قەشە ئیشایا داود فیلیبس بەرپرسی كەنیسەی مارگۆرگیسی ڕۆژهەڵات لە هەولێر:   لەم هێرشانەدا هاووڵاتی موسڵمان و كریستیان بوونە قوربانی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دوژمن جیاوازی لەنێوان ئایین و نەتەوەكان ناكات

قەشە ئیشایا داود فیلیبس  بەرپرسی كەنیسەی مارگۆرگیسی ڕۆژهەڵات لە هەولێر:     لەم هێرشانەدا هاووڵاتی  موسڵمان و كریستیان بوونە قوربانی، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە دوژمن جیاوازی لەنێوان ئایین و نەتەوەكان ناكات

 

 

قەشە ئیشایا داود فلیبس، بەرپرسی كەنیسەی مارگۆرگیسی ڕۆژهەڵاتە لە هەولێر، یەكێكە لە كەسایەتییە دیارەكانی هەولێر و كوردستان و، وەك هاووڵاتیەكی كوردستانی شانازییەكی گەورە بەو سەقامگیری و ئارامییەی كوردستانەوە دەكات كە بووەتە هەوێنی پێكەوە ژیانی ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەكان، بۆ گفتوگۆی ئەمجارە «بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی»، بڕیار بوو لەناو گفتوگۆكە لەگەڵمان بەشدار بێت، بەڵام بە هۆی هەندێك كاروباری كەنیسەوە كە دەبوو وەك ئەركێكی ئایینی پێوەی پابەند بێت، بە جیا قسەی بۆكردین و بەمجۆرە دیدوتێڕوانین و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی خستە ڕوو.

 

 

لەدوای ئەو هێرشە مووشەكییەی كرایە سەر هەولێر و ماڵی بازرگان و سەرمایەدارێك (پێشڕەو دزەیی) كرایە ئامانج و لە ئاكامی ئەم هێرشە چەندین كەس شەهید بوون، كە لە ناویاندا ئافرەت و منداڵی ساوای تێدا بوو. قەداسەتی پاپا و سەرۆكایەتیی كەنیسەكانی «كلدانی – كاسۆلیكی» ئەو هێرشەی ئێرانیان بۆ سەر هەولێر سەركۆنە و شەرمەزار كردووە، لەلای ئێمەش وەك كەنیسەی مارگۆرگیسی ڕۆژهەڵاتی ئاشوور لەلایەن قەداسەتی مارئاوا، دیسان ئەم هێرشانە سەركۆنە و ڕیسوا كران و برووسكەی هاوخەمیمان بۆ بەڕێزان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە.

ئێمە وەك كریستیان غەدر و دەستدرێژی لە هەر كوێیەك بكرێت و دەستدرێژی بكرێتە سەر هەر نەتەوەیەك لە دژی ڕادەوەستینەوە و شەرمەزاری دەكەین. لای ئێمە ئەوە ڕەتكراوەیە كە دەوڵەتێكی دراوسێ بەو جۆرە هێرش و دەستدرێژی بكاتە سەر وڵاتی دراوسێی خۆی. لە كتێبی پیرۆز هاتووە «چۆن خۆتت خۆش دەوێت، دەبێت دراوسێی خۆشت وا خۆش بووێت»، هەڵوێستی ئێمە وەك كریستیان لەسەر ئاستی عێراقیش دیارە كە بەردەوام دژی غەدر و توندوتیژی و دەستدرێژی بووین. هەمیشە لایەنی دەستدرێژیكارمان شەرمەزار و ڕیسوا كردووە و پشتگیرمان لە مەزڵووم و غەدرلێكراو كردووە.

ئێمە نازانین هۆكارەكەی چییە ئێران ماڵی سڤیلێك لە هەولێر بە مووشەك دەكاتە ئامانج و تیایدا چەندین كەس شەهید دەبن، كە یەكێك لە شەهیدەكان منداڵێكی ساوای تەمەن 11 مانگە، بەڵام هیچ هۆكارێك نابێتە بیانوو بۆ لێدانی خەڵكی سڤیل، هەر بۆیە جارێكی دیكەش دووبارەی دەكەمەوە، ئێمە ئەو جۆرە هێرش و دەستدرێژییانە هەر دەوڵەت و لایەنێك بیكات، بەتایبەتیش كە ئەو هێرش دەستدرێژییانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و هەولێر بێت، بە توندی شەرمەزاری دەكەین و ئەوە بە كارێكی نامرۆڤانە و دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەمی دەدەین. ئەم هەڵوێستەی ئێمە گشتگیرە، هەروەك چۆن پێشتریش سەركۆنەی ئەو هێرشانەی توركیاشمان كردووە كە گوندە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستانی بە ئامانج گرتووە و خەڵكانی سڤیل بوونە قوربانی.

دیمەنێكی دیكەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە ئەوەیە كە لەناو شەهیدەكانی ئەم ڕووداوەدا هاووڵاتیەكی كریستیانی هاوڕێی شەهید پێشڕەو دزەییشی تێدایە، ئەم دیمەنە پێمان دەڵێت: زوڵم و غەدر جیاوازی لەنێوان كەسەكان ناكات، ناپرسێت ئەو كەسە سەر بە چ نەتەوە و ئایین و ڕەنگێكە، غەدر و زوڵم هەموو ئایین و نەتەوەیەك بەیەك چاو سەیر دەكات و دەستدرێژی دەكاتە سەریان، ئێمە وەك ئایینی كریستیان مرۆڤین و هەر وەك مرۆڤیش سەیری پێڕەوانی ئایینەكانی دیكە دەكەین، بەتایبەتیش پێڕەوانی ئایینی ئیسلام و وەك خۆمان سەیری برا موسڵمانەكانیشمان دەكەین.

لە مێژووی پێكەوە ژیانی ئێمە لەسەر خاكی كوردستان، زۆر جار بینیومانە خوێنی كریستیان و موسڵمان و ئیزدی تێكەڵی یەكتری بووە، ڕژێمی بەعس كاتێك هێرشی دەكردە سەر گوند و شارەكانی كوردستان و بۆمببارانی دەكردن، نەیدەپرسی ئەوە مزگەوتە، یان كەنیسەیە، یان پەرستگا، بەڵكو هەموومانی وەك یەك سەیر دەكرد و مزگەوت و كەنیسە و پەرستگای پێكەوە كاول دەكرد، بۆیە دەبێت زۆر باش لەو ڕاستییە تێبگەین كە دوژمن جیاوازی لە نێوانمان ناكات و ئەوەی لەسەر ئەم خاكە بژی و ناسنامەی كوردستانی بێت، دوژمن بە ئامانجی دەگرێت.

لەلایەكی دیكەوە بە درێژایی مێژوو تەواوی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بە ئاشتی و تەبایی پێكەوە ژیاون، ئەم كەلتوورە لەناو كوردستاندا ڕەگی داكوتیەوە و بە هێرش و دەستدرێژیی دوژمنان هەڵناگیرێت. سەیر بكەن چەند گوند هەتا ئێستاش لە كوردستان هەن، كە نێوەی موسڵمانە و نیوەی كریستیانە، گوندمان هەیە بە درێژایی مێژوو موسڵمان و كریستیان و ئێزدی پێكەوە ژیاون و پێكەوە كاریان كردووە و هەماهەنگی و هاریكاریی یەكتریان كردووە، لەمەش زیاتر پێشتر گوندمان هەبووە لە كوردستان موسڵمان و كریستیان و جوو پێكەوە ژیاون و هیچ كێشەیەكش لە نێوانیدا نەبووە، لە بەرانبەریشدا دوژمن هەر كاتێك مەبەستی بووبێت، هێرشمان بكاتە سەر، نەیپرسیوە تۆ چ ئایین، یان سەر بە چ نەتەوەیەكی، ئەم مێژووە دەبێت ئەو وانەیەمان فێر بكات، كە ئێمەش لە كوردستان بە جیاوازی نەتەوە و ئایینمانەوە، دوژمن وەك دوژمن و زاڵم سەیر بكەین و هەموو پێكەوە هێرش و دەستدرێژییەكانی شەڕمەزار و ڕیسوا بكەین و بەرپەرچی بدەینەوە، هەموو لایەكیشمان بە موسڵمان و كریستیان و ئیزدی لە پێناوی ئەم خاكە قوربانیمان داوە و خوێنمان بۆ ڕشتووە، ئێستاش بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان ئامادەی خەبات و قوربانیدان دەبین.

لە ئێستادا شێوازەكانی بەئامانجگرتنی كوردستان زۆرن، وەك دەبینین بە هێرشی مووشەكی بالیستیكی كوردستان بە ئامانج گیراوە، هێرشی درۆنی توركیا و ئێران و میلیشیا لە یاسا دەرچووەكانی عێراق لەسەر هەولێر و كوردستان بەردەوامە و، ئەم هێرش و دەستدرێژییانە كاریگەریی زۆر خراپ و نەرێنیان لەسەر ڕەوشی سەقامگیری و ئابووریی كوردستان هەیە و، ترس و تۆقاندن لە كۆمەڵگە بڵاو دەكاتەوە، ئامانجیش لێی ئەوەیە كە خەڵك ناچار بێت، بیر لە كۆچكردن بكاتەوە و نیشتمانی خۆی جێبهێڵێت، لەمەش زیاتر شەڕی سیاسی و ئابووریش بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشرێت و، هەموو ئەم هێرشانەش هۆكارەكەی ئەوەیە ئێمە لە ناوماڵی خۆمان لە كوردستاندا یەكڕیز و یەكگرتوو نین و لە شێوازێكی پەرتەوازەییداین، ئەمەش هۆكاری سەرەكیی ئەو غەدر و زوڵمانەیە كە دەرهەق بە كوردستان دەكرێن و جۆرێك لە دڵەڕاوكێی و بێزاری لە دەروونی هاووڵاتیاندا دروست كردووە.

لایەنێكی دیكەش كە لەم هێرش و دەستدرێژییانە تێبینی دەكرێت، ئەوەیە كە ڕاستە بە شێوەیەكی گشتی هەرێمی كوردستان بەئامانج گیراوە، بەڵام بە شێوەیەكی تایبەتی هەولێر وەك پایتەختی هەرێمی كوردستان بە ئامانج گیراوە، هۆكاری سەرەكییشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە هەولێر سەنتەری كونسووڵخانەی دەوڵەتان و نوێنەرایەتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و بازرگان و وەبەرهێنەران و كۆمپانیا بیانییەكانە، هەروەها هەموو دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان وەك پەرلەمان و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە هەولێرن، هەروەها لە ئێستادا هەولێر هەنگاوی زۆر باشی بەرەو پەرەپێدان و ئاوەدانكردنەوە هەڵگرتووە، توانراوە ئاسایش و ئارامییەكی زۆر باش دابین بكرێت، كە ئەمەش وای كردووە دوژمنانی هەرێمی كوردستان چاویان بەم ئاوەدانی و بەرەوپێشچوون و سەقامگیرییەی كوردستان هەڵنەیەت و بیانەوێت ئەو پێشكەوتنانە ڕابگرن و سەنتەری هەموو ئەم پێشكەوتن و ئاوەدانی و سەقامگیری و ئارامییەش هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستانە، بۆیە بەردەوام بە چەندین شێواز هێرش و دەستدرێژی دەكرێتە سەر و ئامانج لێی ئەوەیە كوردستان بە شێوەیەك لاواز بكەن، تا دەگاتە ئەوەی قەوارە سیاسییەكەی نەهێڵن.

لە دوماهیدا دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە، كە ئەم هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، لەسەر ئێمەی كریستیان چ كاریگەرییەكیان هەبووە، پێش هەموو شت، ئەم هێرش و دەستدرێژییانە كاریگەریان لەسەر هەر هاووڵاتییەكی كوردستان هەبووە و جۆرێك لە ترسی بڵاو كردووەتەوە لە كۆمەڵگەدا، بۆ ئێمەی كریستانیش كە هەرێمی كوردستان تەنیا شوێنە لە ناوچەكە بتوانین بە ئازادی و ئارامی و دڵنیایی تێیدا بژین، ئەگەر ئەم سەقامگیری و ئارامییەی كوردستان تێك بچێت، ئەوا دەبێت لەم وڵاتە كۆچ بكەین. سەرنج بدەن، ئەوە دوو جارە ئێران بە مووشەكی بالیستیكی هێرش دەكاتە سەر ماڵی دوو بازرگان و سەرمایەداری كوردستان، كە یەكەمیان بەئامانجگرتنی ماڵی شێخ باز بوو، ئەوەی ئەمجارەش بە ئامانجگرتنی ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی بوو، ئەم دوو هێرشە كە تیایدا سەرمایەدار و بازرگانەكانی كوردستان بە ئامانج گیراون، وای كردووە ترس بكەوێتە سەر ژیانی بازرگان و سەرمایەدارەكانی ئەم وڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆكاری ئەوەی بازرگان و وەبەرهێنەرانی دیكەی ناوخۆش هەست بە مەترسی بكەن و لەمەش زیاتر كۆمپانیا و بارزگان و سەرمایەداری بیانییش نەوێرن بێنە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان بكەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ترس لەسەر ئەو پێكەوە ژیان و ئاشتەوایی برایانەی هەرێمی كوردستانیش دروست دەكات. بۆیە جارێكی دی دووبارەی دەكەمەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكەمەوە، كە ئەگەر هەوڵ نەدەین یەكگرتوو بین، ناتوانین بەرپەرچی ئەم هەموو تەحەددییانە بدەینەوە.

 

Top