د.عەبدوڵڵا وەیسی سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان:   ئەم هێرش و دەستدرێژییانە، ترس و تۆقاندن لەناو دڵی هاووڵاتیان دروست دەكات، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە

د.عەبدوڵڵا وەیسی  سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلامی كوردستان:     ئەم هێرش و دەستدرێژییانە، ترس و تۆقاندن لەناو دڵی هاووڵاتیان دروست دەكات، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە

 

 

د.عەبدوڵڵا وەیسی، جیا لەوەی لە بنەماڵەیەكی ئایینپەروەری ناوداری كوردستان پەروەردە بووە و، خۆیشی یەكێكە لەو مەلا و زانا ئیسلامییانەی كە بە زانستی ئیسلامی پیرۆز خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلەكەمانی كردووە و، یەكێكە لەو زانایانەی ئایینی ئیسلام كە گیانی پێكەوە ژیان و برایەتی لەنێوان تەواوی ئایینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان قووڵتر كردووەتەوە و لە ناو مەكتەبی تەنفیزیی یەكێتیی زانایانی ئیسلامیی كوردستانیشدا، كاروبارەكانی بەو جۆرە ڕێك خستووەتەوە كە پاراستن و بەرگریكردن لە نیشتمان و كوردستان وەك ئەركێكی ئایینی لە قەڵەم بدرێت. لەم گفتوگۆیەدا «بەئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان و هۆكارەكانی»، زۆر بە لۆژیكانە لەبەر ڕۆشنایی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، هێرشكردنە سەر هاووڵاتیانی سڤیل و شەهیدكردنی ژن و منداڵی سەركۆنە كرد و چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی بەرزیشی بەمجۆرە خستە ڕوو.

 

بە ناوی خوای بەخشندە و میهرەبان

سازدانی ئەم گفتوگۆ ڕاشكاوانە و بەم ئاستە بەرزەی، ئەم بەڕێزانە بەشداری تێدا دەكەن، هەروەها ئەو ڕاپۆرتە مەیدانییەشی بۆ ئەم گفتوگۆیە ئامادە كراوە و ڕای خەڵكانی دەستەبژێرتان وەرگرتووە و ئێمە سەیرمان كرد، كارێكە جێگەی دەستخۆشییە كە دەبینین تا ڕاددەیەك هەموو خەڵكی كوردستان ئەو هێرش و دەستدرێژییانە بۆ سەر هەولێر و هەرێمی كوردستان ڕەت دەكەنەوە.

ئەم هێرش و دەستدرێژییانە كە تێیاندا هاووڵاتیانی سڤیل و ئافرەت و منداڵی بوونە قوربانی، پێش هەموو شت كارێكە دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە، هەروەها كارێكیشە دژی مرۆڤایەتی، لایەنێكیشی كە پەیوەندی بە سیاسەتەوە هەیە، من وەك مەلایەك زۆر شارەزای سیاسەت نیم، بەڵام وەك چاودێرێك هەوڵ دەدەم تیشك بخەمە سەر ئەم لایەنەش.

سەرەتا لەلایەنە ئاینی و مرۆڤایەتییەكەوە باسی دەكەم، لەو ڕۆژەوەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێران كراوەنەتە سەر ماڵی پێشڕەو دزەیی و ئەو خەڵكە مەدەنییانە و ژینای تەمەن 11 مانگ شەهید بوو، بەردەوام قسەم بۆ ڕاگەیاندنەكان كردووە و پێم لەسەر ئەوە داگرتووە، كە بە ئامانجگرتنی هەرێمی كوردستان 100% دژی بنەما سەرەكییەكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە. ئەوجا ئەو پەلامار و هێرشە نامرۆڤانەیە لە هەر لایەنێك و دەوڵەتێكەوە بێت، لەبەر ئەم هۆكارانە:

1- ئەم هێرش و دەستدرێژییانە، ترس و تۆقاندن لەناو دڵی هاووڵاتیان دروست دەكات، ئایینی پیرۆزی ئیسلامیش ئەوە ڕەت دەكاتەوە كە تۆ ئازاری هاووڵاتیەك بدەیت بە ڕێگەی ترس و تۆقاندن.

2- لە ڕووی دراوسێتییەوە، ئایینی پیرۆزی ئیسلام ڕێنماییمان دەكات، بە باشترین و جوانترین شێوە مامەڵە لەگەڵ دراوسێكانت بكەیت و نەبیتە هۆی مەترسی و زیان بۆ دراوسێكانت. لەم چوارچێوەیەدا ئێمە وەك هەرێمی كوردستان هەرگیز نەبووینە سەرچاوەی مەترسی و زیان بۆ دراوسێكانمان، هیچ نیەتێكیشمان نییە كە ئاسایش و سەقامگیریی دراوسێكانمان تێك بدەین. بەڵام بەداخەوە ئەوە دەوڵەتانی دراوسێی ئێمەن، دێن بێباكانە مووشەكبارانمان دەكەن و ماڵی هاووڵاتیانی سڤیل دەكەنە ئامانج وئافرەت و منداڵمان شەهید دەكەن.

3-    ئەمجۆرە هێرش و دەستدرێژییانە بنەمای پێكەوە ژیان و لێبوردەیی لەنێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكاندا ناهێڵێت. ئایینی پیرۆزی ئیسلام زۆر جەخت لەسەر پێكەوە ژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی نێوان نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان دەكاتەوە، بۆیە كاتێك ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەبنە مایەی ترس و دڵەڕاوكی لە ناخی هاووڵاتیانی بە ئایین و نەتەوە جیاوازەكانەوە. هەر بۆ نموونە لە دوایین هێرشی تیرۆریستیی كۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی شەهید پێشڕەو دزەیی، هاووڵاتیەكی كریستیانیش خوێنی لەگەڵ هاووڵاتییەكی كورد تێكەڵاو بوو، بۆیە لەم لایەنەشەوە ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بە ئامانجگرتنی ئەو پێكەوە ژیانە بەرزەیە كە ئێستا هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كوردستان شانازی پێوە دەكەن.

4-    ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دەبنە هۆكاری كوشتنی مرۆڤ، ئەمە لە كاتێكدا ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوامان لێدەكات ژیانی مرۆڤ بپارێزین، ئەوجا ئەو مرۆڤە موسڵمان بێت، یان غەیرە موسڵمان، بە دین بێت، یان بێ دین. لە ئایینی ئیسلامدا مرۆڤ بەڕێزترین بوونەوەرە لەسەر ئەم زەوییە. ئایینی ئیسلام سەیری مرۆڤ دەكات وەك مرۆڤ، نەك ئەو بیڕوباوەڕەی كە هەیەتی. بۆیە كاتێك بە مووشەكی بالیستیكی هەولێر بۆردومان دەكەن و منداڵێكی تەمەن 11 مانگ بە ناوی ژینا شەهید دەكەن، ئیتر ئەوە بێڕێزییە بەرانبەر مرۆڤ و دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

5- ئایینی پیرۆزی ئیسلام ئامۆژگاریمان دەكات بۆ ئەوەی ماڵ و سەروەت و سامان بپارێزین، بەڵام كاتێك سوپای پاسداران دێت و ماڵی دوو سەرمایەدار و بازرگانی گەورە دەكاتە ئامانج، ئەمە دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە سەرمایەدار و بازرگانەكانی دیكەش بترسن و نەوێرین بە سەرمایەكانیان لە كوردستان وەبەرهێنان بكەن و كوردستان ئاوەدان بكەنەوە، بە هێرشی درۆن فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی دەكەنە ئامانج، ئەوە ئیدی خەڵك دەترسێت بە ئازادی گەشت بكات، هێڵە ئاسمانییە جیاوازەكان دەترسن و گەشتەكانیان بۆ هەولێر هەڵدەوەشێننەوە، كە ئەمەش هەمووی زیاندانە لە ئابووری و بەهەدەردانی سامانی خەڵكە، بۆیە ئەمەش دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە.

6- پرسی نەسل «زاو و زێ» لە ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا زۆر گرنگی پێ دراوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ئەو درۆن و ڕۆكێتە بالیستیكییانەی هەولێریان پێ بۆمبباران دەكرێت، چ گەرەنتییەك هەیە كە ماددەیەكی كیماویان تێدا نەبێت و كاریگەری لەسەر زاو و زێ لە كوردستان نەبێت؟ یان ئەو درۆن و ڕۆكێتانە ترس و تۆقاندن لە ناخی هاووڵاتیان و منداڵەكانمان دروست دەكەن، ئایا ئەمە تاچەند كاریگەریی خراپی لەسەر پەروەردەی نەوەكانی داهاتوومان دەبێت؟ ئەمە دەرهاویشتەی زۆر مەترسیدارن و دژی بنەماكانی ئایینی پیرۆزی ئیسلامن.

لێرەوە ئەگەر چەند قسەیەكیش لەلایەنە سیاسییەكەی ئەم هێرش و دەستدرێژییانە بكەین، ڕاشكاوانە دەتوانین جەخت لەسەر ئەوە بكەینەوە، ئەم هێرش و دەستدرێژییانە دژی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و دژی پرسی كوردە لە هەموو ناوچەكەدا.

ئێمە بە درێژایی مێژوو تەسلیمی زوڵم و ستەمكاری ڕژێمە یەك لە دوایەكەكانی عێراق بەتایبەتی حكومەتی بەعس، نەبووینەتەوە و شۆڕش و خەباتمان كردووە، بۆ ئەوەی زوڵم و ستەمكاری لەسەر میللەتەكەمان نەمێنێت و لە نیشتمانی خۆماندا بە ئازادی و سەربەستی بژین، بەڵام ئەوەی بە دریژایی ئەم مێژووە بۆمان دەركەوتووە، ئەوەیە دەموچاوەكان گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، بەڵام ئەقڵییەتی ئەو دەستەبژێرەی حوكمڕانیی عێراقیان دەكەوێتە ئەستۆ، هەر وەك ئەقڵییەتی حوكمڕانانی پێشووە و بەرانبەر بە پرسی كوردستان و مافەكانی خەڵكی كوردستان هیچ گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە و بگرە لەوەی پێش خۆی خراپتر بووە.

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، ئومێدی ئێمە ئەوە بوو كە ئەقڵییەتێك حوكمڕانی عێراق بكات، كە بڕوای بە پێكەوە ژیان و مافەكانی بەرانبەری هەبێت. ئێمە كێشەی ئەوەمان لەگەڵ ڕژێمی بەعس هەبوو، كە بڕوای بە پێكەوە ژیان نەبوو و نكۆڵی لە مافەكانی خەڵكی كوردستان دەكات، ئێستا هەمان كێشەمان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتدارانە هەیە كە عێراق بەڕێوە دەبەن.

لە ناو دەستووری نوێی عێراق هەندێك لە مافەكانی گەلی كوردستان چەسپێندراوە و، بەرپرسانی بەغدا لە لێدوانەكانیان بۆ میدیا و ڕاگەیاندنەكان بانگەشەی ئەوە دەكەن، كە بە دەستوورەكە پابەند دەبن، بەڵام بە كردار دەستوورەكە پێشێل دەكەن و لە ڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە بڕیاری زۆر خراپیش دژی حكومەت و خەڵكی كوردستان دەردەكەن.

عێراقی دوای 2003 بڕیار بوو لەسەر بنەمای «هاوبەشی، پێكەوەسازان و هاوسەنگی» بونیاد بنرێتەوە، لە ئێستادا ئەم سێ بنەما سەرەكییە نەك هەر كاری بۆ نەكراوە، بەڵكو بڕواشیان پێی نەماوە و ڕەتی دەكەنەوە.

كێشەیەكی دیكەمان لەگەڵ ڕژێمی بەعس و سەدام ئەوە بوو، هاووڵاتیانی كوردستانیان وەك هاووڵاتی پلەیەك لە عێراقدا سەیر نەدەكرد، ئێستا ئەوانەی لە بەغدا حوكمڕانی دەكەن، بە هەمان تێڕوانین سەیری هاووڵاتیانی كوردستان دەكەن، بەڵام بە میكانیزمێكی دیكە.

من وای دەبینم، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی كوردستان ڕوودەدات، یان ئەو پەلامار و هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێتە سەری، یان ئەو بێباكیەی بەغدا كە بەئەنقەست ئەو هەموو سیاسەتە چەوتە دژی هەرێمی كوردستان پیادە دەكات، دەرهاویشتەی ئەو بارودۆخە ناجۆریە كە سەرهەڵدانی تیرۆریستی داعش وردە وردە بەدوای خۆیدا هێنا و بارودۆخێكی دروست كرد لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان نەبێت.

لە ساڵی 2014 كە داعش دوو لەسەر سێی خاكی عێراقی داگیر كرد، چەند كیلۆمەترێكی مابوو بگاتە بەغدا و داگیری بكات، بەڵام لەوێوە خۆی سووڕاند و پشتی لە بەغدا كرد و هێرشی كردە سەر هەرێمی كوردستان، زۆر ناوچەی كوردستانیان داگیر كرد، بە تایبەتی شنگال و دەشتی نەینەوا كە بە هۆیەوە خەڵكانێكی زۆر كۆمەڵكوژ كران و خەڵكانێكی زۆریش ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام پێش ئەم هێرشەی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی عێراق بە هەشت مانگ پێشتر بودجە و مووچەی حكومەت و خەڵكی كوردستانی بڕیبوو، نەك هەر لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش هاوكاری پێشمەرگەی نەكرد، وەك دەوڵەتێكی دراوسیش هاوكاری حكومەتی هەرێمی كوردستانی بە یەك دینار نەكرد، بۆ حەواندنەوەی ئەو هەموو ئاوارەیە كە نزیكەی دوو ملیۆن كەس بوون.

وێڕای هەموو قەیرانەكانی شەڕ و گەمارۆی ئابووری، هەرێمی كوردستان نەكەوت و بەرەوپێشەوە چوو، ئەم بەرەوپێشەوەچوونەی هەرێمی كوردستان، ڕق و كینەی نەیارانی كوردستانیان بەرانبەر ئەم قەوارە سیاسییە گەیشتووەتە ئەو ئاستەی كە نابێت هەرێمی كوردستان بە بەهێزی لەناو ئەو هاوكێشە تازەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونی هەبێت، كە بە هۆی شەڕی غەززە دروست بووە و عێراقیش لەناو ئەو هاوكێشەیە ئەڵقەیەكی لاوازە. بۆیە ئێستا دەیانەوێت ئەم بەهێزی و خۆڕاگرییەی هەرێمی كوردستان كە ڕێگەی نەداوە ببێتە بەشێك لە گرێدانەوەی هیلالی شیعی «بەیرووت، دیمەشق، هەولێر، تاران» بە ڕێگای زەمینی، لاواز بێت و ئەم ئامانجەیان بێننەدی.

ئێران، ئێستا هەژموونێكی گەورەی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق هەیە، بەڵام هەژموونی بەو ئاستە نییە لە هەرێمی كوردستاندا بەگشتی و لە هەر دوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بەتایبەتی، بۆیە دەیەوێت بە ڕێگەی ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی بۆ سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، هەژموونی خۆی بەسەر كوردستاندا فەرز بكات، ئەوجا پرسەكە لەو هێرشانەش زیاترە و ڕێگەی دیكەشی گرتووەتەبەر. من دڵنیام ئەو كێشە ئابوورییانەی لە ڕێگەی یاسای بودجە و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دروستی دەكەن، ڕاستە لەبەر چاوی دەزگاكانی ڕاگەیاندن وەك كێشەی نێوان هەرێم و بەغدا پیشان دەدرێت، بەڵام ئەمەش بەشێكە لەو شەڕەی ئێران دژی هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات و دەیەوێت لەم ڕێگایەوە هەژموونی لە هەرێمدا باڵادەست بێت.

باشترین چارەسەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو قەیرانەكان و ئەو هێرش و دەستدرێژییانەی دەكرێنە سەر هەرێمی كوردستان، یەكڕیزی و تابەیایی ناوخۆییە لەنێوان هێز و لایەنە كوردستانییەكاندا، دەبێت لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان بەتایبەتی قوربانی لە پێناوی هێنانەدی ئەم یەكڕیزییەی ناوماڵی كوردستان بدەن. ڕاستە پارتی هۆكاری ئەم پەرتەوازەییەی ناو ماڵی كوردستان نییە، بەڵام خەڵكی كوردستان بە درێژایی مێژوو چاویان لەوە بووە، جەنابی سەرۆك بارزانی هەموو كاتێك لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای كوردستان قوربانی داوە، ئێستا بەرژەوەندیی باڵای كوردستان پێویستی بە یەكڕیزی و تەبایی نێوان هێزە سیاسییەكان هەیە و خەڵك چاوەڕێی ئەوە دەكەن سەرۆك بارزانی بۆ ئەمەش قوربانی بدات.

هەروەها گرنگە ئێمە پێداچوونەوەیەك بكەین لەسەر ئاستی شێوازی سیاسەت و بەشداریكردنمان لەگەڵ حكومەتی بەغدا، ئێمە لە دوای 2003وە باس لە «هاوبەشی و پێكەوەسازان و هاوسەنگی» دەكەین، بەڵام ئەوە 20 ساڵە ئەم بنەمایانە بوونیان نییە، بۆیە گرنگە پێداچوونەوەیەك بە خۆماندا بكەین، بزانین بە چ شێوازێكی دیكە دەتوانین پەیوەندییەكانمان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمایەكی نوێ ڕێك بخەینەوە.

لە دوماهیدا جارێكی دیكە دەستخۆشی لە مامۆستایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم، كە بە درێژای مێژوو لەگەڵ نەهامەتی و كارەسات و ئازاری گەلەكەی خۆیاندا بوون، بەرگریكردن لە خەڵكی كوردستان بە ئەركێكی ئایینی دەزانن، لە ئیدانەكردنی ئەم هێرش و دەستدرێژییانەی كرانە سەر هەولێریش، ڕۆڵی دیار و بەرچاویان هەبوو كە جێگەی ڕێز و تەقدیرە.

 

Top