.ئیسماعیل محەمەد پسپۆڕی مێژووە لە زانكۆی سەڵاحەدین- هەولێر، وەك ئەكادیمیستێكی خاوەن هەڵوێست زۆر بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی سوپای پاسداران دەكات بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و، لە لێدوانیدا بۆ ڕاپۆرتی مەیدانیی بازنەی گفتوگۆ (بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی) بەم جۆرە دید و بۆچوونەكانی خستە ڕوو.

 

ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی كە لە شەوی 15ی كانوونی دووەمی ساڵی 2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەكی بالیستیكی كردیە سەر خانووی سەرمایەدارێكی كورد و، تیایدا چەندین هاووڵاتی سڤیل و ژن و منداڵی ساوای تێدا شەهید بوون، دەكەوێتە چوارچێوەی كاری تیرۆریستی و تیرۆری ڕێكخراوی دەوڵەتەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بە ڕاشكاوی ئەو ڕاستییە بۆ تەواوی جیهان ئاشكرا بوو، لە ناو هەموو كێشەكانی تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر لە یەمەنەوە تا دەگاتە فەلەستین و لوبنان و سووریا و عێراق، تەواوی كێشەكان بە شێوەیەك لە شێوەكان دەستی سوپای پاسدارانی ئێرانی لە پشتەوەیە.

هێرشی ئێران بۆسەر هاووڵاتیانی سڤیل و بۆسەر هەرێمی كوردستان چەند هۆكارێكی لە پشتەوەیە لەوانە:

1- باشووری كوردستان هەر لە شەستەكانی سەدەی ڕابردوو و لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوولەوە و پاشانیش لەم قەوارە سیاسیی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە 60 ساڵە بووەتە سەنتەری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان لە هەر چوار پارچەی كوردستاندا، هەموو هیوا و ئاواتی كورد لە ناو ئەم پارچەیە و لەسەر ئەم قەوارە سیاسییەدا چڕ بووەتەوە، هەر بۆیە ئەو دەوڵەتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەش كراوە، هەركاتێك ببینن، بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەنگاوێك بچێتە پێشەوە، ئەوان لێی دەدەن و ناهێڵین ئێمە ڕزگارمان ببێت و سەربەخۆ بین.

2- هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تەنیا قەوارەیە كە بووەتە شوێنێك بۆ گەشەی دیموكراتی و ئازادیی ڕادەربڕین و گیانی تەبایی و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانەی ئایین و نەتەوە جیاوازەكان لەلایەك و فرەیی حزبی و جیاوازیی بۆچوونی سیاسیی لەلایەكی دیكە، ئەم ئاراستەیەی لە هەرێمی كوردستان هەیە لەگەڵ شێوازی حوكمڕانیی دەوڵەتانی دراوسێی كوردستان بەگشتی و دەوڵەتی ئێران یەك ناگرێتەوە، بەتایبەتی كە ئێران دەوڵەتێكی فرە نەتەوەییە و مافی نەتەوەكانی پێشێل كردووە.

3- ئێران لە ناوخۆی خۆیدا كێشەی هەیە، مەترسیی ئەوەی هەیە نەتەوەكانی وەك (كورد، بەلوچ، تاجیك، عەرەب) چیتر ئەو بارودۆخە قبووڵ ناكەن، لەو ماوانەی ڕابردوودا بینیمان لە چەندین شوێنی جیاوازی ئێران ئەو نەتەوانە خۆپیشاندانی و دوای مافی خۆیان دەكرد، بۆیە ئێران دەیەوێت كێشەكانی ناوخۆی هەناردەی دەرەوە بكات و بە دروستكردنی كێشە لەدەرەوە كێشە ناوخۆییەكانی پەردە پۆش بكات.

4- بەداخەوە ئێمە پارچەیەكین لە دەوڵەتێك كە پێی دەڵێن عێراق، ئەم دەوڵەتە دەوڵەتێكی لاوازە و خۆی بەشێكە لە ئێران، بۆیە وەك بینیمان بەغدا هەڵوێستی زۆر لاواز بوو و نەیتوانی بەرپرسیاریەتی هەڵبگرێت و بەرگری لە سەروەریی وڵاتەكەی بكات، لەمەش خراپتر، عێراق خۆیشی بە جۆرێكی دیكە بەشێكە لەو هێرشانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، لەلایەك ئێران بە مووشەكی بالیستیكی خەڵكی سڤیل دەكوژێت، لەلایەكی دیكە بەغدا شەڕی ئابووری و برسیكردنی خەڵكی كوردستانمان لەگەڵ دەكات، كە ئەمەش تاوانێكە دژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دەدرێت.

خاڵێكی دیكە كە لێرەدا دەخوازم ئاماژەی پێ بكەم و وەك ڕەخنەیەكیش ئاراستەی حزبە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانی بكەم، ئەوەیە بەڕاستی هەڵوێستی حزبەكان لە ئاستی گەورەیی ئەم كارەسات و ڕووداوەدا نەبوو، لە قۆناغی ئێستادا كە هەر مەترسییەك بۆ سەر هەرێمی كوردستان چاوەڕوان كراوە، ئەوا دەبێت حزبە سیاسییەكان بە جیاوازیی ئایدیۆلۆژیەتی سیاسییانەوە بیر لە یەكگرتن و تەبایی و یەكڕیزی بكەنەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە لە قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیدا دەبێت هەموو پێكەوە بە یەك ئاڕاستە و بۆ یەك ئامانج كار بكەن، بۆیە پێویستمان بەوەیە:

1- زۆر گرنگە تەواوی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە (ئیسلامی، نەتەوەیی، لیبڕاڵی) لە چوارچێوەی گوتارێكی سیاسیی یەكگرتووی نەتەوەییدا یەك بگرن.

2- پێویستە پێكەوە لەسەر ستراتیژیەتی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان كار بكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئێمە هەتا نەبینە خاوەن دەوڵەتێكی سەربەخۆ، هێرش و پەلاماری دوژمنان لەسەرمان هەر بەردەوام دەبێت.

3- زۆر گرنگە بایەخێكی زیاتر بە گەنجەكان و نەوەی داهاتوو بدەین و بە هزری نەتەوەیی پەروەردەیان بكەین، بۆ ئەوەی ببنە پارێزەری هزری نەتەوەیی و كەلتووری كوردستان.

لە ئێستادا كورد لەسەر ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دۆستی زۆرن، ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی ئێران بە مووشەكی بالیستیكی كردیە سەر هەولێر، لەلایەن بەشی هەرە زۆری دەوڵەتانی جیهانەوە سەركۆنە كرا. دیدار و كۆبوونەوەكانی بەڕێز مسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان لە كۆڕبەندی داڤوس لە ڕۆژانی 15-19ی كانوونی 2024 بینی، كە ئەو هەموو سەرۆك و سەرۆك وەزیران و بەرپرسانەی نێودەوڵەتی سەردانی بەڕێزیان كرد و سەركۆنەی هێرشەكەی ئێرانیان بۆ سەر خەڵكی سڤیلی هەرێمی كوردستان كرد.

 

Top