شــڤــان حـــەمـــدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:   هەرێمی كوردستان لە زۆر لاوە بەئامانج گیراوە و مەبەستی سەرەكییش لەم بەئامانجگرتنە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە

شــڤــان حـــەمـــدی  ئەندامی بازنەی گفتوگۆ:     هەرێمی كوردستان لە زۆر لاوە بەئامانج گیراوە و مەبەستی سەرەكییش لەم بەئامانجگرتنە نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە

 

 

شڤان حەمدی ئەندامی بازنەی گفتوگۆ و ئەندامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستانە و بەرپرسی ئاژانسی هەواڵی زاگرۆسە، لە گفتوگۆی ئەم جارە (بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی) بەم جۆرە بیر و بۆچوون و پێشنیارەكانی خۆی خستە ڕوو.

 

قسەكردن لەسەر ناونیشانێكی وەك (بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی) زۆر فراوان و زۆر جێگەی بایەخە و قسەوباسێكی زۆر ڕاشكاوانە هەڵدەگرێت و، خاترگرتنی هیچ لایەك قبووڵ ناكات، لە بازنەی گفتوگۆشدا داواكاریی سەرەكیمان لە بەشداربووانی گفتوگۆكانمان ئەوە بووە، كە لەسەر هەر پرسێك گفتوگۆ دەكەین، با ڕاستییەكان وەك خۆیان بڵێین و خاترمان نەگرن.

لە دەستپێكدا كە سەرنجێكی خێرا لەسەر ئەم تایتڵە دەدەین (بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان وهۆكارەكانی) یەكسەر چاو و بیرمان دەچێتە سەر ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی سوپای پاسدارانی ئێران كە بە مووشەكی بالیستیكی لە ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو كردیانە سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی و، لە ئاكامی ئەم هێرشە تیرۆریستییەدا چەندین هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون، كە لە ناویاندا هاووڵاتییەكی كریستیان و ژن و منداڵی ساوای تەمەن 11 مانگیشی تێدا بوو، كە ئەویش شەهید ژینا بوو.

ئەم هێرش و دەستدرێژییەی كۆماری ئیسلامیی ئێران كە دەكەوێتە چوارچێوەی «تیرۆری ڕێكخراوی دەوڵەتی»یەوە و ترس و تۆقاندنێكی گەورەی بە شێوەیەكی گشتی دروست كردووە و جێگەی داخە ئەم ترس و تۆقاندنە داكشاوە بۆ خوارەوە هەتا منداڵانی باخچەی ساوایانی گرتووەتەوە و هەر كەسێك ویژدانێكی زیندووی هەبووە و هەیبێت، ئەم كارە تیرۆریستەی سەركۆنە و ڕیسوا كردووە و دەبێت زیاتریش سەركۆنە و ڕیسوا بكرێت.

بەڵام بە تێڕوانینی من، هەرێمی كوردستان لە زۆر لاوە بەئامانج گیراوە و مەبەستی سەرەكییش لەم بەئامانجگرتنە نەهێشتنی هەرێمی كوردستانە. پار (2023) بازنەی گفتوگۆ 12 گفتوگۆی هەمەچەشنی ئەنجام دا، ناوەرۆكی هەریەك لەو گفتوگۆیانە بەئامانجگرتنی شێوازێكی جیاوازی بەئامانجگرتنی كوردستان بووە و هۆكاری هەرە سەرەكییش بۆ هەموو ئەم بەئامانجگرتنانە بە پلەی یەكەم نەبوونی یەكڕیزی و مامەڵەی حزبییانەی حزبە سیاسییەكان بووە لەگەڵ پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پرۆسەی حوكمڕانی لە كوردستاندا، ئەم پاشاگەردانییەی لە ناو پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیی كوردستاندا هەیە، لەلایەك دۆستەكانمانی نیگەران كردووە، لەلایەكی دیكەش زەمینەیەكی زۆر لەباری دروست كردووە، بۆ ئەوەی نەیار و دوژمنەكانمان هیچ حیسابێك بۆ ئیرادەی یەكگرتووی گەلی كوردستان و ئەو پێكەوە ژیانە ئاشتییانەی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان نەكەن.

كەواتە ئەگەر بمانەوێت هەنگاوێكی دروست، یان میكانیزمێك و ڕاسپاردەیەكی ماقووڵ بۆ ئەم بارودۆخە ئاڵۆز و هەستیارەی ئێستای كوردستان پێشكەش بكەین، بەڕاستی وەك برادەرانیش پێش من ئاماژەیان پێ كرد، لێرەدا وەك پرسیارێك ئاراستەی تێكڕای حزبەكانی كوردستانی دەكەم و دەپرسم: ئایا حزبەكانی كوردستان بەشی ئەوە ئامادەباشییان تێدایە بەخۆدا بچنەوە و لە بەر خاتری بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان و شكۆی قەوارەی هەرێمی كوردستان واز لە سیاسەتی حزبایەتیی تەسك بهێنن و تەبایی و یەكڕیزی دروست بكەنەوە؟ وەڵامی ئەم پرسیارە دەبێت حزبە سیاسییەكان بیدەنەوە، بەڵام ئەوەیان بەبیر دێنینەوە كە بارودۆخی ئێستای كوردستان لە هەموو ڕوویەكەوە و لەسەر هەموو ئاستەكانی (ئابووری، سەربازی، تا ڕاددەیەك پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ڕێكخستنەوەی زیاتری ژێرخانی پیشەسازی و كشتوكاڵی و گەشتیاری)، زۆر لە بارودۆخی ساڵی 2014 باشترە كە لە یەك كاتدا ڕووبەڕووی دوو شەڕی زۆر سەخت بووینەوە، كە پێشتر خۆمان بۆ ئامادە نەكردبوو كە بریتی بوون لە:

1- شەڕی ئابووری، بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بوجەی عێراق بە ڕێژەی 100%.

2- سەرهەڵدانی تیرۆریستانی داعش و ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سووریا و، پاشان هێرشكردنە سەر كوردستان و هاتنی نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە پارێزگاكانی عێراق و سووریاوە بۆ هەرێمی كوردستان.

لە ناو ئەم بارودۆخە سەختە و لە ناو ئەم دوو شەڕە قورسەدا (شەڕی ئابووری و شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش)، كە دەتوانم بڵێم نەك تەنیا گەلی كوردستان، بەڵكو تەواوی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بارودۆخی وا سەختی بە خۆیەوە نەبینیبوو، بەڵام ئەو بارودۆخە سەختەی كە تەواوی سەركردەكانی جیهان لە ئاستیدا دەستەوەستان بوون كە بڕیاری لەسەر بدەن، لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی و قارەمانییەتیی پێشمەرگە ئەفسانەی تیرۆریستانی داعش پووچەڵ كرایەوە و لەمەش زیاتر لە سەر داوای سەرۆك بارزانی بۆ یەكەمین جار لە مێژووی گەلی كوردستاندا پەرلەمانی كوردستان بڕیاری دا، هێزی پێشمەرگە بنێرێت بۆ كۆبانێ و لەسەر لێواری كەوتن ڕزگاری بكات و، هۆكاری هەموو ئەم سەركەوتنە مێژووییانە و سەركەوتن بەسەر بارودۆخە سەختەكاندا ئەوە بوو كە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان یەكگرتوو بوو و پەرتەوازە نەبوو، تا ئاستێكی باش لیكتێگەیشتن لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا دروست ببوو، ئەم پاشاگەردانییەی ئێستا نەبوو، ئەم فاكتەری تەبایی و یەكڕیزییە تەنیا ئیرادەی هێزی پێشمەرگەی بەسەر تیرۆریستانی داعش پیشان نەدا، بەڵكو ئەو ئیرادەیە بووە ئەو شكۆیە بۆ هەرێمی كوردستان كە بۆ یەكەمین جار بوو لە مێژووی كوردستان فرانسۆ هۆلاند سەرۆكی فەرەنسای ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دابەزێت و هاوشانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ سروودی ئەی ڕەقیب سڵاو لە ئاڵای كوردستان بكات.

لێرەوە قسەكانی خۆم بەوە كۆتایی پێ دەهێنم، كە هەنگاوی یەكەم بۆ ڕەواندنەوەی ئەو هۆكارانەی كوردستانیان بە ئامانج گرتووە، بە پلەی یەكەم و وەك هۆكاری سەرەكی ئەو پاشاگەردانییەی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستانە كە حزبە سیاسییەكان دروستیان كردووە، هەر ئەم پاشاگەردانییەش زەمینەی بۆ هۆكارەكانی دیكە خۆش كردووە، بۆ ئەوەی كوردستان بە ئامانج بگرن، ئەگەر هۆكاری یەكەممان چارەسەر كرد، بە دڵنییایەوە هۆكارەكانی دیكە دەسڕینەوە و دوژمن و نەیارانی ئێستامان چەندە بەهێز بن، لە تیرۆریستانی داعش بەهێزتر نابن، ئیرادەی گەلی كوردستانیش لە ناو تەبایی و یەكڕیزیی حزبە سیاسییەكاندایە وەك لە ڕاپەرین و تیكشاندنی تیرۆریستانی داعشدا بینیمان، هەموو كات بۆ پاراستنی خاك و نیشتمان لە ئاستێكدایە كە دوژمن شۆك دەكات و جیهان سەرسام دەكات.

 

Top